هەڵمەتی قورئان سووتاندن” لە پەراوێزی کوژرانی سەلوان مۆمیکادا!

لە سەردەمێکدا دەژین، جڵەوی ڕووداوەکان لەدەستی خەڵکێکی پەڕگیر و توندڕەودایە. خەڵکێک بە چاویلکەیەکی ئایدیۆلۆجی یان پاڵنەری دیکەوە دەیانەوێت ژیانی گروپە مرۆییەکان بخەنە مەترسی و ناو ئاشی ململانێیەکی ئایدیۆلۆجی شێتانە. ململانێیەک بە درێژایی مێژوو سەلمێندراوە کە بەهیچ کوێیەک ناگات.

لەمێژ نییە کەسێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا، کە لە سوێد دەژیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوت و سووتاندنی قورئانی ڕاگەیاند. ئەم کردارەی چەند جارێک دووبارە کردەوە، بە شێوازێک کە بووە هۆی نیگەرانی و وروژاندنی موسوڵمانەکان. مۆتیڤ و پاڵنەرەکانی سەلوان مۆمیکا هەرچی بووبن، بەدڵنیایی هەر کارێک ببێتە هۆی وروژاندن و نیگەرانی خەڵک سەرکۆنە کراوە.
سەلوان بەر لەوەی بچێتە سوید، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان ئەندام بووە لە حەشدی شەعبی، واتە کەسێک بووە سەر بە میلیشا ئێرانییەکان. بۆی هەیە پاڵنەرەکان زۆر بن، بەڵام پاشخانی ئەو کەسە زۆر شتمان پێ دەڵێت. ئەوەی کە هیچمان پێناڵێت ئەوانەن کە دەکەونە ناو کاردانەوەی هەمەجۆر و لەقوڵایی ئەو یارییە تێناگەن.
سەرەڕای ئەو کارە ناجوورەی سەلوان مۆمیکا و پەیامە گوماناوییەکانی، ئایا کوشتن چارەسەرە؟ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، دوا بەرهەمی ئەقڵ و ئەزموونی کۆمەڵگەی مرۆییە کە پێیگەیشتووە. یەکێکیش لەو بنەمایانە ئازادی ڕادەربڕینە. ئایا ئەوەی سەلوان کردی، ئازادی ڕادەربڕینە؟
بەدڵنیایی ئازادی ڕادەربڕین بەر لەهەموو شتێک بەرپرسیارێتییە. بەڵام ئایا ئەگەر کەسێک ئەو سنوورەی بەرپرسیارێتی نەپاراست دەبێت بکوژرێت؟ بەپێی بنەمایەکی قورئانی کوشتنی مرۆڤەکان بەهەر تۆمەتێک بێت، کارێکی ناڕەوایە. بۆیە، شارستانیترین ڕێگە بۆ هەر جۆرێک لە سووکایەتیکردن پەنابردنە بۆ دادگە. دادگە ڕێگەی گونجاو بۆ ئەو جۆرە لادانانە دەدۆزێتەوە.
جگە لەوەش، کتێبێک کە بە هیی خودا دەناسرێت، پێویستی بەوەیە خەڵکی لەسەر بکوژرێت؟ کتێبێک کە تەنها بریتییە لە کاغەز و مەرەکەب، ئایا دەتواندرێت مانا و مەغزاکانی ئەو کتێبە بسووتنێندرێن؟ بەدڵنیایی نەخێر. ئەوەی کە پێی وایە شەڕ بۆ خوا دەکات، مانای وایە ئەو خودایە دەستەوەستانە لە بەرگریکردن لەخۆی یا لە کتێبەکەی. کە ئەمەش پێچەوانەی هەموو ئەو دەق و تێکستانەیە کە لە قورئاندا هەن.
مێژووی ئەو جۆرە ململانێیە کۆنە بەقەد کۆنیی مرۆڤایەتی. لە هەموو شارستانییەت و لەناو هەموو ئایینەکانیش لە سەردەمی جیاوازدا ئەو جۆرە بگرە و بێنەیە هەبووە. بەڵام مرۆڤایەتی پەیتا پەیتا ئەو جۆرە توندوتیژییەی بەجێهێشتووە و چارەسەری گونجاوتری بۆ ئەو جۆرە ئاریشانە داناون. پەنابردن بۆ کوشتن و تۆڵەکردنەوە یەکێکە لە ئامرازە کۆن و کۆمەڵگە سەرەتاییەکان. هیچ پاساوێک نییە بۆ کوشتنی مرۆڤ، چونکە دەیان ڕێگەی دیکە هەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو.
گرنگە مرۆڤەکان ئەزموون لە ڕووداوەکانی ڕابردوو وەربگرن. کاتێک سەلمان ڕوشدی کتێبەکەی نووسی، فەتوای کوشتنی بۆ دەرکرا. سەلمان ڕوشدی بەو فەتوایە بەناوبانگ بوو، ئەگینا کەس نەیدەناسی. لە مێژووشدا هەر وابووە. لای خۆمان لە هەشتاکان مەلایەکان لەسەر مینبەر پەلاماری عەبدولخالق مەعرووفیان دا لەسەر بیروڕایەک کە زۆرێک لە مەلای دیکە پێیان وابوو عەبدولخالق مەعرووف هیچی هەڵەی نەگوتووە. لەکۆتاییدا دەنگی بەرزی هەندێک لەو مەلایانە بوو بە پاساو بۆ کوژرانی کەسێکی بلیمەتی کۆمەڵگەی ئێمە لەلایەن داگیرکەرەوە. ئێستاش ئەو پیاوە لە دڵی هەزاران کورد هەر زیندووە. هەرچەندە کارەکەی عەبدولخالق مەعرووف و سەلوان بەراورد ناکرێن، نموونەکان تەنها بۆ ئاماژەن نەک بۆ بەراوردکردن.
  
بەهۆکاری خاڵی حەوتەم، سەلوان مۆمیکایەک کوژرا، بەڵام بەو کوژرانە دەیان سەلوانیان قیت کردنەوە. بەو هۆیەوە “ڕۆژی 30/1ی هەموو ساڵێک کرا بە ڕۆژی قورئان سووتاندن”.
ئینجا بەپێی هەندێک سەرچاوەی تۆڕی ئێکس کە لەبەردەستمدا هەن لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە هەزار دانە قورئان سووتێندراون و بەدەیان ڤیدیۆی سووتاندنی قورئان تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی تەنیون.
تا ئێستا ژمارەی قورئانە سووتاوەکان گەیشتووەتە یەک ملیۆن قورئان.
هەروەها بەزۆر شێوازی جیاواز سووکایەتی بە قورئان کراوە، وەکوو هاوسۆزییەک بەرانبەر بە کوژرانی سەلوان مۆمیکا. لە یەکێک لە ڤیدیۆکان دوو سەگ بە پێکانیان لەسەر قورئان دێن و دەچن و بەدەمیش هەڵیدەدڕن.
لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کچێکی باڵاپۆش قورئان ماچ دەکات و ئاگری تێبەردەدا.
زۆرێک ئەوانەی لەو ڤیدیۆیانەدا قورئان دەسووتێنن هەڵگری ناوی عەرەبی ئیسلامیین، یەکێکییان ناوێکە و باوکی ناوی محەمەدە.
بە سەدان کەس ڤیدیۆکانی سەلوان مۆمیکایان داناونەتەوە.
دوێنێ 1ی مانگی شوبات لە لەندەن و لە خۆپیشاندانێکدا بەهەزاران کەس سەرکۆنەی کوشتنی سەلوانیان کرد.
لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا کچێک بەناوی ئیمتیاز مەحموود یا ئارا ئەمریکان دەڵێت “قورئان دەسووتێنم وەکوو پشتیوانییەک بۆ سەلوان مۆمیکا و تۆمی ڕۆبسۆن. من ئامادەم قوربانی بە ژیانی خۆم بدەم بۆ سەرکۆنەکردنی ئیسلام و بەرگریکردن لە پیرۆزی و بەهاکانی ئازادی و ڕۆژئاوا. ئەوان جەنگیان دەویست، ئێستا کاتی جەنگە”.
لە پۆستێکی دیکەدا کچێکی موسوڵمان دەڵێت “باوەڕم وا نییە قورئان بەکەڵکی من بێت وەکوو ژنێک”، لەو کاتەشدا قورئان دەسووتێنێت. ئەمە و دەیان ڤیدیۆی دیکەدا، ئەگەر یەکێک مەبەستی بێت بەئاسانی لە تۆڕی ئێکسدا دەیانبینێت.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە لێگەڕابان سەلوان مۆمیکا دادگەیی بکرێت و بۆخۆشی دەنگوسەدای کپ بکرێت و بکەوێتە ناو ژیانی پەراوێزی خۆی، یاخود بکرێت بە پاڵەوان؟ یا بەو جۆرە بە هەزاران کەس نمایشی قورئان سووتاندن بکەن؟
ئەم شەڕە سیمبۆلیکە دونیای ئێمە وێران دەکات، چونکە شەڕێک نییە لەسەر ئاستی فیکر و زانست و فەلسەفە، شەڕێکی وێرانکەرە و تەنها مرۆڤە پەراوێزخراو و پەڕگیرەکان بارتەقای ئەو جۆرە شەڕە دێن. لەو شەڕەدا مرۆڤبوون پاشەکشە دەکات و ئایدیۆلۆجیاکان دونیای ئارامی مرۆڤایەتی پڕ دەکەن لە ژاوەژاو. ڕێگەدان بەو پەڕگیرانە، وەکوو کونکردنی کەشتییەکە و هەمووان لەگەڵ خۆیدا نقوم دەکات. کردگار پێویستی بەو شەڕە نییە. پێویستی بە نوێنەریش نییە. ئەوانەی بەناوی ئەوەوە شەڕ دەکەن نە لای ئەو هاتوونەتەوە، نە ڕێگەشی پێداون، نە لە ڕژاندنی خوێنی مرۆڤێکیش دەبوردرێن.

لەکۆتاییدا، کپکردنی هەموو دەنگ و هێزێکی شەڕانگێز و ناڕەوا خزمەت بەهەموو گروپە کۆمەڵایەتی و بەهەموو مرۆڤایەتی دەکات. پێویستە پەیامی هەمووان ئاشتی و بەیەکەوە هەڵکردن بێت. لەدەرەوەی ئەو لۆژیکە، لەسەر هەموومانە سەرکۆنەی هەموو جۆرە پەنابردنێک بۆ توندوتیژی بکەین، هیچ پانتاییەکیش بۆ هیچ سووکایەتییەک بە هیچ گروپ و بیروباوەڕێک نەهێڵدرێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ شتێکیش لەدەرەوەی ڕەخنەی زانستی و شرۆڤەکردن نییە.

 

ئیبراهیم سدیق مەلا زاده

لەندەن

به‌روار:  03/02/2025
108   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   286
کۆی سه‌ردان:   30481861