مامۆستاش پێشمەرگەیە
بۆ گیانی مامۆستا ئەنوەر پێشکەشە
ڕۆژنامەنووسێک لە سەرۆکوەزیرانی یابان دەپرسێت :
هۆکاری پێشکەوتنی یابان بەو خێراییە چیە؟
ئەویش دەڵێت:
ئێمە پەڕتووکمان لە بری چەک کرد بە هاوڕێ،
زانست و مۆڕاڵمان کرد بە هێزی خۆمان و مووچەی مامۆستامان وەک وەزیر لێکرد و حەسانەی دپلۆماسیمان دانێ و شکۆی ئیمپراتۆرمان بەخشی بە مامۆستاکانمان..
xxxxx
ساڵی 1992 "مامۆستا ئەنوەر سەرسپی" م لە خوێندگای عەلی بۆسکانی ناسی، کە تەتبیقی مامۆستاییم لێکرد.
دۆستایەتیمان بەردەوام بوو ، دوا جار بووە کڕیاری دوکانی باوکم کە شتی بۆ حانوتی قوتابخانە دەکڕی.
لە ئەسیناش ماوەیەک لە کەمپی پەندەلی پێکەوە بووین.
ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕامەوە:
ڕۆژێک مامۆستایەکی عەلی بۆسکانی تەنیا " یەک دینار" ی پاسەکەی پێ دەبێت و سواری پاسی بەختیاری دەبێت.
لای بەنزیخانە کۆنەکەی عەقاری شوفێرەکە پاسەکە ڕادەگرێت و دەڵێ:
نەفەرێک پارەی نەداوە، ناڕۆم تا نەیدۆزنەوە.
مامۆستاکە دادەبەزێت و بە پێ دەڕواتەوە.
ئەو مامۆستایەمان دەناسی ، ڕۆژێکی عارفە ڕێکەوتمان کرد و پێمان ووت:
مامۆستا گەر ئیمڕۆ کەسێ باری دارایی باشە و کەسێکی تر خراپە، مانای پیاوەتی نیه، ڕۆژێک دەبێت ئەمیان موحتاجی ئەوی تریان بێت.
ئەمە ژیانە و بە عەزەڵات نیه.
من مەمنوون دەبم ئەم 200 دینارەم لێوەربگری بۆ جەژن.
ئەو زۆری ئینکاری کرد و من بە پاڕانەوە زۆرتر ئینکارم کرد و ووتم:
ئەمە قەرز نیە ، بەڵام هەر کاتێک کە وەزع گۆڕا بۆم بهێنەرەوە.
بە نابەدڵی و شەرمەوە وەریگرت.
یەکەم ڕۆژی دوای جەژن هاتەوە بەر دوکان و ووتی:
زۆر سوپاس ئەوە پارەکەیە.
سوێند بە خوا ئەو پارەیە بوو کە عارفە لێی وەرگرتم.
دەڵێن : لە هەندێک ووڵاتا پاشا تاجەکەی تەنیا لە ڕۆژی مامۆستا دادەگرێت، بەڵام ئەم دەسەڵاتە کوردیە بەعەقڵی شاخ و موختار و ئەنجومەنی گوند دەبینێ و نەک نرخی مامۆستا نازانێت ، بەڵکو بە برسیکردنی لە شکۆ و شەهامەتی مامۆستا دەدات و هەموو شتێک لە مەفرەزە و پێشمەرگەدا دەبینێتەوە ، نازانێت تەباشیرەکەی مامۆستاش هەر کڵاشینکۆفە .
کۆمەڵگای دروست و پێشکەوتو لەسەر دەستی مامۆستای تێر و ڕێزلێگیراو دروست دەبێت.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
بهروار: 03/02/2025
30 جار خوێندراوهتهوه
|