ئەو ڕۆژەی بۆ " مام عەبدولموتەلیب" گریام
ساڵی " 1977- 1978"

ماڵمان بەرامبەر مزگەووتی سەیوانی دووەم بوو لە برایم پاشا و مێرمناڵێکی نوێژکەری مزگەوتەکە بووم و زۆربەی نوێژکەرەکانی گەڕەک دەیان ناسیم ، چونکە  خزمەتی مزگەوتەکەم دەکرد ، لە بەردەستی پیاوە گەورەکان.

ڕۆژێک پیاوێکی پیری گۆچان بەدەستی چاویلکە چاو  لای ماڵی خۆمانەوە ، ووتی:
کوڕەکەم دەمبەیت بۆ مزگەوتی سەیوان، و لەگەڵیدا چووم ، ئەو دەیویست " شەهید مەلا عیسام" ی ئیمام ببینێت، بەڵام مامۆستا نەهاتبوو، مەلا کەریمی مجەور لەوێ بوو.

لە حەوشەی مزگەوت بە سێ قۆڵی دانیشتن، و  قسەی بۆ مەلا کەریم کردو ووتی:
من عەبدولموتەلیبی عەرەبانچیم و کەوتە گێڕانەوەی ئێش و ئازارەکانی بەدەست مناڵ و بووکەکانی .

باسی زۆر شێوازی ئازاردان و بێزارکردن و دەرکردنی کرد لە ماڵە کوڕدا و ووتی:
زۆر جار ئاو دەکەنە ژێر دۆشەکەکەم ، بەڵام هیچ شوێنێک نیە بۆی بڕۆم.
من بەدیاریەوە دەستم کرد بە گریان.

لەو کاتەدا پیاوێک هاتە مزگەوت و سەیرێکی منی کرد و لە مەلا کەریمی پرسی:
ئەو مناڵە بۆ دەگری؟
مەلا کەریم ووتی: بۆ ئەو پیاوە پیرە دەیانەوێت دەری بکەن لە ماڵی کوڕەکانی.

ئیمشەو لە ناخی خۆمدا گەڕامەوە بۆ ئەو چیرۆکە و ئێستا کە دەیگێڕمەوە دەگریم و خوا شاهیدە فرمێسک بە چاومە دێتە خوارەوە.

کەم شت هەیە وەکو گریان ئاسوودەم بکات، بۆ هەموو شتێک دەگریم و بە تایبەت گریانی شەو.
زۆر جار دەڵێم گەر نوکتە نەبوایە کە لە دڵەوە دەمانخاتە پێکەنین ، ڕەنگە خەفەت و گریان نەشیکوشتینایە شێتی تەواو شێتی دەکردین.

مەرگ و مردن زۆر دەمگرینێت بەڵام  بۆ دیمەنی هەژاری مرۆڤ لە هەموو کارەساتێ زیاتر دەگریم.

لە نێتا زۆر گەڕام بە شوێن وێنەیەکی مەلا کەریمی مجەوەر نەمدۆزیەوە.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
به‌روار:  31/08/2025
92   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   38
کۆی سه‌ردان:   30676217