باوکم جوانترین پەڕتوکی ژیانم
کۆچی دوایی 2007.10.27

مفاوەزاتی ساڵی 1984 یەکەمجار بە قەمسەڵەیەکی مغاویری و " مەکاریۆ.فێکەوە" چووم بۆ دوکانی باوکم له ئەسحابەسپی.
باوکم لە نوێژ بوو ، دەڕابەکەی دادابوەوە و ، دەڕابەکەم کردەوە و لەسەر کورسیەک لەبەردەم دوکان دانیشتم.
خزمان و دۆستێکی زۆر هاتن ماچیان دەکردم، ئەو کاتە " پێش.مەرگە" زۆر خۆشەویست بوو.
کە باوکم گەڕایەوە و له دورەوە پێی ووتم:
هەڵسە لێرە بڕۆ و جارێکی تریش بەم جلانەوە مەیە بەر دوکان، ڕۆژێک دێت حکومەت کونا و کون بۆمان دەگەڕێ.
ئەو کاتە ماوەیەکی زۆریش بوو ، یەکترمان نەدی بوو.
دوو ساڵی پێ نەچوو یەکەم وەکالەتی تایە و پاتری ، وەکالەتی باوکم بوو لە سلێمانی  کە بەعس بڕی.
بژێوی خێزانێکی 10  کەسی لەسەر ئەو وەکالەتە بوو.
باوکم پیاوێکی دووربین و هیوای لەسەر خەیاڵ هەڵنەدەچنی .

هەندێک لە ئامۆژگاریەکانی بۆ ئێمه:
ئەیووت شکوری خوا بکەن کە نانێک هەیە بیخۆین، خەڵک هەیه لە ئێمە پیاوترە ئەم نانەی نیە.

سەیری سەروو خۆتان مەکەن لە خوار ئێوە خەڵکی داماو زۆره.

لەو کەسە بترسە کە زۆر مەدحت دەکات.
خوا بۆیە دوو چاوی داوە بە مرۆڤ یەکێکیانی بۆ عەیبی خۆی داناوە پێی ببینێت.

ئەگەر لە چاکە کردن بیت نابێ چاوەڕێی چاکە بکەیت بێتە بەردەمت، دەبێ خۆت شوێن چاکە کردن بکەویت.

 بەیانیان زوو هەڵدەستا قورئانی دەخوێند و موسڵمانێکی باوەڕدار بوو ، هەمیشە دەیووت جولەکە و مەسیحی باوەڕدارن و ئەوانیش وەکو موسڵمان بە دینی خۆیان عەبدی خوان.

لە پشت هەموو مەلایەکەوە نوێژی نەدەکرد، بە تایبەت ئەوانەی بۆنی حکومەتیان لێدەهات.

هەمیشە لەگێڕانەوەی نسکۆکانی شۆڕشی کورد ، یان چیرۆکی تراژیدی دەگریا.

نوکتەی زۆر هەبوو لەسەر ڕەزیڵی و،  حەزی بە پیاوی غرور نەبوو و بە بێ عەقڵی دەزانی و دەیووت سکی خۆیان پڕ لە هەوا کردووە.

یەکجاریش نەمانبیستووە بە چاکە باسی خۆی کردبێ، لە کاتێکا زۆر چیڕۆکی باشی ئەویان بۆ گێڕاوینەتەوە، تەنها دەیووت:
لە هیچ شوێنێک کە ووتوتانە کوڕی " حاجی عەزیز" ین کەس باسی خراپەی منی بۆ کردوون؟

لە پڕ تەمەنی خۆیدا مرد، گەرچی کەسمان لە پرسەکەی نەبووین بە هیمەتی خزمە جوان و دڵسۆزەکانمان پرسەیەکی چاکیان بۆ گرتووە، و بێ ئێمەیی پێوە دیار نەبووە،  بەڵام بۆ من کەسەری ئەوە هەر لە دڵمدایە لەکاتی ڕۆح کێشاندا لەگەڵی نەبووم.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ
به‌روار:  24/10/2024
150   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   560
کۆی سه‌ردان:   30335156