ئاربی جیەکەی بەوزان

پاییزی 1983
من و کاک بەکر چاوشینی پێنجوێنی لە گوندی بەوزان گومرگ بووین.
ئێران شاخی لەرێی گرت و بەرەو شاخی تالێری ناڵپارێز دەچوو.
ئێراقیش بۆ وەستانی ئێران پەلاماری مەڵبەندی 1 دا له حاجی مامەند.
تیپی 31 پێجوێن کشانەوە بۆ شەڕی مەڵبەند، تەنیا یەک مەفرەزەی " مەلا عەتاری ڕەحمەتی" مابوونەوە و ئێمەش دوو پێشمەرگەی گومرگ بووین.
شەوانە بۆ پاراستنی خۆمان  لە گوندەکانی " مامە خەلان و موبڕە و گۆڕەدێم و بەوزان" دەخەوتین.
بەیانیەکیان بە گردەکەی بەوزانەوە وەستابووم بۆ گومرگ کردن.
ئاربی جیەکیان پێوەنام و خل بوومەوە.
خەڵکی ناو دێکە وایانزانی کوژراوم.
" کاک حەبیبوڵای ساوان" فەرماندەی دیموکرات  کە ماڵی  لە بەوزان  بوو بەکڵاشینکۆفێکەوە گەیشتە سەرم و ، کاک عوسمانی ئەنجومەنی " گوێزێ" ش بە چەکەوە هات.
لە بەرزاییەکانی لای بەنگەنەکەی گۆڕەدێمەوە تەقەیان لێدەکردین.
بە سێ قۆڵی تەقەمان لێکردنەوە و هەڵاتن. کاک بەکر ئەو کاتە لای موبڕەوە بوو.
کەچوینە بەنگەنەکەی گۆڕەدێم ، قەوانی فیشەکەکان و یەک دوو سندووقی خاڵی لێ بوو.
دوایی پێیان ووتین کە ناقیلەیەک و دوو پیکاب جاشی چوارتا کە زانیویانە پێشمەرگە لە سنوورەکە نەماون، هاتوون بمانکوژن و پارەکەش بەرن. 
تەنانەت کە کەرتەکەی"  کاک عەلی چەلەبی"  هاتنەوە چنگیان ، کاک ئەکرەمی برای کەزانی من گومرگ بووم ، ووتی:
مەفرەزەیەکی  جودی گەورە بەتەما بوون بێن بۆتان بۆ پارەکەتان لێبسەنن.
کە پارەی وەجبەی دوەممان بردەوە بۆ مەڵبەندی یەک لە حاجی مامەند و پارەکە بە من بوو، تەسلیمی " مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی" بەرپرسی دارایی مەڵبەندم کرد، ماچی کردم و دەستی کرد بە گیرفانیا و ووتی:
بە گۆڕی شەهید ئارام هەموو مەڵبەند ساحێبی ئەم پێنج دینارەیە.
پێشمەرگایەتی جاران دەروێشایەتی بوو بۆ کوردستان و کوردایەتی.
سەدان گەنجی شاری سلێمانی کە هاوڕێ و خزممان بوون بۆ شەهید بوون چووبنە شاخ و زۆریشیان بە مەرگی خۆیان سەلماندیان پێشمەرگەی خەبات و شۆڕشن.
نەفرەت لە " حیز بایەتی" کە  نەتەوە  و خاکیان کرد بە سامان و موڵک و دیسکۆ و سۆزانی خانە.

ڕۆژی 2024.9.28 من و خاڵە شوان چووینە گۆڕەدێم ، ئەو گوندە ئاوەدانەی ساڵانی هەشتاکان  ، له پەنجا ماڵ چوار ماڵی تیا ماوەتەوە.
کە چوومە بەنگەنەکەی گۆڕەدێم کە پێش 41 ساڵ بینیبووم ، یەکسەر ناسیمەوە.
چووینە بەوزان، کە ساڵی 1983 سووکە مەرزێک بوو لە نێوان کوردستان و ئێران ، تەنیا دوو خانوو و یەک ژووری تیا مابوەوە، هەر لە گوند نەدەچوو.
تا پیاوێکمان نەبینی بەناوی " کاک ئەبوبەکر" کە هەنگەوان بوو ، دڵنیا نەبووین کە ئەمە گوندی بەوزان بێ ، هەر ئەویش پێی ووتین: 
کە بەنگەنەکەی گۆڕەدێم ئەوەیە کە بۆم باسکرد.

شێرزاد عەزیز
بەوزان

وێنەکان لەم لینکەدایە:

وێنەکان لەم لینکەدایە

به‌روار:  29/09/2024
165   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   121
کۆی سه‌ردان:   30079236