|
دۆستی ڕاستەقینە
هەژار موکریانی دەڵێت :- پیاو لە ژیانیدا دوو عومری لازمە (یەکێکیان بۆ کۆکردنەوەی تەجرەبە و ئەزموون) ئەویتریان (بۆ ئەوەی ئەزموونەکەی تیا بەکار بهێنێت کە کۆی کردۆتەوە) بەڵام لە بەدبەختی ژیان ئەوەیە مرۆڤ ناتوانێت لە یەکجار زیاتر بژی و ئەزموون بکات.
وەختێک سەرکردەی سوپایەک ، یان مرۆڤێک دەکەوێت و دەشکێت، هی بەهێزی دوژمنەکەی نییە ، بەڵکو هی ئەوەیە ، ئەوانەی کە متمانەی پێکردبوون ، ڕاست نەبوون لەگەڵی.
مرۆڤ لە ژیانیدا زۆرجار شان دەنێت بەشانی کەسە نزیکەکانیەوە ، لەگەڵیان نوێژ دەکات ، دەستیان دەگرێت هەڵدەپەرێت ، بۆ سەر سفرەی میوانیان دەچێت ، وا دەزانێت ئەوانە دۆستین.
بەڵام لەناکاو دەبینیت ئەوانە هەر لەسەرەتاوە دۆست نەبوون ، گورگێک بوون چاوەڕێی دەرفەتێک بوون کەڵبەیان لە ڕۆحت گیر بکەن.
مرۆڤ کاتێک دۆستەکانی دەبینێت ، لەپێش نەیارەکەی تەسلیم و سەرکزن ، خۆی لە پێش ئەوان دەشکێت ، بەڵام چاوەکانی پڕ دەبێت لە ئازار ی تەسلیم نەبوون.
مرۆڤ پاش چەشتنی هەزاران ئەزموونی تاڵ خۆ تازە چۆن دەتوانێت بە چیرۆکی ژیاندا بگەرێتەوە، مەگەر هەر ئەوەی لە چاوەکانییەوە گوزارشت ، لە خەنجەری دۆستەکانی بکات.
..............................
لەژیانی تایبەتی خۆمدا حەزم بە تاریف و پیاهەڵدانی هیچ کەسێک نەبووە پێم وایە ژیری مرۆڤ زۆر لەوە زیاترە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیاو کەسێکدا خۆی قەتیس بدات ، وەلێ گەلێک جار لە دلەوە فرمێسکم بۆ ئەوانە رشتووە کە گەلە کۆمەکێیان لێکراوە و بەتەنها ماونەتەوە جا سەر بە هەر ڕەنگ و ئاین و نەتەوەیەک بووبن .
ئەوانەی کە لەکاتی شادی و خۆشیدا ا بەشان و باڵی خەڵکدا هەڵدەدەن مەسەلەکە یان دوو دینارە ، یان پۆست و پلە و پایەیە ، بەڵام ئەوانەی کە لەکاتی تەنهایدا لەگەڵت دەمیننەوە ، دۆستی ڕاستەقینەن.
لە تاکتیکدا ، دۆستایەتی ڕاستەقینە ، هەمیشە بەرامبەر فێڵبازی دۆستەکانت دەیدۆڕێنێت ، بەڵام لە ئەخلاقدا شەو چەند درێژ بێت رۆژ دەبێتەوە ، دونیا چەند ناروون بێت تەم هەر دەرەوێتەوە و وانەیەک بۆ ئەوانی تر جێدەهێڵیت ، کە گشت دۆستەکانت جێگەی متمانە نین.
هێمن عەبدولقادر
بهروار: 24/01/2026
80 جار خوێندراوهتهوه
|