لەپەراوێزی نامەکەی مەلا کامەراندا
مەریوان وریا قانع
نووسه‌ری گۆشه‌ی (ئەو دیوی شتەکان)
وەک چۆن مرۆڤی دینیی هه‌یە، ئاوا مرۆڤی بێدینش هه‌یە، مرۆڤی دینیی سەرەتاو کۆتایی مرۆڤبون نییە. مرۆڤ بونەوەرێکە دەتوانێت بێ دینیش بژی، ژیانێکی باش‌و فرەلایەنیش، ژیانێکی ئەخلاقیی پڕ لەمیهرەبانیی‌و هاریکاریی‌و بەدەمەوەچونیش.. پێوەری جیاکردنەوەی باش لەخراپ، ڕاستگۆ لەدرۆزن، پاک لەناپاک، دین‌و بێدینیی نییە. مرۆڤی ئەخلاقیی بەهیچ مانایەک کورتناکرێتەوە بۆ مرۆڤی دینیی، ئەخلاقیش شتێک نییە دین هه‌یبێت‌و نادین نەیبێت. هه‌مو فەلسەفەیەک لەژیاندا هه‌ڵگری ڕەهه‌ندی ئەخلاقیی تایبەتەو پێوەری جیاکردنەوەی ئەخلاقی باشیش لەئەخلاقی خراپ ئەوە نییە ئایا ئەو ئەخلاقە ئەخلاقێکی دینییە یان نا، بەڵکو ئەوەیە تا چەند ڕاستگۆیە لەگەڵ خۆی‌و دونیا‌و مرۆڤ‌و کەسەکانی تردا، چەند کاردەکات لەپێناوی باشترکردنی پەیوەندییەکان‌و شێوازەکانی پێکەوەبونی کۆمەڵایەتیدا.
وەک چۆن مرۆڤ هه‌یە ناتوانێت بەبێ دین بژی، دین سەرەتاو کۆتایی ژیان‌و بونیەتی، بەهه‌مانشێوە مرۆڤی تریش هه‌یە ناتوانێت لەگەڵ دیندا بژی، دین وەک ئیهانەکردنێکی گەورە بەعەقڵ‌و خەیاڵ‌و تواناکانی وەک مرۆڤ، وێنا دەکات. لەبنەڕەتیشدا باوه‌ڕهێنان‌و باوەڕنەهێنان دو مەسەلەی تەواو شەخسیی‌و ئازادن، مرۆڤ ئازادە باوەڕی هه‌بێت یان نەیبێت، باوەڕی بەبەهه‌شت‌و جەهه‌نەمێک لەداهاتودا هه‌بێت، یان بەهه‌شت‌و جەهه‌نەم لەناو خودی مرۆڤ خۆی‌و لەدونیادا ببینێت، یان هه‌ر لەبنەڕەتەوە بیرۆکەی جەهه‌نەم‌و بەهه‌شت بەدو بیرۆکەی ناڕاست بزانێت. مرۆڤ بونەوەرێکە مانا دروستکەر، کەسێکە وێڵ بەدوای مانادا، هه‌میشە دونیایەکی ڕەمزییش دروست دەکات بتوانێت لەناویدا لەخۆی‌و دەوروبەری‌و کەس‌و دیاردەکان تێبگات، دین تاقە سەرچاوەیەکی دروستکردنی ئەم دونیا ڕەمزییە نییە، تاقە پێکهێنەرێکی ئەو سیستمە ڕەمزییە نییە کە لەناویدا ماناکان بەرهه‌مدەهێنێت، لەدەرەوەی دیندا ڕوبەرێکی گەورەو فراوان هه‌یە مرۆڤ بتوانێت مانا‌و مەبەستی لەناودا دروست بکات.
مرۆڤ بونەوەرێکی شوناسسازە، خۆشی شوناسی خۆی دادەهێنێت، دین تاقە سەرچاوەی شوناس نییە. بۆ کەسانێک دەشێت هه‌مو شوناسیان لەناو دیندا بدۆزنەوە، بەڵام هه‌میشە کەسانێکی تر هه‌ن شوناسی خۆیان لەهه‌ر شتێکدا بدۆزنەوە، لەدیندا نایدۆزنەوە. مرۆڤ بونەوەرێکی پشکنەریشە، دینداریی لای هه‌ندێک دەرەنجامی گەڕان‌و پشکنینێکی گەورەیە، بەناو دونیایەک دودڵیی‌و گومان‌و پرسیار‌و بێباوەڕییدا تێدەپەڕێت، بەڵام مرۆڤ دەشێت لەگەڕان‌و پشکنینیدا هه‌مو باوەڕە دینییەکانی بدڕۆێنێت‌و لەوسەرەوە وەک بونەوەرێکی بێ‌دین بێتەدەرێ. ئەوەی مانا بەدین دەبەخشێت ئەم توانای گەڕان‌و پشکنینەیە، ئەم ئەزمونە شەخسیی‌و تاکەکەسییەیە، نەک ئەوەی کەسانێک بێن‌و بەناوی خوداوە ببن بەرەقیب بەسەر ژیان‌و مرۆڤ‌و کۆمەڵگاوە، بەناوی یەقینێکی دینییەوە هه‌مو توانا‌و خولیا‌و ئەگەرێکی گەڕان‌و پشکنین لەمرۆڤ‌و کۆمەڵگاو ژیاندا بکوژن.
ئەوانەی کە پێیانوایە نوێنەری خودان، نوێنەری یاساکان‌و خواستەکانی خودان، بەناوی خوداوە دەدوێن‌و بەناوی ئەوەوە دونیایەک دروست دەکەن پڕ لەئەمرو نەهی دینیی قەتعیی، کەسانێکن بەر لەهه‌مو شتێک نە لەقازانجی دین خۆی‌و نە لەقازانجی دینداران کار ده‌کەن، بەڵکو لەبنەڕەتدا فو بەدەسەڵاتێکی شەخسییدا دەکەن کە ڕەگوڕیشەكانی دەباتەوە ناو دین. لای ئەم جۆرە کەسانە دین باوەڕێکی ناوەکیی نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گەشەدان بەپێگەیەکی کۆمەڵایەتیی. بەشێکە لەپیشەسازیی دەسەڵاتدارێتی. لەهیچ شوێنێکی دونیادا بەقەد ئەو ناوچەیەی ئێمە ”نوێنەرانی خودا” بونیان نییە، لەشکرێک لەو ناوچەیەدا هه‌یە بەناوی خودا‌و ئاسمانەوە دەدوێن، کتێبە کۆنەکان دەخوێننەوەو گوێ لەفەتوا دێرینەکانی ناو مێژو دەگرن، ئینجا بەردەبنە ژیانی ئەو منداڵانەی کە هه‌زاران ساڵ دواتر‌و لەدونیایەکی تەواو جیاوازدا لەدایکبون. گوێ لەبڕێک لەخوێندەوارە دینییە کۆنەکان دەگرن‌و بەئافره‌تانی ئەمڕۆ دەڵێن نابێت ئازادبن، خودا ئازادیی‌و سەربەخۆیی ئافرەتی پێناخۆشە، خودا نایەوێت ئافرەت خۆی خاوەنی لەش‌و عەقڵ‌و بڕیاری خۆی بێت. خودای باوەڕدارە ڕاستەقینەکان لەکتێبە کۆنەکاندا نییە، بەڵکو لەناو دڵ‌و دەرون‌و سەریاندایە، دڵ‌و دەرون‌و سەرێک کە لە دونیا‌و سەردەمێکی نوێ‌دا دروستبون‌و جیاوازن لەدڵ‌و دەرون‌و سەری سەردەمە کۆنەکان.
ئەوەی ئەم گوردانە دینییە بەناوی خوداوە دەیەوێت ئەنجامیبدات، ئیفلیجکردنی مرۆڤە، پێکانیەتی لەیەکێک لەدەرکەوتە ئینسانییە هه‌رە گرنگەکانی مرۆڤبوندا، کە ئازادییە. ئەوەی ئەم دینییانە دەیانەوێت دروستیبکەن کۆپیکردنێکی فرەلایەنەی کەسایەتی خۆیانە، سڕینەوەی هه‌مو شێوازەکانی مرۆڤبون‌و کورتکردنەوەیەتی بۆ وێنەی خۆیان وەک کەس. ئەمان مرۆڤی جیاواز‌و هه‌مەڕەنگیان ناوێت، ئەمان دەیانەوێت هه‌مو دونیا وەک خۆیانی لێبێت، بەمەرجێکیش خۆیان ئەو کەسانەبن کە بەدونیا بڵێن دەشێ ناشێ، باش و خراپ، دین‌و نادین کامەیە. سەندنەوەی ئازادیی لەمرۆڤ سەرەتاو کۆتایی ئەم عەقڵیەتە دینییەیە کە بەناوی خوداوە قسەدەکات. ئەم عەقڵیەتە خۆی بەڕزگارکەری دین‌و ڕزگارکەری مرۆڤ‌و ڕزگارکەری ئەخلاق‌و ڕزگارکەری خودا دەزانێت، پێیانوایە گەر ئەوان نەبن، شتێک بەناوی پیرۆزیی‌و خودا‌و دین لەدونیادا نامێنێتەوە. بۆیە بەمافی خۆیانی دەزانن بەناوی خوداوە هه‌مو ئەو مرۆڤانە بکوژن، ئیهانە بکەن، لەماف دابماڵن، کە لەخۆیان ناچن.
من یەکێکم لەو نوسەرانەی کە بەرگریم لەدەنگە دینییەکان کردوەو دەکەم، بەرگریم لەو هێزانە کردوەو دەکەم کە دەیانەوێت لەدینەوە بچنە ناو سیاسەت. بەڵام دیوی ئەودیوی ئەم بەرگرییە بەرگرییەکی ڕادیکاڵە لەپلورالیزم، لەفرەدەنگیی‌و فرەڕەنگییەک کەهه‌موان لەناویدا بتوانن بەهه‌مان مافەوە ئامادەبن، چەند دیندارێک ئامادەبێت‌و مافی هه‌بێت ئەوەندەش بێدینێک ئامادەبێت‌و مافی هه‌بێت. کەس بۆی نەبێت بەناوی هه‌قیقەتێکی ئاسمانیی یان نائاسمانییەوە ئەوانیتر بێ‌ماف، بێ‌نرخ، بێبەها، بێدەنگ، بکات. ئەمە داوا لەهه‌موان دەکات کە ڕێژەیی بن. لێرەدا دین بۆ ئەوەی بتوانێت لە "مەجالی گشتیی"دا کاربکات، چ لەئاستی گفتوگۆ‌و قسەکردن لەمەسەلە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگاو چ لەئاستی سیاسەتکردندا، پێویستە واز لەوە بهێنێت بەناوی خوداوە، بەناوی یاساکانی خوداوە، بەناوی شەریعەتەوە، بەناوی موقەده‌سێکەوە بدوێت کە ئازادیی‌و ویست‌و خواستی ئەوانیتر بریندار‌و سنوردار بکات. دین بۆ ئەوەی نەبێت بەکێشە لەژیانی گشتیی‌دا پێویستە هه‌مو دەرکەوتنەکانی لەژیانی گشتیی‌دا، لەسیاسەتدا، وەک دەرکەوتنی هه‌ندێک ڕاو بۆچون ببینێت، نەک وەک هه‌ندێک هه‌قیقەتی ئاسمانیی. هه‌ر کەسێک بەناوی خوداوە قسەیکرد دەبێتە بونەوەرێکی ترسناک.
چاپکردن
رۆژی بڵاوبونەوە
18 تشرینی دووەم
ئاوێنە له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا
به‌روار: 22/11/2014
438 جار خوێندراوه‌ته‌وه