|
لە قوربانیــیەوە بۆ حەسحەسی ماڵ!
پەنابەری کۆن و نوێ🇳🇴
نزیك ٢٣ ســاڵە لە نەرویج دەژیم. هاتنم بۆ ئەم وڵاتە بە دەســتی خۆم نەبوو و ڕاســتییەکەشی حەزیشم پێینەبوو. لە تورکیــا و لە رێگەی (UNHCR)ـەوە وەك پەنابەر وەرگیراین و دواتریش بەبێ ڕەزامەندی خۆمـــان درایــنە وڵاتی نەرویج. کاتێکیش ڕۆژی چاوپێکەوتنیـــان لە سەفارەتی نەرویج لە ئەستانبوڵ بۆ دیاری کرا، پێویستم بە موتەرجیم نەبوو، چونکە خۆم ئینگلیزییەکی باشم دەزانی و کابرای سەفارەتیش کە پیاوێکی بە تەمەنی سەرسپی بوو پاش چاوپێکەوتنەکە ووتی کوڕم تۆ هەر بۆ نەرویج دروست کراویت. زەردەخەنەیەکی ڕازیبوونم بۆ کرد و هاتینەدەرەوە.
نەرویج بۆ من، زۆر نامۆ نەبوو، مەبەستم ڕووە فەرهەنگیەکەیەتی. بەهاکانی یەکســانی و قبوڵکردن و ئازادییە جۆراوجۆرەکان بۆ کەســێکی کۆمۆنیستی وەك من کە هەموو ژیـــانم لە کوردســتان بۆ پرسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئازادی و یەکسانی تەرخان کردبوو لەو شتە نامۆ و عەجیبــانە نەبوو کە دەبێ کار بکەم لەسەریــان و خۆمی لەگەڵ ڕا بهێنم.
هەر زوو هەوڵی زمانم دا و تا گەیـــاندمە کۆرسی زانکۆ و دوای سێ ساڵیش لە "کۆمۆنی ئۆسلۆ- سۆشیال و کار" ئیشێکی کەمم دەست کەوت و ووردە ووردە ئیشەکەم زیادی کرد و ئەوە نزیك بیست ســاڵە وەك (بەڕێوەبەری کەیس) کار دەکەم. تا توانیبێتم لە کارەکەم دڵسۆزیم پیشــان داوە، چ بۆ کارەکەم و چ بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکانەی ڕۆژانە ڕوومان تێدەکەن. بە حوکمی ئەوەی زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و شتێك تورکی دەزانم لەگەڵ زۆرێك لە کورد و عەرەبی عێراقی و سوری و لوبنانی ئەردەنی و فەلەستینی و فارسزمانەکانی ئێران و ئەفغانستان و... پەیوەندیم هەیە و بە یەك چاو سەیری هەموویان دەکەم و رێز لە هەموان دەگرم تا لە دەستیشم هاتبێت یارمەتیم ئەوانەم داوە پێویستیان بە یارمەتی من بووە.
هیچ کاتێك خۆم پێبەرزتر یان نزمتر نەبووە لە هیــچ کەســـێك و چۆن لە خۆمم ڕوانییوە، ئاواش لە وانی دی جا لە هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتیدا بووبێتن.
بەڵام لە ماوەی ئەم بیست و سێ ســاڵە لە نەرویج سەرنجم داوە کە "هەندێك" لە وانەی وەكو من بە پەنابەر هاتوون و جێی خۆیـــان کردۆتەوە، بۆ نموونە کاریان هەیە، خانوویان کڕیوە و پێگەیەکیــان بۆ خۆیـان داناوە، بە تایبەتی نەوەی یەکەم، ووردە ووردە دابڕانێك دروست دەکەن لە نێوان خۆیـــان و ئەوانەی وا لەو دەچن، جا چ هاووڵاتی یەك وڵات و یەك زمــان بن یان دروسێ وڵات و دراوسێ زمانی بن. بە تایــبەتی لە کاتی هاتنی کەســانی نوێی هەمان وڵاتی ئەو یان زمانی ئەو بۆ نەرویج. کەم نیــن ئەوانەی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگـــییەکانی وڵاتی نەرویج دەسوون بە لاملی هەمـــان ئەو پەنابەرە نوێــیانەدا. پارادۆکسە قورسەکە لێرەدایە کە خۆت لە جەنگ و هەژاری و چەوسانەوە هەڵهاتبێیت و ئێســتاش ببیــتە سەرسەختترین ڕەخنەگرانی پەنابەری نوێ تا ئاســتی سوینی قەیرانە ئابووری و پشێوییە کۆمەڵایەتییەکان بە لاملی ئەوانەی کە تازە هاتوون.
ئەم گۆڕانکارییە، نەك هەر ڕەنگدانەوەی دابڕانێکە لە هۆشیاری بەکۆمەڵدا بەڵکو کارەساتێکی وجودی ڕاستینەش ئاشکرا دەکات. تۆ کاتێك لە پرۆسەیەکی ئیندیماجدا، خۆت وەك "کەســێکی قبوڵکراو" لە کۆمەڵگەی نوێــدا هەست پێدەکەیت، بە بێ ئەوەی درك بەوە بکەیت، تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆت وەك مەرجی مانەوە حســاب دەکەیت. لەم سیاقەدا تێکستەکەی سارتەر کە دەڵێت، "دۆزەخ ئەوانی ترە"، رەنگە باشترین ئیقتیباس بێت بۆ ئەم دۆخە بشــێت. "ئەوانی تر" نەك لەبەر ئەوەی خراپن، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆمانمان وەبیر دەهێــننەوە، ئەوان هاتوون و بە "فەرهەنگێکی نزم" بۆ وێنەیەك دەمانگێڕنەوە کە ئێمە دەمێکە بەجێمان هێشتووە و ئێستا ناچارین کە بەرگری لێبکەین. بەم شێوەیە، تۆیەکی پەنابەری ئاسمیلەکراو ناچاریت "شایستەیی" خۆت بۆ مانەوە، لە ڕێی ڕەتکردنەوەی "ئەوی دیکەی نوێ" بسەلمێنیت. شەڕێك لە نێوان تۆی "هاوڵاتی باش" و ئەوی دی موسوڵمان و خاوەن فەرهەنگێکی "نزم" کە "بارگرانییە" یان "کێشەدارە" و "مەترسییە بۆفەرهەنگی کۆمەڵایەتی". لێرەدایە خودی قوربانی دەگۆڕدرێت بۆ ستەمکارێکی بچووك، نەك لەبەر ئەوەی کە خۆی حەزی لێیە ئەم وێــنەیە خراپە لە خۆی بدات بەڵکو بە پێچەوانەوە دەترسێت. ڕقبوون لە وی دی تا ئاستی ڕاسیزم جۆرێکە لە ترس، ترس لەوەی کە پێگەی خۆ لە بەهەشتی ئەوروپا پرسیاری بێــتە سەر و ناچار بکرێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆزەخەی کە لێیهەڵاتووە. دۆزەخ بۆ ئەو، شوێنێکی دەرەکی نییە، بەڵکو ململانێیەکی ناوخۆییە لە نێوان یادەوەریی هەڵهاتن و ئارەزووی توانەوەدا.
نموونەیەکی بەرجەســتە کە پەیوەندی بەهەمـــان ئەم باسەوە هەیە. ئێرانییە فارسزمانەکانن. زۆربەی ئەمـــانە بە گەیشتنیان بۆ ئەم وڵاتە دەستدەکەن بە گۆڕینی ئایــینەکەیان وەك جۆرێك دابڕان لە ژیـــانی پێشوویان کە لە ژێر ســایەی ڕژێمی ئیسلامی سەرکوتگەردا هەیانبووە. بەشێك لەمانە کە ڕۆژێك لە رۆژان لە چەوساندنەوە یان هەڕەشە هەڵهاتوون، تەنیا بە ئیندیماج ڕازی نابن بەڵکو دەتوێــنەوە و تایبەتمەندییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە و شوناسییەکانی خۆیـــان بە تەواوەتی لە دەست دەدەن. ئەوان خۆیان بە نەرویجیتر لە خودی نەرویجییەکان دادەنێن و بە حەماسێکی ئایدیۆلۆژی زیاترەوە بەرگری لە بەها لیبراڵەکانی ڕۆژئاوا دەکەن. ئەم زێدە توانەوەیە لە کۆمەڵگەی نەرویجیدا بۆ ئەمـــانە، کار دەکاتە سەر هەســتێکی خۆبەزلزانیــن بە تایبەتی بۆ شەپۆلە نوێیەکانی کۆچبەری، بەتایبەتتر ئەوانەی لە "وڵاتە ئیسلامییەکانەوە" هەڵدێن و لە نەرویج دەگیرســێنەوە. ئەم کۆچبەرە تازانە لای ئەمـــان، "دواکەوتوو"، "پیاوسالار" یان "دژە ژن و دژە زانست" ناوزەد دەکرێن.
لێرەدا ناتوانین ئەم دیاردەیە لە داینامیکیەتی "دانپیـــانان"ی هیگڵی یان، چەمکی "نیگا"ی سارتەر جیا بکەینەوە. پەنابەری پێشوو کاتێك لەلایەن کۆمەڵگەی میواندارەوە دانی پێدا دەنرێت، ئەو ئیتر ئەم دانپێدانانە وەك "مافێکی مرۆیی" نابینێت، بەڵکو وەك دەستکەوتێکی وجودیی دەیبینێت کە دەبێت بە هەر نرخێك بێت بەرگری لێبکات. پەنابەری نوێ، بە کولتوورەکەی، بە جلوبەرگەکەی، بە زمانەکەی، دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەم پێگە ئیمتیازدارە، چونکە یەکەم؛ ئەوەی وە بیر دەهێــنێتەوە کە ئەمیش ڕۆژێك لە ڕۆژان "وەك ئەوان بووە" و دووەم؛ وەك هەڕەشەیەك دەیبیــنێت بۆ دانپیانانێك کە ئەم وەریگرتووە و گەرەنتی نییە و دەکرێت لە هەر پرســیارێکی "ئینتیمای ڕاستەقینە" لە دەستی بدات. بەم شێوەیە پەنابەرە نوێــیەکە دەکاتە قوربانیــیەکی ڕەمزی بۆ بەردەوامی مانەوە لە "بەهەشتی نەرویج".
ئەم جۆرە توانەوەیە لە کۆمەڵگەی نوێــدا کە وا لە کەسێك وا بکات توانای هاوسۆزی لەگەڵ ئەو کەسانەدا لەدەست بدات کە ڕۆژێك لە ڕۆژان وەك ئەو بوون، ڕەنگدانەوەی سەرکەوتوویی نییە لە خۆگونجاندن و پرۆسەی ئیندماجدا، بەڵکو مایەی شکستهێنانە لە بنیاتنانی شوناسێکی دووانەیی یان فرە شوناسییەکی ڕەنگاوڕەنگ. ئەم ئاسـمیلەبوونە دیوارێکی زیــــادە دروست دەکات و بەشدارە لە قەڵەوکردنی گوتاری ڕاستڕەویی و فاشیستیانە و لە ئەگەری بەهێزبوونی ئەم بزووتنەوە ڕاســتانەدا ئەو کات پەنابەری کۆن و نوێ بە یەك چاو سەیر دەکرێن و بە یەك چاو ڕقباران دەکرێن.
عومەر خەتات
ئۆسڵۆ
بهروار: 24/11/2025
100 جار خوێندراوهتهوه
|