وتاره‌كان
حیزبی بێ پەیام
 محه‌مه‌د به‌رزی


 ئەگەر بە شێوەیەکی سووک و ئاسان پێناسەی حیزب بکەین ، ئەوا دەڵێین :  بریتییە لە گردبوونەوەی کۆمەڵە کەسانێک لە ڕێکخراوێکدا ، کە باوەڕی تەواویان بە بیروباوەڕێکی دیاریکراوی سیاسییە و تێدەکۆشن بۆ گرتنەدەستی هەموو دەسەڵات ، یان بەشێکی ،  بە مەبەستی سەپاندنی سیاسەتی خۆیان ،  بە گشتیش سێ جۆر حیزب هەیە :  یەکەم :  حیزبی خاون ئایدۆلۆجییەکی دیاریکراو ، کە بە تەواوی  پابەندە بە بەرنامە و بیرۆکەی تایبەتی خۆیەوە و لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا ،  بە موو لە ڕێبازەکەی  لانادات .  جۆری دووەمیش  ئەو جۆرە حیزبانەیە ، کە بە پێی بارودۆخ بەرنامەکەی خۆیان دەگۆڕن .  پاشان جۆری سێیەمیشیان  حیزبی بنەماڵەیە ، کە کەسێکی سەر بە  بنەماڵەیەکی خۆسەپێنەر  سەرکردایەتی دەکات و بە چاوی مێگەل سەیری ئەندامەکانی دەکات  و  بە پێی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ، ڕێبازەکەی دەگۆڕێت ، بەبی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەیرە و پڕۆگرام و ڕای ئەندامەکانی .  دوای نەمانی سەرۆکیش نەوەیەکی خۆی بەبێ هەڵبژاردن و چەپڵەی درۆی  ئەندامەکانی  جێگای دەگرێتەوە .  بێگومان هەتا ئێستا  ئەمجۆرە حیزبانە بە زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بوونیان هەیە .  
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی یەکێتی نیشتمانی و بە تایبەتیش پارتی لە جۆرەکانی  حیزبی بنەماڵەن .  پارتی لە ڕۆژی دروستبوونیەوە ، تا ئەمڕۆ ، کە دەکاتە ٧٢ ساڵ یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات ، یەکێتیش بە هەمان شێوە  ماوەی  ٤٣ ساڵە یەک بنەماڵە سەرکردایەتی دەکات و دوای نەمانی سەرۆکەکانیان نەوە و خزمەکانیان جێگایان گرتوونەتەوە و دەستیان بەسەر هەموو جومگە گرنگەکاندا گرتووە .  جا لەگەڵ ئەوەشدا پرۆگرامی ئەم جووت حیزبە لەسەر کاغەز ، هاوتای پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبە سوشیال دیموکرات و حیزبە پێشکەوتووەکانی دنیان و خاوەنی سەنتەری ستراتیجی و لێکۆڵینەوە و چەندین ڕاوێژکاری سیاسین  ، بەڵام لەو هەموو ماوە دوورودرێژەدا  نەیانتوانیوە کورد بگەیینە کەنارێکی ئارام ، چونکە سیاسەتی ئەم حیزبانە تەنها  سەرۆک خۆیەتی و لە پێناوی مانەوە و بەرژەوەندی خۆیدا  ئەوەی ویستبێتی کردوویەتی، بەبێ ئەوەی ڕێز ، یان حسابی چڵە پووشێک  بۆ پەیڕە و پڕۆگرام و سەنتەری ستراتیجی و ڕاوێژکاری سیاسی و  ئەندامەکانی حیزبەکەی بکات .  لە ساڵی ١٩٧٥ دا و بۆ ئەوەی جڵەوی شۆڕشی ئەیلول نەکەوێتە دەستی کەسانی تر ،  بە فەرمانی یەک لایەنەی سەرۆکی پارتی ،  جاڕی ئاشبەتاڵ درا  و نزیکەی ( ١٢٠ )  هەزار پێشمەرگەی ئازا چەکی دانا و میللەت و وڵاتیان ڕووبەرووی مەترسی گەورە و گران کردەوە .  لە ساڵی ٢٠١٧ دا و بە بێ بوونی پایەکانی دەوڵەت و پشتگیری دنیای دەرەوە و یەکڕیزی ناوەوە  ، مەسعود بارزانی بڕیاری ریفراندۆم دەدات و بە دەمی خۆشی دەڵێت : ( حساب بۆ یەک کەس ناکەم )  ، واتە گویێ لە کەس ناگرم و بڕیاریش تەنها بڕیاری خۆمە . ئەنجامەکەشی ئەو ماڵوێرانییە بوو ، کە بە چاوی خۆمان بینیمان .  لە ساڵی ١٩٦٤ دا  جەلال تالەبانی بە بیانووی ئەوەی مەلا مستەفا عەشایەر  و کۆنەپەرست و تاکڕەوە  ، چەک بە روویدا هەڵدەگرێت و ئاگری شەڕی براکوژی هەڵدەگیرسێت و هەزاران ڕۆڵەی هەژار دەبنە خۆراکی ئەو شەڕە نەگریسە ، پاش ڕاپەرینیش دژایەتی نێوانیان بە فووی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان  سەرلەنوێ دەگەشیتەوە و گڕ و بڵیسەی ئێسک و پروسکی  هەزاران ڕۆلەی کورد دەکات  بە سوتوو ، کەچی جەلال تالەبانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار ، دەچیتە سەر گۆڕی بارزانی و داوای لێبوردنی لێدەکات و لە پرسەی حەمایل خانی دایکی مەسعود بارزانیشدا بە دەمی خۆی دەڵێت : ( لە پشت هەموو مرۆڤێکی مەزنەوە ژنێک هەیە ) .  جا ئەگەر بارزانی مەزن بوو ، ئەی ئەو هەموو خوێنەتان بۆ ڕشت ؟! . ئەمانە نموونەی خەروارێکن لە هەڵویستی خۆ پەرستانەی  سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی  پارتی و یەکێتی  .   بە کورتی لە حیزبی بنەماڵەدا سەرجەم ئەندامەکانی ڕۆڵی تووتی دەبینن و  سەرۆک هەموو شتێکە و سیاسەتیش بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی دەکات .  بەردەوامیش لە هەوڵی سرینەوەی بەرامبەرەکەیدایە ، تا بەتەنها خۆی بەشی شێری بەربکەوێت .  جا لەبەرئەوەی پارتی لە فێڵ و تەڵەکە و دانووساندا ئەزموونی لە یەکێتی  زیاترە ،  ئەوا توانیویەتی دەست بەسەر سەروەت و سامانی هەرێمدا بگرێت و ڕیزەکانی یەکێتی پەرت و لاوازبکات و بیکات بە پاشکۆ و شاگردی خۆی .  هەر بیرکردنەوەی پارتیشە لە ناوچەی سلێمانیدا لە هەوڵی دروستکردنی قەوارە و هەڵخەڵەتاندنی ئەندامی حیزبەکانی تردایە . ئەم سیاسەتە قۆرخکارییە چەوتەشە کارێکی وایکردووە  ماوەی بیستوحەوت ساڵە نەیانتوانیوە لە دەسەڵاتدا بەرنامەکانی خۆیان لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا جێبەجێ بکەن ، ئەوەندی لە هەوڵ و خەمی مانەوەی خۆیان و لاوازکردن و شکاندنی شکۆی  یەکتری و لایەنەکانی تردا بوون ،  ئەوەندە لە خەمی دواڕۆژی میللەتدا نەبوون .  جا ئەگەر ئەم دوو حیزبە بە تەنگ کێشەی میللەتەوە بوونایە ، ئەوا دەبوو باوەڕی تەواوایان بە دەستاودەستی دەسەڵات هەبووایە و  دوای داخستنی پەرلەمان و شکستە گەورەکەی ریفڕاندۆم .  وازیان لە دەسەڵات بهێنایە و لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنیان بکردایە و هەرێمیان لەو حاڵە نالەبارەی ئەمڕۆ ڕزگاربکردایە  ، کەچی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاتوون ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیان خستۆتە دوای هەڵبژاردنی عیراقەوە ، تا ئەگەر لە هەڵبژاردنی عیراقدا وەک پێشوو دەنگی خۆیان هێنایەوە و سەنگ و قورسایی خۆیان بە دڵبوو  ، ئەوا بێ ترس   بڕیاری هەڵبژاردن لە هەرێمدا دیاری دەکەن ، خۆ ئەگەر نەشیانتوانی ساختە بکەن  و  دەنگیێان نەهێنا و تووشی شکستبوون  ،  ئەوا بە  بیانووی جیاوازی بێ بنەما  هەڵبژاردنی هەرێم دوادەخەن و بە  تۆپزی لەسەر کورسی دەسەڵات دەمێننەوە ...  وەک ڕۆژی ڕووناکیش لێم ئاشکرایە ، مانەوەی ئەم حیزبە بێ پەیامانە ،  لە نسکۆیەکەوە دەماندەنە دەست نسکۆیەکی گەورەتر ، ئەو کاتە  دەبێ  خەونی ڕزگاری کورد ، وەک کورتانەکەی جەجاڵ  سەرلەنوێ  لەسەرەوە بدروێنەوە ،  کە دیارە ئەمەش خاوەی نەزانینی خۆمانە و  دەبێ بیدەین .

*****

٦ / ٥ / ٢٠١٨

ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات

به‌روار:  08/05/2018
83   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت
گەڕاندنەوەی پەرلەمانتارانی شارێکی هیند پاش 3 ساڵ و کۆمەڵێ بە
عاشورا لە پاکستان
پاشای سوید پێشوازی لە مناڵێکی فەلەستینی دەکا کە شێرپەنجەی خو
وەزیرێک لەترسی تەقینەوە پانتۆڵەکەی دەکەوێ
کۆڕی ماتەمینی شەهیدانی دیموکرات لە کۆیە
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   160
کۆی سه‌ردان:   17206925