هەزار دینارەکەی ئالان بۆسکانی
ئابی 1996
لە چەمی چۆمان کە دایکم و ماڵەوەمان ناردەوە، چوار برا و هەر یەکەمان بە لایەکدا ڕامانکرد.
من لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی یەکێتی پەڕیمەوە بۆ شاری بانە.
شەو لە سەربازگەیەکی ئێرانیدا خەوتین.
بۆ بەیانی بە پاس بردیانین بۆ سەردەشت.
لە پاسەکە " نەبەزی سەمون" کە پێکەوە دانیشتبوین و ووتی:
لای کاک حەمە تۆفیق پێشمەرگەم و گەر دێیت وەرە بۆ لای خۆمان. بە سوپاسەوە نەمانویست.
لە نزیک بانە خۆمان هەڵدایە خوارەوە.
چووم لە موخابەراتەکە تەلەفۆنێکم بۆ سوید کرد، کاک حەمە تۆفێق و پەیامنێری بی بی سی ، له وێبوون و بە تەلەفۆن ڕاپۆرتیان بۆ ڕادیۆ لەندەن دەنارد.
لەگەڵ کوڕێکی کەرکوکی بووینە ئاشنا و ئەو بەرگەی پێبوو چووە ئوتێل.
من لە ئوتێل جێیان نەکردمەوە، زۆر بێ تاقەت بووم نەم دەزانی چی بکەم؟
نزیک ئێوارە تووشی " ئالان" بووم.
ئالان دراوسێ دوکانی " کاک ووشیار شەماڵ" بوو.
هەموو جارێ سڵاوم لێدەکرد و ناویشم نەدەزانی.
کە ئەوم بینی لە دڵی خۆمدا ووتم" خدری زیندووە".
کە زانیم لە بانە دەمێنێتەوە، ووتم:
شەو لەگەڵت دێم
ووتی: ُ لە ماڵی خزمێکم یەک ژووری هەیە.
ووتم: لە حەوشە دەخەوم.
ووتی: حەوشەکەیان سێ چوار کەسی تیایە.
ووتم: لە سەربان دەخەوم.
چاری نەما و منی بردەوە ماڵی خزمەکەیان و ئەوەی وای ووت ڕێک وابوو.
شەو ماڵێکی خزمی هاتن و لە ژووری خزمەکەیان بردیانین بۆ ماڵی خۆیان و زۆریان خزمەت کردین.
من دەمویست بچم بۆ سەیرانبەند کە " خاڵە شوان و زەردەشتی" برامی لێبوو.
بەڵام ئێران ڕێگەی داخستبوو.
پاش نانی بەیانی " ئالان" بە شەرمەوە دەیویست لە کۆڵی ببمەوە " هەزار دیناری سویسری" بە زۆر کرد بە گیرفانما" کە پێویستم" پێی نەبوو لە یەک دابڕاین.
بێ تاقەت بە بانەدا دەسووڕامەوە لە ناکاو " مامۆستا پێشڕەو" ُم لێ پەیدا بوو.
ووتی: کاک شێرزاد هاتووم قائیمەیەکم پێیە کەلوپەل بۆ " کاک شەوکەتی حاجی موشیر و کاک شۆڕش ئیسماعیل" بکڕم.
منیشیان برد بۆ کەبابخانەیەک و پاشان بۆ سەیرانبەند.
کە گەڕامەوە بۆ سلێمانی، " ئالان بۆسکانی" دوکانەکەی داخرابوو ، دوکانی باوکی و برایەکیم دۆزیەوە و هەزار دینارەکەم دانەوە.
پاش ساڵانێکی زۆر کە سەردانی کوردستانم کردەوە، ئالانیش کاتی خۆی لە ئێرانەوە چوبوە ووڵاتی هۆڵندا و چیرۆکەکەم بۆ گێڕایەوە ، بیری نەمابوو، بەڵام نیوەڕۆکەی پێکەوە نانمان خوارد.
مامۆستا پێشڕەویش کە ساڵی 1983 لە هەڵەدن پێکەوە پێشمەرگە بووین و چوار ساڵ پێش ئێستا بە خێزانەوە ئێوارەیەک میوانمان بوون لە مالمۆ، یەکتر بینیەکەی شاری بانەم بۆ گێڕایەوە بیری نەمابوو.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
ئەم بیرەوەریانە بیرەوەی کەسی خۆمانن نەک سیاسی.
وێنەکان لەم لینکەدایە
بهروار: 18/08/2024
719 جار خوێندراوهتهوه
|