|
ئیرادەی کورد و ئیرادەی تۆم باراک
دەبێت ئەو ئیرادەیەمان هەبێت، بەشە گرنگەکانی بڕیاری سیاسی بەدەست خۆمانەوە بێت، نەوەک بەدەست تۆم باراک و کەسانی دیکەی وەک ئەوەوە. لەم ساتەدا گرنگترین شت ئەوەیە فاشیستەکان، ئەگەر خەڵکی خۆرهەڵاتن یان خۆرئاوا بەر دیوارێک بکەون کە ناوی ئیرادەی کوردبوونە، ئەگەر بەر ئەو دیوارە نەکەون ئەو جەنگە سەرتاسەرییەی دژی ئێمە ڕایانگەیاندوە بەردەوام دەبێت، بەڵام هێندەی تاقیانکردەوە ئەوە چ دیوارێکی ڕەق و سەختە، بەوە ئەگەر هەموو یارییەکەش نەگۆڕێت، بە دڵنیاییەوە مانای بوونمان وەک کورد لای خۆمان دەگۆڕێت، ئەو ڕۆحە شێواو و پەشۆکاوەی کورد کە چەندین ساڵە ئیشی بۆ دەکرێت تا ڕقی لە خۆی بێت و بچوک سەیری خۆی بکات، تینێکی بەهێزیی ئازادیی تێدەگەڕێتەوە. گەورەترین دەستکەوتێک ئێستا دەبێت بیپارێزین، بڕوابوونی مرۆڤی کوردە بە هێزی خۆی، بە عەقڵی خۆی، بە ئیرادەی خۆی. ئێمە ئێستا نوێنەری بەرە مرۆڤدۆستەکەی مێژووین کە بەرگری لە مافی ئازادیی و مافی ژن و مافی شوناس و مافی نەتەوە ژێردەستەکان دەکەین. بەرگری ڕۆژئاڤا بەرگری هێزە ژیاندۆستەکانی ناو مێژووە، بەرامبەر ڕەشەبای دڕندەیی و دواکەوتن و مەرگدۆستی.
لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاودەبێتەوە
بەختیار عەلی
بهروار: 24/01/2026
70 جار خوێندراوهتهوه
|