قاڵبی زیوو بە 37 نیو
سیم کارتێکم هەیە ، بەناوی باوکمەوەیە ، ئوتومبیلێکم هەیە بەناوی هاوژینەکەمەوەیە ، لە خانوویەکدا ئەژیم ، هی براگەورەکەمە و بەناوی دایکمەوەیە ، یەک سانتیم ئەرز و ئاسمانی خودا بەناومەوە نییە ، لە یەک شتی ئەم وڵاتەش سوود مەند نەبووم ،  کەچی شەقام و درەخت و ئاژەڵ و مرۆڤ و خاک و ئاوەکەیم وەک بوونی خۆم خۆش دەوێت و دەیانپارێزم ، ئەو کاتانەی خەڵک دەخەمە پێکەنین خۆم لەو پەڕی دڵشکان و نیگەرانیدام .

گەردوون یاسای خۆی هەیە ، بەڵام هەرگیز چۆکم بۆ یاسای هیچ مرۆڤێک دانەداوە ، بەسەر بەرزی ژیام و بەسەربەرزیش دەمرم ، تەنها داوای لێبوردنێک لە منداڵ و خێزانەکەم قەرزارم ، کە چاوەروانی زیاتریان لە من هەبوو ، بەڵام نەمتوانی لەبەر خاتری ئەوان لەوە زیاتر خۆم ورد بکەمەوە .

ناوم لەناو هیچ لیستێکدا نەبوو ، نە لیستی کاندیدی ، نە لیستی معاشی زیادە ، نە لیستەکەی دورگەی ئیپستیان 😁، تەنها لیستێک کە ناویان تێکردم ، لیستی ئەو رێزو شانازییە بوو کە لەسەر جادە و لەناو خەڵک و لە چاوی ئەو ئاژەڵانەی کە دەورم دەدەن و  لێم ناترسن بەدەستهێنا ، هیچم نەبوو لەوە زیاتر بیبەخشم ، ببورن ئەوانەی لە منەوە هاتن و نەمتوانی شتێکی باشترتان بۆ بکەم .
.......................
وێنەی خۆم کە هەموو بەیانییەک هەڵئەستم و سەیری دونیا ئەکەم و ئەڵێم جەماعەت من وا ئەڕۆم کەس هیچی ناوێ  ، تەنانەت یەک دەنگیش نییە بپرسێ دانیشە جارێ بۆ کوێ ؟

گوێم لە هەموویان بوو زۆر سەرقاڵ بوون لەبەر دەم خۆیانەوە ئەیان وت زیو قاڵبی بە ٣٧ و نیو 😔
هێمن عەبدولقادر
به‌روار:  03/02/2026
30   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   9
کۆی سه‌ردان:   31089586