وتاره‌كان
عەلی حەمە سالح ئیشی بۆ پەرلەمان دۆزیوەتەوە
 عومەر محەمەد

دوای ئەوەی بەشێك لە لستی ناوی خانەنشینان بڵاوكرایەوە، رونتر دەركەوت كە بودجەی هەرێمی كوردستان چۆن بەتاڵان دەبرێ، ئەوەش لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند مانگێكە موچەی پێشمەرگەوفەرمانبەران نادرێ ! دوای ئەوەی ناوو ساڵی لەدایك بوون و بڕی موچەی ( 404 ) ژن لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاوكرایەوە كە بەپلەی سەربازی جۆراوجۆر خانەنشین كراون و چەند ساڵێكە پارەی حكومەت و قوتی خەڵكی هەژاردەخۆن .
پاش بڵاوكردنەوەی ئەو لیستەی پەرلەمانتارێكی گۆڕان بڵاوی كردەوە، پەرلەمانتارێكی سەربەلیستی سەوزیش" گۆران ئازاد"  لە كوردسات نیوز شەوی 31ی ئابی 2014 بەبێ‌ ناو هێنان ژمارەیەكی زیاتری خستەرو هەرەها ناوی 63377 شەست وسێ هەزارو حەفتاوحەوت كەسی تری تەنها لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان و 2933 بیست ونۆهەزارو سێسەد كەسی تری ئاشکرا کرد، کە پشکی هەموو لایەنەكانی ترن بێجگەلە پارتی ! گۆران ئازاد دەری خست كە خانەنشینكراوانی پشكی پارتی دوو ئەوەندەی هەموو حزبەكانی كوردستانە، ئەوەش ئەرك و بەرپرسیارێتی تردەخاتە ئەستۆی پەرلەمان بەتایبەتی عەلی حەمەصاڵح كەتەنها دەستی بۆخانەنشینكراوەكانی لای یەكێتی بردووە‌و لایەنەكانی تری فەرامۆش كردووە. 
ئاشكرایە كەیەكێتی وپارتی هەمووئەو خەڵكەیان بۆمەرامی حزبی خستتوەتە گەڕو خەرجیەكەشیانی خستووەتە ئەستۆی حكومەت. ئەمەش فێڵێكی گەورەیە لەژیانی هاوڵاتیان بەناوی خانەنشینكردنەوە. 
ئەگەر هەتا ئێرە ئەمە خروقات وخراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بودجەی گشتی وڵاتە بۆ مەبەستی خۆیان و پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆرانیش بەهۆی ململانێی سیاسیەوە خستوویەتیەبەرچاو. ئیتر ناشێت لێرە كێشەكە كۆتایی بێت و پەرلەمانی كوردستان چارەسەری ئەو ناهەقی و گەندەڵییە نەكات. 
پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی زیاتر لە 400 ژن وگۆران ئازاد نزكەی 64000 خانەنشینكراوی پارتی ئاشكرا دەکەن و یەكتری پێ لە قاودەدەن ئیتر دوای ئەوەچی ؟ ئایا كۆتایی ئەم هەرای راگەیاندنە بەكوێ دەگات ؟ ئایا ئەویش وەك دۆسێی فایلدارەكان دیزە بەدەرخۆنەو چاوپۆشی لێدەكرێت یاخود ئەو یاسا خراپە رەتدەكەنەوە كەبودجەی گشتی بەهەدەردەداو چەند هەزار كەسێك لێی سودمەند دەبن و خەڵكیش دەبێت تەماشاكاربێت ؟ 
 بەراست ئەگەر ئەویاسایە چاك نەكرێت، ئەی لەمەولا پەڕلەمان كاری چی دەبێت ؟ وەزارەتی دارایی چی دەكات ؟ بەتایبەتیش كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگە بەدەست گۆڕانخوازەكانەوەیەو ئەودۆسێیەش راستەوخۆ پەیوەندیدارە بەپەرلەمان و وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە كەبەدەست بزوتنەوەی گۆرانەوەن .؟ 
ئایا گۆرانخوازەكان، لێدەگەڕێن هەروا بەهەوانتە تەخشان وپەخشانی سامانی وڵات بكرێت ؟ ئەی وەزیری پێشمەرگە قایلە بەو هەموو ئەفسەرو دەرەجەدارە (ساختەیە) ئایا كۆلێژی سەربازی قایلە بەوەی كەسانێك پلەی سەربازی وەربگرن وكرابن بەئەفسەر بەبێ ئەوەی بروانامەی دەرچونی ئەو كۆلێژەیان هەبێ ؟ سەرۆكایەتی پەرلەمان دێتە سەرخەت یاخود لە پەرلەمانتارەكەی دەپرسێتەوە پێی دەڵیت ئەو هەڵایە چییە ناوێتییەوە؟ ئایا پەرلەمانتاران ناپرسن یاسای وا خراپ لە هیچ كوێیەكی ئەم دنیایەدا نیە ؟ یان بەنیازە دۆسێی گەندەڵییەكانی پارتی دیموكرات و ئەوانی تریش دەربهێنێت؟ یاساكە هەمواربكرێتەوەو یاسایەكی ئابرومەندانە لە پەرلەمان پەسەند بكەن و چیتر لەوەزیاتر ئازاری دەرونی خەڵكی كوردستان نەدرێت،
 ئەوە رون و ئاشكرایە سەروەت و سامانی هەرێمی كوردستان بەشی ئەوە دەكات هەموو هاوڵاتیانی كوردستان ئابرومەندانە پێی بژین، ئەگەر بێت و دادپەروەری هەبێت و بەو بێویژدانییەوە نەكرێتە قوڕگی كۆمەڵیكەوە، كە تەنها وەربگرن و نەبەخشن، چونكە ئەو دیاردەیە تەنها زیانی مادی بە هاوڵاتیان ناگەیەنێ بەڵكو تاكیش ئامادە دەكات بۆ چۆكدادان ولاوازكردنی لەبەرامبەر دەستكەوتی مادیدا. 
ئێستا كە ئەم غەدرە، بەپێشچاوی هاوڵاتیانەوە خراوەتە چوارچێوەیەكی یاساییەوە دەبێت خودی یاساكە هەمواربكرێتەوە. بەپێچەوانەوە كە لەئێستادا وەك هەڵایەكی راگەیاندن خۆی دەنوێنی، جگەلەزیان و بەیەكدادانی گروپە جیاوازەكانی ناوكۆمەڵگاو خستنەوەی بێمتمانەیی هیچ سودێكی تری نیە، دەبوو ئاشكرا كردنی ئەو ناوانە وەك چالاكییەكی پەرلەمان بووایە نەك وەك هەڵایەكی راگەیاندن كەئەویش بۆخۆی تێبینی هەڵگرە چونكە ئەویش وەك كاری ڕۆژنامەوانی تەنها پەرلەمانتارێك دەردەكەوێ.
ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی خراونەتە روو ئەوانەشی هیشتا دەرنەكەوتوون چارەسەر نەكرێن و موچەی ئەوانە نەبردرێَت كە شایان نین و بەساختەكاری كراون ئەوە ئەوكارەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان تەنهاوەك پڕوپاگەندەو مزایەدەیەكی سیاسی دەكەوێتەوە، بەتایبەتیش لەنێوان گۆران و یەكێتیدا دەمێنێتەوە.
دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەو راستیەی لەبەرچاوبێت كە فەراموشكردنی ئەو دۆسێیە، پەرلەمان خاڵی ناكاتەوە لە بەرپرسیارێتی چونكە ئەوە ئەركێكە ئەمرۆیان سبەی دەبێت بیگرێتە ئەستۆ، بەپێچەوانەوە پەرلەمان وەك دەزگایەكی كارتۆنی بێكەڵك و لاواز دەمێنێتەوەو متمانە لەدەست دەدات و لەوەش خرابتر كاریگەری خراپ لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دادەنێت .
بە هیوام نەك هەرپەرلەمان و پەرلەمانتاران لەئاستی ئەو تێگەیشتنەدابن، بەڵكو كۆی كۆمەلگە ئامادەیی هەبێت بۆ چارەسەرێكی ریشەیی ئەو گەندەڵییە، هەلبەت كەس لاری لەوەنیە جەنگاوەری سەروەختی شاخ شایستەن بەلام بەتەنیشت ئەوانیشەوە هاوڵاتیانیش شایستەن، ناكرێت ئەوانەی دوێنێ‌ پێشمەرگە بوون ئەگەرچی زۆر كەمن و بەپەنجەی دەستێك دەژمێردرێن، بێدەنگ بن وقایلبن بەوەی خەڵكانێك لەپەنای ئەوانەوە مشەخۆری بكات، دەبێت ئەوان لەپێش هەموو كەسێكی ترەوە هاوكاری پەرلەمانبن بۆ چاكسازی و رێز لەخەباتی خۆیان بگرن ئەوان دەبێ یەكەمین كەس بن كە قایل نەبن چیتر خەلكی مشەخۆر لەولیستانەدا بمێنن .. ئیدی پێویستە بەجورئەت و بە ویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ راستیەكان بكەین، هەر بۆنمونە لەناو لیستی ژنانی بە ئەفسەر كراودا بەسەدان دەبینرێت لەكاتێكدا هەموو كەس دەزانێت كە ئەوە راست نیە ؟ كەس ئەوە نەزانێت فەرماندەكانی پێشمەرگە دەزانن كە ژن لەشاخ پیشمەرگە نەبوون، جگەلە كەمینەیەك كە لە پەنجەكانی دەست تێناپەرن .
سەركردایەتی حزبەكان هەقە پێش هەموان دژی ئەو ناعەدالەتیە بووەستنەوەو نەهێڵن ئەمەش بەدەردی فایلدارەكان بچێت، چونكە بەهۆی چەند فایلدارێكەوە پێش كادرو ئەندامەكانیان خۆیان باجەكەیدا، ئیستاش هەروایە. 

به‌روار:  03/09/2014
470   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

یەکەم کوردی ڕواندا گۆرانی بۆ کچان دەڵێ 🇰🇿

کەمپی پەنابەران لە ڕواندا 🇰🇿

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

دایکایەتی و هەژاری 😡

سمۆرەیەک تەرمی هاوڕێکەی بەجێناهێڵێ 😪

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   955
کۆی سه‌ردان:   29263870