|
خودا لە سوڵتان گەورەترە
ئەڵێن دڵ لە بیری ئەچێت کە شکاوە ، بەڵام هەرگیز بیری ناچێت کێ شاکندوویەتی ،چونکە (مەڕ خۆی ئەزانێت ، بێچووی لە کوێدا گورگ خواردوویەتی) ، تەنها دڵ خۆی ئەزانێ لە کوێدا شکاوە و کێ شکاندوویەتی،
مرۆڤ کاتێک لوغمێک یان تەقەمەنیەکی پێدا دەتەقێتەوە ، چەند ساڵێک دوای ئەوە ئازارەکەی بیر دەچیتەوە ، بەڵام شێوەی لوغمەکە نا، هەندێک ئازار هەیە ، بەتەنها گریانی ناوێت ، مردنی ئەوێت ،ڕێک مردن.
مردن کۆمەکی چی ئەکات ؟ هیچ ئەستێرەیەک ناتوانێک بەبێ تاریکی بدرەوشێتەوە ، هەروەکو چۆن هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بە بێ ئازارێکی زۆر یان خەمێکی قوڵ بدرەوشێتەوە.
کێشەکە لە درەوشانەوەدا نییە ، کێشەکە ئەوەیە ، زۆریان فەرقە مەیلی دڵ و چەرخی ڕۆژگار.
...................
سەعدی چیرۆکێکی نازداری هەیە دەڵێت (هاوڕێییەکم هەبوو ، وەک دوو ناوکی بادەم وابووین لە پێستێکدا ، قسە و ڕازێکی زۆرمان هەبوو پێکەوە ، چەرخی ڕۆژگار لەیەکتری دابڕین ، دوای ماوەیەکی زۆر کە بینیمەوە، دەستی کرد بە گلەیی ،وتی ئەوە چ مرەوەتێک بوو لەگەڵ منت کرد ، بەبێ دەنگی ڕۆیشتیت و تەنانەت نامەیەکیشت بۆ نەناردم؟!
وتم :-(حەیفم لێهات ، نامەت بۆ بنووسم ، ئاخر چۆن ئەکرێ نامەبەر و قاصید بە دیدارت شاد بێت و من بێبەش بم لەبینینت)
ئەڵێن (هەندێکجار چاک بوونەوەی شتێک ، تەواو بوونەکەیەتی) ، حەیفە ئەو هەموو شتەی لەدڵدایە ، بیدەیتە دەست کیبۆرد و نامە و قەلەم و گلەیی، لێگەڕێ با تەواوت کات، خەمی ڕاستەقینە مرۆڤ بەگریان و هاوارت ناخات ، بەڵکو تەواوی دەکات.
لە ڕاستیدا ، دونیا دەروات هیچ کاتێکیش بەلایەوە گرنگ نییە تۆ حاڵت باشە یان خراپ ؟، بە بەرتەوە ماوە یان تەواو بوویت ؟
بەڵام کاتێک هەمووان دەڵێن تەواو یان مەحاڵە، خودا بە میهرەبانی خۆی دەڵێت ( سەیری دەسەڵاتی من بکە)
راستە ، هەندێک ئازار هەیە حەوت ڕۆحی هەیە نامرێ ، بەڵام خودا دەیگۆڕێ بەباشتر.
(لاتدری لعل اللە یحدث بعد ذلک امرا)
لەماوەی چرکەیەکدا ، هەموو شتێک دەگۆڕێت ، چونکە خودا بەندەکانی فێری نزایەک ناکات ، کە نیازی وەڵام دانەوەیانی نەبێت.
نوقتە سەری دێڕ...
..........................................
کورد ئەلێ (ترس نیوەی لەشکرە) نائومێدیش نیوەی مردنە ، دوێنێ دوو سەگی بریندار هەبوون بە کڵاشنیکۆف تەقەیان لێکردبوون ، لەناو خوێنی خۆیان ئەیانقروسکان ، کەسێکیش تەلەفۆنی کرد بۆ دوو دەبە نەوتی مالە هەتیوێک ،سەیری تەنکیەکی نەوتەکەمان کرد ، تەنکی چی ؟، مناڵێکی دووساڵان ئەیدا بە کۆڵیا ئەوەندە بەتاڵ بوو 😁، سەیری جزدانەکەم کرد سەنتی خوای تیا نەبوو ، وتم هەردووکی جێبەجێ بکەن من پارەی هەمووی ئەدەم ، ئێوارە لەناو مەراقدا ، دۆستێک تەلەفۆنی کرد ، وتی ئەمانەتێکم بۆ ناردوویت بۆ ئاژەڵی بێلانە و مالە هەژار.
ئازار هەیە ، بەڵام تەسلیم بوون نا ، خودا گەلێک لە جزدان و تەنکەر و قەڵەم و سوڵتانەکان گەورەترە.
هێمن عەبدولقادر
بهروار: 06/02/2026
41 جار خوێندراوهتهوه
|