وتاره‌كان
خەندەق، لەگۆڕنانی خەون ‌
 عەزیز ڕەوف


هەڵكەندنی خەندەق لەنێوان سنووری هەرێمی كوردستان‌و دەسەڵاتی خۆجێی رۆژئاڤای كوردستان، یەكێكە لەباسە گەرمەكانی ئێستای میدیاكان‌و زۆرترین مشتومڕی لەپارچەكانی تری كوردستان بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەمە بۆ یەكەمجارە دەسەڵات لەباشوور خەندەقێك دروست دەكات بۆ جیاكردنەوەی باشوور لەهەرێمەكانی رۆژئاڤا. ئەم خەندەقە لەڕووی سیمبوڵەیەوە ماناو دەلالەتی خۆی هەیەو هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت بەهەڵكەندنی خەندەقێكی سێ مەتری، خۆمان لەتیرۆرستێكی خۆكوژ دەپارێزین. بەڵكو ماناو دەلالەتەكانی ئەم خەندەقە لەخەندەقەكە خۆی قووڵترن.
بۆ جیاكردنەوەی ماڵ پێویستمان بەدیوارە. ئەوە دیوارە دەتوانێت ماڵێك لەماڵێكی تر جودا بكاتەوە. لەدیواری چینەوە بۆ دیواری بەرلین، مێژوویەكی دوورو درێژمان هەیە لەجیاكردنەوەی نەتەوەكان لەیەكترو لەجیاكردنەوەی ماڵ‌و حوكمڕانی. بۆیە دیوار رەهەندێكی مێژوویی هەیە بۆ جیاكردنەوەی ماڵ. 
دیوار دەتوانێت سیمبوڵێك بێت بۆ جیاكردنەوەی من لەتۆ، نەك سڕینەوەی تۆ، دیوار پێمان دەڵێت نامەوێت تۆ ببینم، بەڵكو تۆ خۆت دەتوانیت لەودیو دیوارەكەوە چۆنت بوێت بژیت. دیوار لەچاڵنانی خەون نییە، ئەوەندەی داپۆشینی عەورەتی خۆتە. تۆ بۆئەوەی جۆرێكی تر لەفۆڕمی ژیان دروست بكەیت، پێویستت بەدیوارە. شوراكان هەمیشە جۆرێك لەپشت‌و پەنا بوون بۆ خۆپاراستن‌و خۆحەشاردانی خەڵكانێك كە لەدۆخی بەرگریدان‌و دەیانەوێت خۆیان مومارەسەی ژیانی خۆیان بكەن؟ 
بەڵام خەندەق شتێكی ترە. لەخەندەقدا هاوكێشەكە پێچەوانە دەبێتەوە. خەندەق رەمزی لەچاڵنانە. تۆ بۆئەوەی خەونی كەسێكی تر لەگۆڕ بنێیت، خەندەقی بۆ لێدەدەیت. ئەگەر دیوار بۆ جیاكردنەوەی ماڵ بێت، خەندەق زیاتر بۆ شەڕكردن‌و سڕینەوەو لەچاڵنانی خەون وێنا دەكرێت. لەخەندەقدا بەجیاواز لەدیوار، ئەوی تر دیارە، بەڵام دەبێت چاودێریت بكەم. مێژوو پڕە لەم جۆرە لەگۆڕنان. شەڕی خەندەق لەسەردەمی سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلامدا، مانای لەگۆڕنانی كافرەكانە نەك دیوارێك بۆ جیاكردنەوە لەوانی تر. لەشەڕی خەندەقدا موسوڵمانەكان دەیانەوێت خەندەقەكە بكەنە گۆڕی ئەوانەی شوێنكەوتەی ئاینە تازەكە نین‌و دژایەتیی ئاینەكە دەكەن، نەك لێگەڕانیان بۆخۆیان تەعبیر لەبێباوەڕیی خۆیان بكەن.
لەخەندەقدا هاوكێشەكە شتێكی ترە. خەندەق لەگۆڕنانی خەونە، تۆ بۆئەوەی ئەوی تر بسڕیتەوە، خەندەق لێدەدەیت، واتە هەستی پێ بكەیت یان نا، سەنگەر لێدەدەیت. سەنگەرلێدان راگەیاندنی شەڕە بەرامبەر هێزو گرووپەكەی تر. 
خەندەقی نێوان باشوورو خۆرئاڤای كوردستان خەندەقە بۆ جیاكردنەوەی خەونی نەتەوەیەك كە هەر لەسەرەتاوە خەونەكانی دەكوژرێت. 
هەڵكەندنی خەندەق بەحەفارەی توركی ترسی هێزێكی سیاسی لەخۆی‌و لەكۆمەڵگە. هەڵكەندنی خەندەق لەلایەن هێزێكی سیاسییەوە بەرامبەر بەدەسەڵاتێكی ساوا لەرۆژئاڤا، هیچ نییە جگە لەكوشتنی ئەو خەونە لای منداڵەكانمان سەبارەت بەچەمكەكانی وەك چوارپارچەی كوردستان‌و كورد برای یەكن‌و چەمكگەلی ناسیۆنالیستی لەم بابەتە. 
لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا كوردەكانی رۆژئاڤا دەبینم چۆن بەپاچ‌و خاكەناز دەیانەوێت خەندەقەكە پڕ بكەنەوەو چەكدارانی ئەمدیویش تەقەیان بەسەردا دەكەن. ئەم وێنە دڵتەزێنە پێمان دەڵێت: «هەڵكەندنی خەندەق بە حەفارەی توركی دواجار خەڵك بەپاچەكانیان رووبەڕووی ئەم كردەیە دەبنەوە. مێژوو پێمان دەڵێت: هەر كردەیەك لەگەڵ خەونی خەڵكدا نەیەتەوە، دواجار ئەمجۆرە لەخەون لەگۆڕ دەنرێت. هەر خەندەقێك بەئامێرە مۆدێرنەكان هەڵبكەندرێت، ئەوا دەست‌و بازووە بەهێزەكان خۆیان دەتوانن پڕی بكەنەوە.
ئێمە بۆ خۆمان پێویستمان نە بەخەندەقە نە بەدیوار. زیاد لەخەونێكی هاوبەش لەنێوان ئێمەو كوردانی رۆژئاڤادا هەیە. بۆئەوەی خەونەكانمان یەك بخەین، ئەگەر نەشتوانین كۆمەك بەیەكتری بكەین، خۆ دەتوانین دەمی حەفارەكان بووەستێنین. ئەگەر لانیكەم بۆ خۆجیاكردنەوەش بێت نەتوانین بەدەست‌و بازووی خۆمان دیوار دروست بكەین، خۆ لانی كەم دەتوانین چاڵەكان پڕبكەینەوە، پێش ئەوەی خۆمان‌و خەونەكانمان لەخەندەقەكەدا بنێژرێین.
پەیجی نووسەر
به‌روار:  21/04/2014
415   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

یەکەم کوردی ڕواندا گۆرانی بۆ کچان دەڵێ 🇰🇿

کەمپی پەنابەران لە ڕواندا 🇰🇿

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

دایکایەتی و هەژاری 😡

سمۆرەیەک تەرمی هاوڕێکەی بەجێناهێڵێ 😪

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   476
کۆی سه‌ردان:   29261274