بۆ سەدام حەڵاڵە و ئیسرائیل حەرام؟

ساڵی 1998لەکەمپ بووین، دوو سێ کورد و فەلەستینیەک بوو بە برادەرمان ، و زۆر جار پێکەوە بووین.
ئێمە زۆر باسی هاودەردی کورد و فەلەستینیمان  بۆ دەکرد.
ئەو کاتە مافی پەنابەری بۆ فەلەستینی ڕاگیرا، ڕۆژێک ئەو برادەرەمان هات و ووتی مان دەگرین   ئێوەش وەرن لەگەڵمان؟
کورد کێشەی مافی پەنابەری نەبوو، ئێمە نەچووین.
بۆ ئێوارەکەی بە بەردەممان دەهات و هاواری دەکرد: سەدام دەرمانی مێشی کردووە بە هەڵەبجە.

ساڵی 2003 کاتێ ئەمریکا پەلاماری ئێراقی دا بۆ ڕووخانی ئێراق، لە کۆرشێکی ئێوارانی زمانی سویدی بووین لە قوتابخانەی ڕۆسنگۆرد.
ژمارەیەکی زۆری ئێراقی و کەمێک کوردیش هەبوون، چەند فەلەستینیەک لە پاوسەکان بە دەنگی بەرز گۆرانی و هەلهەلەیان بۆ " ئەبو عودەی " دەکێشا.
من لەگەڵ یەک دوانێکیان کەوتمە گفتوگۆ و باسێ " سەلاحەدینی ئەیوبی و قودس" م بۆ کردن، وەریان نەدەگرت.
هەندێ شیعەی ئێراقی کە لە پۆلێکدا بووین ، ئامۆژگاریان کردم " خۆمیان لێ لابدەم" دەنا تووشی شەڕ دەبم.

یەکێک لەو فەلەستینیانە لەنزیک ماڵی ئێمەوە دەژیا و هەندێ ئێوارە پێکەوە دەگەڕاینەوە و جارێک لێم پرسی: سەدامتان زۆر خۆش دەوێت، دەزانی چ دیکتاتۆر و پیاو کوژێکە؟
وەڵامێکی جوانی دامەوە  و ووتی:
سەدام بۆ ئێمە زۆر باش بووە و هەموو مافێکی ئێراقی داوە بە هەر فەلەستینیەک کە لە ئێراق بووین، ئیتر چۆن خۆشمان ناوێت.

ساڵی 2020  کوڕێکی لیبیم لەگەڵدا بوو لێم پرسی " دەڵێن مەعمەر قەزافی باش بووە وایە؟"
ووتی : نەخێر ، ئێوە باسی سەدام دەکەن، چەند خوێندەوار و بڕوانامەی پلە بەرزتان هەیە، قەزافی نەیدەهێشت خەڵکی لیبیا خوێندەوار بن، ئیتر من وەکو فەلەستینیەکەم نەکرد و هیچم نەوت.

لە ئەنفالی کوردی باشوور 1988، هەموو جیهانی ئیسلام قوڕو قەپیان کرد بەرامبەر خوێنی کورد نا، بەرامبەر ڕووخاندنی هەزاران گوند و سووتانی قورئانیش.
ڕووسیا و چین نەک قوڕ و قەپ بەرگریشیان لە ڕژێمی بەعس دەکرد، چونکە بەرژەوەندی گەورەیان لەگەڵیدا هەبوو.

دەوڵەتی تور.ک  بە ئاشکرا دژایەتی کورد دەکات و نایشارێتەوە لەسەر مانگیش " چادرێکی کورد" یان پەسەند نیە.
لە ئێستادا جۆلانی بە جەندرمەی  خۆی دەزانێ و هەموو شتێک دەکات بۆ ڕووخانی " ئیدارەی خۆسەری" لە ڕۆژئاوای کوردستان و چاوەڕوانی ئۆکەی ئەمریکایه.

ئیسرائیل پاش " تۆفانی ئەقسا"  بیر لە سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر کورد و کەمینەکانی دراوسێی دەکاتەوە و ، 
دۆخی نوێی سوریا بەدڵی ئیسرائیل نیە و نایەوێت حکومەتێکی ئیسلامی تێکەڵە " لە کۆنە داعش و  قاعیدە " دراوسێی بێت.

گەر ئیسرائیل بۆ کاتێکی دیاریکراویش بتوانێت ڕۆژئاوای کوردستان لە هێرشی تۆرانیانەی ئەرد.ۆ.گا.ن بپارێزت ،  دیاری خوا نەبێت چیە؟

کێشەی غەزە گەر کێشەی موسڵمانانی جیهان بێت جارێک ،دوو جار کێشەی ووڵاتە عەرەبیەکانە.
جارێک " سەلاحەدینی ئەیوبی کوردی" قودسی  بۆ وەرگرتوونەتەوە و با جارێک 22  ووڵاتە عەرەبیەکەی خۆشیان بۆیان وەربگرێتەوە.
گەر فەلەستین " سەدان ملیۆن عەرەب و موسڵمان" دۆستیانە ، لە کورد بێکەس تر چ نەتەوەیەکی جیهانە.
بەرژەوندیەکانی ئیمڕۆ " ڕۆژئاوا و ئیسرائیل" دەکات بە دۆست هەزار جار پیرۆزه نەک جارێک.

سعودیە کە مەرجەعی ئەهلی سونە و قیبلەی  هەموو موسڵمانی جیهانە ، چاوەڕوانی ئەم شەڕەی غەزەیه ، دەنا وەکو زۆربەی ووڵاتە عەرەبیە موسڵمانەکان پەیوەندیەکانی ئاشکرا دەکات و باڵوێزخانە ئاڵوگۆڕ دەکەن.

هەر ئیسلامیەکی کورد " وەکو تاک یان حیزب" خۆی لە سعودی و عەرەب موسڵمانتر بزانێت ، یەغنیشە بە هەموو لۆژیکێک.

پێشینان جوانیان فەرمووە " تاڵ ماڵ وەستا بێ مزگەوت حەرامە".

شێرزاد عەزیز
 مالمۆ

وێنەکە خۆپیشاندانێکی چەند ساڵ پێش ئێستایە لەبەردەم باڵوێزخانەی تور.ک لە کۆپنهاگن
به‌روار:  05/02/2025
73   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   221
کۆی سه‌ردان:   30485339