ئیپستن ، یان شەمپانزی و بۆنۆ
نیتچە لە کتێبی (وەهای گوت زەردەشت) دا دەڵێت :-
زۆرینەی مرۆڤەکان پێیان ناخۆشە ، پێیان بڵێی تۆ لە سولالە و ڕشتەی مەیمووینت ، بەڵام تا هەنووکە بیرکردنەوەی بەشێکی زۆری مرۆڤەکان بستێک لە مەیموونی تێنەپەراندووە.

مرۆڤ بەهۆی شارستانییەتەوە لە غەریزە ڕاستەقینەکانی دابڕاوە و بووە بە ئاژەڵێکی ماڵییکراو و نەخۆش  ، ئاژەڵەکان بە گوێرەی سروشتی خۆیان دەژین ، بەڵام مرۆڤ خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت کە بوونەوەرێکی باڵایە لەکاتێکدا هێشتا بەدەست ڕق و کینە و بەغیڵیی و غەریزە و ترسەوە دەناڵێنێت ، کە ئەمانە هەموویان پاشماوەی ڕەچەڵکە ئاژەڵییەکانن.

تەنها لەبەر ئەوەی کە ئێمە خۆمان داپۆشیوە و جلوبەرگمان لەبەردایە مانای وا نییە  ئێمە لەسەروو ئەم گەردونەوەین.

لادانی (ئەخلاق)ی و سێکسی لەناو بڕێک لە ئاژەڵەکانیشدا هەیە ، بەڵام هیچیان بە ئەندازەی لادانی مرۆڤەکان ترسناک نین.

مەیموونی شەمپانزی ، یان بۆنۆ لە جلی پاشایەتیدا ، هیچ نییە جگە لە چیرۆکی ئیپستن و هاوشێوەکانی لە مێژوودا ، مرۆڤ تەنیا فێربووە بە شێوەیەکی مەدەنییانە دڕندە بێت. 

مەیموونێک کە هێرش یان دەزتدرێژی دەکاتە سەر یەکێکی تر، نایشارێتەوە. 
بەڵام لە سکانداڵەکەی ئیپستندا، ئەو کەسانەی تێوەگلاوون ، لە ڕۆژدا باسی مافەکانی مرۆڤ و ئەخلاقیان دەکەن ، و لە شەودا دەگەڕانەوە سەر ڕەچەتە مەیموونئامێزەکەیان. 

ئەمە یەکێکە لە نەخۆشییەکانی تری مرۆڤی شارستانی ، چونکە مرۆڤ تاکە ئاژەڵە کە شەرم لە سروشتی خۆی دەکات و دەیشارێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێ دەروونییەکان.

ئەمڕۆ لە جیهاندا نزیکەی ١٢ هەزار بۆمبی ئەتۆمی هەیە ، بەگوێرەی راپۆرتی (fas) نزیکەی ٩٥٨٥ دانەیان  ئامادەی بەکارهێنان لە کۆگا سەربازییەکاندا ، تەنها پێویستی بە چەند مەیموونێکی داپۆشراو هەیە بۆ ئەوەی ئەم هەسارەیە بە تەواوی لەناو بەرن لە کاتێکدا ئاژەڵەکان ناتوانن ئەم کارە هەرگیز بکەن ، 

بۆیە لێکدانەوەی ئەم بابەتە ، بە پێوەری ئەخلاقی و نائەخلاقی ، ئاینی و نائاینییەکان تەنها باسکردنێکی زۆر کورتە دەربارەی ئەو روداوانەی لە دونیادا روو دەدەن.

مرۆڤ بوونەورێکە پڕە لە گرێی دەروونی خەفەکراو ، تەنها شارستانی بوونی بەس نییە بۆ ئەوەی بڵێین جیهان لە ئارامیدا دەژی یان لە ئاژەڵەکان باڵاترن
هێمن عەبدولقادر
به‌روار:  04/02/2026
43   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   35
کۆی سه‌ردان:   31091181