|
ئیلکا یاکۆلا 🇫🇮😪 ئەو پیاوەی بە بەلەم لە ئیستۆنیاوە 17 کوردی ڕزگار کرد
ڕۆژی 2025.12.7 دۆست و خەباتکاری کوردایەتی
" ئیلیکا یاکۆلا" ی فینلەندی بە نەخۆشی دڵ لە تەمەنی 71 ساڵی کۆچی دوایی کرد.
ئەم پیاوە مەزنە لە کۆڕەوی 1991 ەوە بۆتە دۆستی ڕاستەقینەی گەلی کورد و سەردانی باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا ی کردووە.
مالمۆکورد ئەم چیرۆکەی " ئەنوەری ڕەشەی عەوڵا" ی شاعیر و نووسەری هەڵبژاردووە کە خۆی هەم لە هێلسنکی دەژی و هەم جوامێریی ئەم دۆستە فینلەندیەی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە:
بۆ مەرگی ناوادەی مرۆڤێکی رۆح بڵند
ئیلکا یاکۆڵلا ILKKA JAAKKOLA
سەرەتای ساڵی نەوەدی سەدەی پێشوو، ڕێک (٢٥/٧/١٩٩١) بەهرۆز حەسەنی هاوڕێم لەگەڵ خۆیدا بردمی و، لە وێستگەیەکی دیکەی رۆژگارە بەژار و ژەنگەکانی ئەم ژینە بێژییەدا بوو، گێژەڵوکەی زەمانە… فیتنە و ئافاتەکانی سیاسەت… دەردودوی رەشهەڵاتی ناوەڕاست، بە وێنەی گەڵای وەریوو لە کوچەکانی مەنفادا، سەرگەردان و وێڵگەرد پەرت و پەرشوبڵاوی کردینەوە.
لەو دەمساتەدا… دیوەودەر و دیوەوناوەوە، هەتا دوا مەرزی نائومێدیی، بێسەروشوێن کەوتبووینە بەردەمی تێکشکانی یەکبەدوایەک… بەڵێ لە وەحشەتێکی بێئامانی ئاوهادا بوو «ئیلکا یاکۆڵلا» شەفەقێک بوو لە دەر و دەروازەی شەوەزەنگێکدا بە موعجیزە بۆ ئێمە هەڵات، بووە دارعەسای دەست و بەردەباز و فریادڕەسمان.
لە بەراییدا… کۆمەکی ماددیی و پۆشاک و جلوبەرگی بۆ دابین کردین، وەک کاراکتەرێکی سەرشناس ئەوەی پێیکراو و لە تواناییدا بوو دەنگ و حاڵ و ئەحواڵی بە کون و کەلەبەری ئاژانسەکانی ئەوروپا و ئەسکەندەنافیاش گەیاند . پشتیوانییەکی گەورە و بێحەددی بۆ بەرقەرار کردین.
دوای فشارێکی زۆر بۆ سەر دەوڵەت، ئەوەبوو: پەرلەمانی فینلاند بڕیاریدا ئەوەی خانەوادەبێ قبوڵیان بکەن و یەکەندەروو مافی پەنابەری سیاسیشیان پێبدەن… لە کاتێکدا ئێمە چەند مانگێک دەبوو لەوێندەر جڵەوگیر و چەقیبووین لەو کۆنە زیندانییەی (مانیکۆ) - (تالین/ ئیستونیا) داڵدەی ئەو خانەوادانەشماندا. کەچی ئەوەی ڕەبەن و زگورتی بوو بێ پارە و پوڵ تەنها باڵ و هەتیوو مانەوە.
سەرەنجام ئیلکا ئەو بڕیارەی وڵاتەکەی بە بیرۆکراتی(paperland/زەمینی کاغەزین) ناوبرد و بە ئاڵنگارییەوە، بە وێنەی ژەنەڕاڵێکی لێزان دەم و دەست هێندەی نەبرد، ئەو بگرە و بەردەیەی لەگەڵ هاوڕێیەکی( ناخودا/ کاپتن) کاڵلێ؛ بە جۆرێکی تر چارە کرد، بەلەمێکیان بۆ تالین هێنا.
نیوەشەو هەر هەڤدە نەفەرەکەیان سەرخستین، بە ڕێی قاچاخی دەریای بەڵتیکدا، بە سەلامەتی دوور لە چاوی پۆلیسی دوو وڵات ، بۆ سەر خاکی فینلاندیان گەیاندین.
پاشان سەرپشکی کردین کێ دەمێنێتەوە، با خۆی تەسلیم بکات (بێ ئەوەی ناویان بهێنین و وردەکاری گەیشتنەکەمان روون بکەینەوە).
ئەوەبوو زۆرینە بڕیاریاندا بچن بەرەو سوید و دانیمارک، ئەوەی پارەی پێنەبوو، بلیتی کەشتی بۆ کڕین و رەوانەی کردن.
دوای ئەوەی هەموو شتێک چووە جێگەی خۆی و دڵنیابوو هەرکەس گەیشتۆتە ئەو وڵاتەی خۆی نیازی بووە، خۆیان چوون لەسەر تەلەفزیۆن و ددانیان بەوەدا نا: «ڕاستە ئەوکارەی ئەوان کردویانە و پێی هەستاون نایاسایی بووە، بەڵام نائینسانی نەبووە».
منیش بۆ ڕێزلێنان بۆ گیانفیدایی و شکۆ و بەخشندەیی و دڵبڵندی ئیلکا و هاوڕێکەی بڕیارمدا لە فینلاند بمێنمەوە… ئەگین لە سوریاوە بە نیازی بەریتانیا بووم.
ئیدی دواجار ژیان سەفەرە و لەبەرە…!
ئەکاونتی ئیلکا یاکۆلا لە X
https://x.com/ilkkaj
بهروار: 14/12/2025
67 جار خوێندراوهتهوه
|