ئەمریکا🇺🇸ژمارەیەک تانکی مۆدێرنی پێشکەوتوو دەباتە ڕۆژئاوای کوردستان
ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری پێشهاتەکانی نێو سوریا دەکات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمەریکا بە شێوەیەکی بێ وێنە تانکی پێشکەوتووی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای سوریا کە بە ڕۆژئاوا ناسراوە، گواستووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژی چوارشەممەی ڕاوانگەکە، فڕۆکەکانی گواستنەوەی ئەمەریکا ڕۆیشتوونەتە بنکەی ئاسمانی خەراب ئەلجیر لە حەسەکە و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو، لە نێویاندا سیستەمی ڕاداریان گواستووەتەوە بۆ ناوچەکە و هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو هێزی سەربازیشیان لەو بنکەیە جێگیرکردووە
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات 50 بارهەڵگری دیکەش کەرەستەی سەربازی و لۆجستیش لە هەرێمی کوردستانەوە رۆیشتوونەتە ڕۆژئاوا و دەڵێت هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی ئەمەریکا چاودێری کاروانەکەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بنکەی خراب ئەلجیر کردووە بۆ ئەوەی بەپارێزراوی بگاتە ئەو بنکەیە.
دامەزراوەی ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە هەروەها نووسیویەتی "15 بارهەڵگری سووتەمەنی و بارهەڵگرەکانی تری مۆرکراو گواستراونەتەوە بۆ بنکەی قەسرۆک لە پارێزگای حەسەکە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە تورکیا بە چری لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها دەسەڵاتی نوێی سوریاش لەگەڵ خۆی بخات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکان لە ڕۆژئاوا.
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە دوای دیداری لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتیی سوریا، جەختی لە پێویستی هاوکاری ستراتیژیی نێوان تورکیا و سوریا کردەوە بە مەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئاسایشی ناوچەیی.
سەرۆکی تورکیا وتی "ئەنکەرە پاڵپشتی حکوومەتی سوریا بە پێویست دەزانێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکانی داعش و هێزە کوردییەکان.
هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا کە سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، لەئێستادا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەمەریکان دژی هێزەکانی داعش و کۆنتڕۆڵی ئەو کەمپ و زیندانانە دەکەن کە ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان تێیدایە.
دەنگی کوردی ئەمریکا
بهروار: 05/02/2025
120 جار خوێندراوهتهوه
|