ئه‌م یاسایه‌ت لێ دیاره، جه‌نابی سه‌رۆک؟!
د. هێرش رەسوڵ
د.هێرش ره‌سوڵ*
(یاسای مافی ده‌ستکه‌وتنی زانیاری له هه‌رێمی کوردستان-عیراق، ژماره 11ی ساڵی 2013) که پارله‌مانی کوردستان له خولی پێشویدا 'له‌پێناو چه‌سپاندنی پرنسیپی شه‌فافییه‌ت و رێکخستنی پێشکه‌شکردنی زانیاریی دروست و، مافی هاوڵاتی له ده‌ستکه‌وتنییان' په‌سه‌ندیکرد و به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمیش به بڕیاری ژماره 16ی ساڵی 2013 واژۆی له‌سه‌ر کردوه، به داخه‌وه له‌لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆک خۆیه‌وه پێشێلکرا.
پاشنیوه‌ڕۆی پێنجشه‌ممه (25/9/2014)، له كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیى سه‌رۆکی هه‌رێم و وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌ڵمانیادا، ته‌نها رێگه به دو که‌ناڵ درا پرسیاربكه‌ن و دواتریش كۆتایى پێهێنرا. له‌وکاته‌دا په‌یامنێره‌كه‌ى ته‌له‌ڤزیۆنی (گه‌لى كوردستان) هه‌ستایه سه‌رپێ و گوتى "جه‌نابى سه‌رۆك بۆ رێگه به ئێمه ناده‌ن پرسیار بكه‌ین؟"، به‌ڵام به هۆی بڕینی په‌خشه راسته‌وخۆکه‌وه، نه‌مانزانی وه‌ڵامی جه‌نابی سه‌رۆکی هه‌رێم چی بو!
راستییه‌که‌ی، بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان له ئێستادا تائه‌ندازه‌یه‌کی زۆر به کۆمه‌ڵێ کێشه و پرس و بابه‌تی سیاسی و ئابوری و ئه‌منییه‌وه بارگاویکراوه، بۆیه هه‌ڵاوێرد و جیاکاریکردن له‌نێوان میدیاکاندا به هه‌ر پاساوێک، به تایبه‌ت له‌لایه‌ن به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌که‌وه گومان و پرسیاری زۆر دوای خۆی جیدێڵێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، یاسای مافی ده‌ستکه‌وتنی زانیاری له هه‌رێم، خۆی جێی چه‌ندین سه‌رنجی جیددی و، مایه‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌یه، به‌م حاڵه‌شییه‌وه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بکرێت ده‌توانین بڵێین هه‌نگاوێک له قۆناغی پێشتر له‌مباره‌یه‌وه ده‌مانباته‌پێشه‌وه، به‌ڵام کاره‌ساته‌که لێره‌وه‌یه، کاتێک نه‌ک هه‌ر جێبه‌جێناکرێت، به‌ڵکو له‌لایه‌ن گه‌وره حکومڕانه‌وه بێباکانه هیچ حسێبێکی بۆ نا‌کرێت.
له‌م ئاستانه‌شدا، واته حسێبنه‌کردن بۆ مافی هاونیشتمانییان له زانین، چونکه ساده‌ترین حیکمه‌تی ئه‌م بنه‌مایه، بریتییه له‌وه‌ی، مافی هه‌مو تاکێکه ئاگاداربێت و بزانێت ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چی له ده‌وروبه‌ریدا ده‌گوزه‌رێت (به تایبه‌ت ئه‌و زانیارییه پێویستانه‌ی زیان به ئاسایش و سیستم و ئاداب و ته‌ندروستیی گشتی و ناووناوبانگی که‌سه‌کان ناگه‌یه‌نن، وه‌کچۆن په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تایبه‌ت به مافه‌کانی مرۆڤ جه‌ختییان له‌سه‌ر کردۆته‌وه و، پێویسته به یاسا رێکبخرێن و ته‌مومژاوی و لاستیکی نه‌بن). به‌ڵام کاتێک خۆت دێیت کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ده‌به‌ستیت و ده‌ته‌وێ هه‌ندێ زانیاری سه‌باره‌ت به ره‌وشه‌که به میدیاکار و هاونیشتمانییان بده‌یت، که‌چی هه‌ر خۆت جیاوازی له نێوان راگه‌یاندنه‌کاندا ده‌که‌یت و، زۆربه‌یان بایکۆت ده‌که‌یت! ئه‌وا روبه‌ڕوی پرسیار و ره‌خنه‌ی جیددی ده‌بییه‌وه.
هاوکات هه‌ر بۆ بیرخستنه‌وه، به گوێره‌ی مادده‌ی (حه‌ڤده‌م)ی ئه‌و یاسایه‌ی که به‌ڕێزتان واژۆتان له‌سه‌ر کردوه و له (وه‌قایعی کوردستان)دا بڵاوکراوه‌ته‌وه و ماوه‌ی ساڵێک زیاتره یاسایه‌کی به‌رکاره، 'هه‌ر که‌سێک داواکاری ده‌ستکه‌وتنی زانیاری ره‌تکراوه‌ته‌وه ده‌توانێت ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت...'، له مادده‌ی دواتریش (هه‌ژده‌م)دا، بڕی (250 هه‌زار تاکو پێنج ملیۆن دینار) غه‌رامه‌شی دیاریکردوه بۆ 'هه‌ر که‌سێک خۆی بگرێت له پێدانی دۆکیومێنت یان تێڕوانین یان ده‌ستکه‌وتنی زانیاری...'.
هه‌ر له‌مڕوه‌وه، (ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌کانی مرۆڤ له هه‌رێمی کوردستان) که به پێی مادده‌ی (سێیه‌م)، پابه‌ندکراوه به چاودێریی جێبه‌جێکردنی یاساکه، پێویسته ئه‌رکی یاسایی خۆی به‌جێبگه‌یه‌نێت و، هاوکات پارله‌مانی کوردستان، ده‌زگای داواکاری گشتی، سه‌ندیکای رۆژنامه‌نوسان، میدیاکاران و چالاکانی مه‌ده‌نی بێنه‌ده‌نگ.
لێره‌وه، جێی خۆیه‌تی له به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی بپرسین: ئه‌م یاسایه‌ت لێ دیاره، جه‌نابی سه‌رۆک؟!
* پسپۆڕی ئێتیک و یاسای راگه‌یاندن.
به‌روار: 27/09/2014
591 جار خوێندراوه‌ته‌وه