کە سویدمان کرد بە ئیسلامی دەچین بۆ نەرویج.
بۆ خاتوو ئینگر  پێشکەشە.

ساڵی 1999 کاتی پشکنینی پزیشکیم هەبوو لە ڤۆردسەنتڕاڵی ڕۆسنگۆرد، پرسیارێکم هەبوو سویدیم هیچ نەدەزانی.
پیاوێک بە جزداشەیەک و ڕیشێکی درێژەوە هات و بە عەرەبی پێم ووت : دەتوانیت یارمەتیم بدەیت.؟
ناشرین وەڵامی دامەوە و کە زانی تەریق بوومەوە، هاتەوە بۆ لام و ووتی:
بە هەڵە تێمەگە من ناچار نەبم ، بە زمانی ئەم بەرازانە قسە ناکەم.
دواتر ئەو پیاوەم لە هەندێ شوێن بینەوە ، ژنەکەی سویدیە و ئیقامەکەی لەسەر ژنەکەی وەرگرتووە.

پێش ساڵانێک لە ئەکشونێکی مالمۆ کابڵێکی داتام لە فرۆشیارێکی میسری کڕی و ڕێک کەوتین گەر نەبوو ، بۆی بەرمەوە.
کە بردمەوە وەرینەدەگرتەوە و پێم ووت :ئێرە سویدە، هەموو شتێک گرەنتی هەیە،،کە وام ووت شێت بوو لێم و خەریک زوو پەلامارم بدات.
ووتی: ئەو سەگانە چیە باسیان دەکەیت، تۆ فەخر بە ووڵاتی خۆتەوە بکە.

شوفێرێکی کوردی مالمۆ بۆی گێڕامەوە:
لەو کاتەی خۆپیشاندانەکانی مالمۆ بوو ، کە پەباره ئیسلامیەکان  دەیان ئوتومبێلی پۆلیس و خەڵکیان دەسووتاند ، پیاوێکی سویدیم سوار کرد، کە زانی سەر ڕەشم ووتی
لەگەڵ پەنابەرێک قسەم کردووە و ووتویەتی : سوید دەکەین بە ووڵاتێکی ئیسلامی.
منیش پێم ووتووە: ئێوە لە ووڵاتە ئیسلامیەکانی خۆتان ڕاتان کردووە و هاتوون بۆ سوید، کە ئێرەتان کرد بە ئیسلامی بۆ کوێ ڕادەکەن.

ئەم سویدە کە ئازادی ئاینەکان تەواو هەیە و دەوڵەت دەیان مزگەوت و کۆمەڵەی بۆ کردوونەتەوە و ملیۆنان کرۆنیان بۆ خەرج دەکات ، ئیتر سوید چی ترتان دەوێت بیکات؟

چەند ڕۆژێکی کەمی پێش ئێستا نوسیمان:
پاش کوشتنی " سەلوان مۆمیکا" دەموچاوی پەنابەری ئیسلامی لە سوید و ئەوروپا و جیهان ڕەش دەبێت، کۆمەڵکوژیەکەی دوێنێی شاری ئۆریبرۆ کە " 11" خوێندکاری پەنابەری ئیسلامی تیا کوژرا ، یەکەم پەرچەکرداری  توندوتیژی ئێمەی ئیسلامە لە سوید.
لە هەموو کارێکی تیرۆر و توندوتیژی ئیسلامی سیاسی " هەموو پەنابەر" ێکی ئیسلامی زیان دەکات جا " ئەهلی مزگەوت بیت" یان نا لە چاوی ڕاستیستێکی سویدیدا هەر یەکە.

ساڵانی دوو هەزارەکان لە ئاهەنگێکی خێزانی لە هۆڵی ڕۆسنگۆرد بووین.
من ووتم: ئاهەنگەکە تێر و پڕ کراوە.
خزمێکمان کە هاتبووە سەر مێزەکەی ئێمە ووتی:
جا مامۆستا لەم سویدە ئاهەنگ تێر وپڕ نەکرێت مەگەر بچین بۆ نەرویج.

ئەرێ داعشەکانی سوید لە پێشدا بچنەوە مەملەکەتی ئیسلامی بکەن بە ئیمپراتۆرێک لە ئاسیا باشتر نیە دوایی بێنەوە بۆ ئەوروپا.

کۆتایی بە قسەیەکی هاوڕێیەکم کۆتایی پێدەهێنین کە مانگی ڕابردوو بە تەلەفۆن کردی و ساڵی 1998  لە کەمپی لاکسۆ یەکترمان ناسی و لە شاری ئۆریبرۆ دەژی و موسڵمانێکی نوێژکەر و خواپەرست و ئەهلی جەماعەتی مزگەوتی ئۆریبرۆیه و ناوی کاک " ح.م" و خەڵکی شاری هەولێرە و ووتی:
کاک شێرزاد ئەگەر بڵێن بەهەشتت دەوێ یان ئۆریبرۆ ، دەڵێم ئۆریبرۆ.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ

وێنەکە ساڵی 1998
لەگەڵ خاتوو ئینگرە کە بەرپرسی دۆسیەی پەنابەریم بوو له کەمپی لاکسۆ .
زۆرمان کرد بۆ کوردستان و  دەسەڵاتی کوردی هەموومانی ئاوارە کرد.
خوایه لەگەڵ ئەم سویدیانە حەشرم بکە جا ئەوان بچنە بەهەشت یان نا!!
به‌روار:  05/02/2025
68   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   263
کۆی سه‌ردان:   30485543