وتاره‌كان
سەرۆك یان سەرۆكایەتی؟
 ئارێز عەبدوڵا

 تازە سەرۆكی هەرێم لەخولی یەكەم لەناو پەرلەمان هەڵبژێررابوو، رۆژیك وێنەیەكی سەرۆكم لەدەروازەی پەرلەمان بینی كە هەر دوو دەستی بەرزكردوونەتەوە‌و پۆلیسێكیش باغەلی دەپشكنێ‌و ئیبراهیم جەعفەرییشی لەتەنیشتەوە دەبینرا، منیش دیمەنەكەم بەلاوە جوان نەبوو، چونكە ناكرێ‌ سەرۆك بەو شێوەیە بپشكنرێ‌‌و جێگای گومانی ئاسایش‌و پۆلیس بێ‌، بۆیە بە پاسەوانەكانم وت: ئەم وێنەیە جوان نییە‌و هەڵیبگرن، كاتێك پرسیاریان كرد بۆ؟ وتم: چونكە سەرۆك ناپشكنرێ‌، وتیان: باشە، بەڵام پرسی سەرووی خۆمان دەكەین، دوای چەند رۆژێك وێنەكە هەر لەجێگای خۆی مایەوەو منیش پرسیمەوە: بۆ چی هەڵنەگیراوە؟ وتیان رێگەمان پێنەدرا، چونكە سەرۆك خۆی دەڵێ‌: یاسا لەسەرووی هەمووانەوەیە، وتم ئەوە راستە، بەڵام من پێمناخۆشە گومان لەسەرۆك بكرێ‌، وێنەكە هەڵنەگیراو ئێستاشی لەگەڵدابێ‌ لەزۆربەی بازگەكانی هەولێر‌و دهۆك هەمان وێنە بە هەڵواسراوی دەبینرێ‌‌و لەزۆر جێگاش دروشمێك بە گەورەی بە ناوی كاك مەسعودەوە نوسراوە: یاسا لەسەرووی هەمووانەوەیە.
 راستە دەبێ‌ یاسا وا بێ‌‌و ئێمەش لەبەرانبەریدا وەك یەك بین، بەڵام من لێرەدا دەمەوێ‌ بەراوردێك لەنێوان وێنەكەی كاك مەسعود (كە بەپێی رێنمایی دەستەی بەڕێوەبردنی كۆنگرەیەكی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی ئەو كاتە ئەندامەكانی پشكێنراون‌و ئەویش پێیەوە پابەند بووە‌و لەهەمان كاتیشدا وێنەكەی گیراوە)، لەگەڵ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم. لەوێنەكەدا ئەو پابەندی رێنماییەكان بووە‌و دروشمەكەش واتا یاسا لەسەرووی هەمووانە، لەزۆر جێگا بە زەقی دەبینرێ‌، كەواتە دەپرسم ئایا بەراستی ئەم جارە پابەندی یاسای سەرۆكایەتیی دەبێ‌؟ ئایا ئەو یاساكان وەك رێسای سەرەكیی رێخستنی كاروباری ژیان‌و كارگێڕی‌و سیاسی، یان بەتۆپەڵەیەكی لاستیكی كە بە ئارەزووی ئارەزوومەندان رابكێشرێ‌‌و گەورەو بچوك بكرێتەوە دەبینێ‌؟
یاسایەك هەیە ناوی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمە، لەپەرلەمانی كوردستان دەرچووە‌و دوای واژوی سەرۆكی هەرێمیش خراوەتە بواری جێ‌بەجێ‌كردنەوە، بەڵام لە(30)ی حوزیرانی (2013)ش بە كودەتایەكی پەرلەمانی پێشلكراوەو بەم هۆیەشەوە بێ‌متمانەیی‌و گومانێكی زۆر كەوتە سەر سیستم‌و پرۆسەی سیاسیی كوردستان، ئایا دروشمەكەی كاك مەسعود ئەم جارە ئەو یاسایەش دەگرێتەوە یان دیسان یاساكەی بۆ هەمواردەكرێتەوە؟
تا ئێستا بابەتی هەڵبژاردنەوەی سەرۆك یەكلایی نەبووەتەوە، نە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیاكراونەتەوە كە یاساكە وەكو خۆی جێ‌بەجێ‌دەكرێ‌، نە سیناریۆیەكی تریش خراوەتە روو، بەڵام بێ‌دەنگیی بڕیاربەدەست‌و خەمساردیی پەرلەمان‌و دەزگای هەڵبژاردن‌و قسە فڕێدانی ئێرە‌و ئەوێ‌ بۆنی ئەوەی لێدێ‌ كە سەرۆك لەدروشمەكەی خۆی پاشگەزبكەنەوەو بەلارێیەكی واشیدا ببەن كە مێژوو بە ئاسایی باسینەكا.
بێگومان، سەرۆكایەتیی هەرێم دەزگایەكی نیشتیمانییە، بەڵام ئایا ئەو دەزگایە بۆ هەرێمی كوردستان پێویستە یان نا؟ بەڵێ یان نەخێر، هەردووكیان پاساوی خۆیان هەیە، بەڵام ئەگەر دەزگاكە بۆ تاكە كەسێك دروستكراوە، ئەوە لێرەوە بێ‌ ئەم لاو ئەولا دەڵێم بوونی هیچ گرنگ‌و پێویست نییەو ئەگەر بە پێچەوانەشەوەیە دەبێ‌ دەرفەتی سەرۆكایەتی بۆ هەموو هاووڵاتییەكی خاوەن مەرجی یاسایی برەخسێنرێ‌‌و دەزگاكەش لەدارو دەستەی سەرۆكەوە بكرێ‌ بە دەزگای سەرۆكایەتی.
ئەگەر بەدەر لەلایەنی یاسایی هەڵسەنگاندنێك بۆ ماوەی رابوردوو بكەین، بەداخەوە دەبینین سەرۆكی هەرێم لەبەر هەر هۆكارێك بووبێ نەیتوانیوە ئەركەكانی سەر شانی خۆی: لەیەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ‌و، لەیەكتر جیاكردنەوەی كاروباری حیزبی‌و حكومی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی‌و داڕشتنی ستراتیجیەتێكی سیاسی‌و ئابووری، رێگەگرتن لەداگیركردنی زەوی‌و زاری كشتوكاڵی‌و دەستبەسەرداگرتنی زەویی شارەوانییەكان، هاوسەنگ راگرتنی پەیوەندییە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكان.... جێ‌بەجێ‌بكا. رەنگە ئەویش پاساوی خۆی هەبێ‌، بەڵام كورد دەڵێ‌ من چی ببینم ئەوە دەگێڕمەوە‌و ئێمەش ئەوانە دەبینین.
خەریكە باسی هەڵبژاردن‌و هەڵبژاردنەوەی سەرۆك گەرمدەبێتەوە، لەو بارەیەوە زۆر شت دەوترێ‌، بەڵام ئەوەی سەرنجی منیان راكێشاوە قسەی دوو كەسان بوو، كە هەر یەكە‌و بە پاساوێك دانانەوەی كاك مەسعودی بە پێویست زانیوە.
یەكەمیان دەیوت دامنا كاك مەسعود نەبێ‌، هەر كەسێكی دی بێت، هیچ جۆرە دەسەڵاتێكی نابێ‌، دووەمیشیان دەیوت ئەگەر ئەو نەبێ‌ هەر كە سێكی دی بێ‌ جێگایەكی نییە دەوامی لێ‌بكا‌و كاروبارەكانی لێ‌ بەڕێوەببا.
لێرەدا چەند پرسیارێك خۆیان قوتدەكەنەوە، ئایا ئەگەر دوای (10) ساڵ سەرۆكی هەرێم لەناو پایتەخت كۆشكی سەرۆكایەتیی نەبووبێ‌‌و لێ‌یدانەنیشتبێ‌، دەبێ‌ ئەوە هۆكارێك بێ‌ بۆ ئەوەی هەر لە(سەری رەش)ەوە سەرۆكایەتی بكا، یان دەبێ‌ ئەوە مایەی رەخنەلێگرتن‌و گلەیی بێ‌؟!
ئایا ئەگەر سەرۆكێك بۆ ماوەی (10) ساڵ كاروبارەكانی وڵاتی وا رێكنەخستبێ‌ كە ئاسایی بەشێوەیەكی سیستماتیك‌و دەزگایی بەڕێوەبچن، دەبێ‌ ئەوە مایەی رەخنەو گلەیی بێ‌، یان هۆكارێك بێ‌ بۆ مانەوەی لەسەر كورسیی سەرۆكایەتی؟!
ئێمە سەرۆكێكمان بۆ سەرۆكایەتی دەوێ‌ یان سەرۆكایەتیمان بۆ سەرۆك پێویستە؟ ئەگەر سەرۆكایەتیمان دەوێ‌، ئەوە هەمیشە سەرۆكێك لەترۆپكی سەرۆكایەتی دەبینرێ‌‌و ئەگەریش تەنیا (سەرۆك)مان دەوێ‌، دەبێ‌ لەئێستاوە ئامادەسازی‌و خوێندنەوەیەكی جیاواز بۆ ئایندەی كوردستان بكەین؟
دیارە رێزگرتن لەدەستور‌و یاسا‌و نەریتە رەسەنەكان هەمیشە بنەماو مایەی سەقامگیری‌و ئاشتیی كۆمەڵایەتی‌و دەرفەتی پێشكەوتنی وڵاتن، بۆیە لەسەر هەموومانە پابەندیان ببین‌و لەكاتی پێویستیشدا تەنیا لەلایەن نوێنەرانی خەڵكەوە بە هۆكاری گۆڕانە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتییەكان یاساكان لەبەرژەوەندیی گشتی نەك (تایبەتی) بگۆڕرێن یان دەربكرێن.
هیوادارم ئەم جارە كاك مەسعود هەوڵەكانی خۆی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بخاتەگەڕ، واتا لەسەرۆكایەتییەوە بكرێتە پەرلەمانی‌و خۆیشی بەقسەی هیچ كەس‌و لایەنێك پێشێلی ئەو یاسایە نەكاتەوە، كە خودی خۆی رەوایی پێ‌داوە‌و جارێكی دییش بەهیچ بیانوویەك گومان نەخاتەوە سەر ئایندەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، دڵنیام بەبێ‌ ئەوەی ئەو سەرۆكی هەرێمیش بێ‌ رۆڵی لەمەیدانی سیاسیی كوردستان‌و عێراقیش هەر دیارو كاریگەر دەبێ‌، چاوەروانین!
لڤین
به‌روار:  17/04/2015
482   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

یەکەم کوردی ڕواندا گۆرانی بۆ کچان دەڵێ 🇰🇿

کەمپی پەنابەران لە ڕواندا 🇰🇿

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

دایکایەتی و هەژاری 😡

سمۆرەیەک تەرمی هاوڕێکەی بەجێناهێڵێ 😪

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   747
کۆی سه‌ردان:   29260562