کاک حەمە شەریفی وێڵەیەر

کاک حەمە
جوامێرێک و  خانەخوێیەکی  میوان دۆست 
 .
ئێوارەیەکی ساڵی 79 کە بەنیازی پێشمەرگایەتی لە ڕێی قڕگەوە چوومە وێڵەیەر و لەبەردەم مزگەوتەکەدا دانیشتم ، تا کەسێک بمباتەوە ماڵەوە.
پیاوێکی باڵابەرز فەرمووی لێکردم و لەگەڵ خۆیدا بردمیە ماڵەوە.
دادە ئەختەر و جەزا وشەهید ڕەزا وخووشکەکان بە ڕوویەکی خۆش و بەگەرمی بەخێرهاتنیان کردم.
شەوێک بوو پیاو هەستی دەکرد لە ماڵی خۆیدایە و گەرچی زۆر شەرمن بووم، بەڵام میهرەبانی ئەم خانەوەدایە وای کرد کە هەم تێر بخۆم و هەمیش ئاسوودەبم لەو ماڵە.
کاتێ "کاک حەمە شەریف"  هەستی کرد بەنیازی پێشمەرگایەتی بۆ شارباژێر دەچم ، لەدڵە و زۆر بەجدی فەرمووی:
 ئێرە ماڵی باوکتە و تۆش کوڕی ئەم ماڵەیەیت، بۆیە حەز دەکەم شەش مانگێ لامان بمێنیتەوە و مەڕۆ بەهیچ لایەکدا.
ئەو کات" حەمە جەزا" ی کوڕە گەورەیان لە سلێمانی دەیخوێند  و شەو من و شەهید ڕەزا پێکەوە خەوتین.
ئەو ساڵانه نزیکەی دەجار بە پێ لە سلێمانیەوە دەچووم بۆ شارباژێر و وەریان نەدەگرتم.
ماڵی کاک حەمە شەریف و دادە ئەختەری ڕەحمەتی بۆ من ماڵێک بوو ، کە پێوویستی بەوە نەدەکرد لەبەردەم  مزگەوتەکەدا چاوەڕوانی کەس بکەم.
هەموو جارێکیش  کە بێ شەرم  لەدەرگاکەم دەدا ، کچە بچکۆلەکەیان ڕای دەکرد و دەیووت : 
کاک شێرزاد هاتۆتەوە.
جار بەجار ئەو خانەوەدایە گەرمتر و گەرمتر باوەشی خۆشەویستی و  خوڵقی  گەرمی سفرەی نانی پڕ چێژی  جووتیارانەیان دەکردم. 
وەکو کوڕی خۆیان لەماڵەوە بەڕۆژ بەجێیان دەهێشتم و هەستم دەکرد لەماڵی باوکی خۆمم.
لەسلێمانی " حەمە جەزا" م دۆزیەوە کە لە دارو تەڵەبەی برایم پاشا بوو و ماڵی خۆمان پیشان دا و سەردانم دەکرد.
ساڵی 982 کە بۆ مەفرەزەی شاری سلێمانی هاتینه وێڵەیەر بوومەوە میوانیان و بەزۆر قەناعەتم بە 
" حەمە جەزا"  کرد کە نەیەت و  دەیووت منیش لەگەڵتان دێم بۆ ناو شار.
چەندین جاری تریش خەڵکی ترم بردۆتە ماڵیان و شەو میوانیان بووین و بە سەخاوەتەوە بەڕێیان کردووین.
ئێوارەیەکی درەنگی زستانی ساڵی 981 یش کە خۆم کرد بە ماڵیان، خواردنی ساوەریان هەبوو، کاک حەمە شەریف زۆری پێناخۆش بوو . گەرچی زۆرم هاوار کرد من حەزم لە ساوەرەو بە ئێستاشەوە خواردنێکی خۆشە لام، بەڵام ئەو قەناعەتی نەکرد و کەوێکی ماڵی هەبوو لەقەفەس " زۆریشم پێ ناخۆش بوو" بەڵام بۆی سەربڕیم و بە پشکۆی زۆپاکە بۆی برژاندم.
جارێکیش چیرۆکی " وو" ناوێکی بۆ گێڕامەوە  کە فیرارێکی نەناس و نەدیوو ، ساڵ زیاتر لەماڵی خۆیدا و بێ بەرامبەر خزمەتی کردووە.
پاش ڕاپەڕین شەوێکیان  شەو لای خەوتین کە ماڵەکەیان لەسەروو دارۆغاوە بوو.


ساڵی 2013 یە لە گەڕانەوە "  حەمە جەزام " بینی و بەیادی کەوە برژاوەکەی وێڵەیەرەوە ، کەوێکمان کردە دیاری.


جوامێری و سەخاوەت و باوەشی گەرمی ئەم خێزانە جوانە لە یاد ناچنەوە، کە هەمیشە بە ڕووی گەش و میهرەبانی و لەدڵەوە میوانیان لە ئامێز‌ دەگرت و سفرەی نانی حەڵاڵی جووتیاری خۆیان لەگەڵ بەش دەکردی و شەوانیش بەدەم چا خواردنەوە چیرۆکی هەمەڕەنگی ژیانی گووند و باسی شەهید "خولەی حەمە جان"ٓ ی ئامۆزای یان  پەلاماری گوورگ و شوانی خۆی بۆ دەگێڕامەوە.
ڕەوانی کاک"  حەمە شەریف و دادە ئەختەر و شەهید ڕەزاْ"  شاد و گۆڕیان چراخان و ئەمشەویان لە هەموو شەوێک خۆشتر بێ.


ئیمڕۆ2024.10.9 لەگەڵ " کاک حەمە  جەزا" بە ئوتومبێلی خۆی چووینە ناو " گوندی وێڵەیەر" و لەگەڵ " کاک جەزا" یەکی تر بە گوندەکە گەڕاین و لە بەرسێبەری مزگەوتەکە زۆر بیرەوەی کۆنمان پێکەوە گێڕایەوە.
ساڵی 1983 " حەمە جەزا" م بینیەوە لە شارباژێر، کە پێشمەرگە بوو لە تیپی 33 سلێمانی
پاشان بە دوو قۆڵی چووینە سەر گۆڕی " کاک حەمە شەریف".


سوپاس بۆ کاک حەمە جەزا کە ماندوو بوو لەگەڵمان.

وێنەکان لەم لینکەدایە

به‌روار:  10/10/2024
177   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   611
کۆی سه‌ردان:   30050215