بابەت ⁄ بۆ چارەسەر کردنی کێشە ناوخۆییەکانی (ی .ن.ک) .
ئارام قزلەری
نامەیەکی کراوە :
بۆ ئەندامانی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ) بەڕێز .
بابەت ⁄ بۆ چارەسەر کردنی کێشە ناوخۆییەکانی (ی .ن.ک) .
ھەڤاڵانی بەڕێز زۆر بەداخەوە دەبینین لە سایەی سەری ئێوەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە ڕۆژ بەڕۆژ بارو دۆخی ناخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرەو خراپی ھەنگاو ئەنێت و لە ئۆقیانوسێکی فراوانی خوێناویەوە کە بە خوێنی ئاڵو پیرۆزی شەھیدانی ئەو حیزبە لەئاستێکی بەرزو شەپۆلاویدا بو ، دەبینین ساڵ بەساڵ دەریاچەو جۆگەلەی پچوکی لێدەبێتەوەو ئێستا ئەوەی ماوە لەئاست گەورەی و مێژوی پیرۆزی ئەو یەکێتیەی جاری جاراندا نیەو ئەو دەریا فراوانەی بە خوێنی پیرۆزی شەھیدان بوبوە جێی شانازی و سەروەری بۆ گەلەکەمان و بۆ یەکێتی ، ئێستا وا لە وشک بون و نەماندایە.
ھۆکاری ھەموو ئەم گرفت و نەھامەتیانەی بەرۆکی یەکێتی گرتوە تەنھا ئێوەی بەرپرسانن و بۆ بەرژەوەندی خۆتان و ماڵ و منداڵتان سەرزی زمان و بنی زمانتان کردوە بە ڕێبازە پیرۆزەکەی مامی گەورەمان و چەپکە گوڵەکەی یەکێتی .
بەڵام زۆر بەداخەوە بە کردارو ھەڵسوکەوت و ڕابوردوتاندا سەلامانتان کە ھیچ ڕێزو حورمەتێکتان بۆ ڕێبازە پیرۆزەکەی مام و نە بۆ چەپکە گوڵەکەی یەکێتی و نە بۆ خوێنی پیرۆزی شەھیدان و نە بۆخەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەقارەمانەکانی ئەو حیزبەو نە بۆ مێژوی پیرۆزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا نەناوەو ، تەنھا بۆ خۆ دەوڵەمەند کردنی خۆتان و بەرژەوەندی تایبەتیتان تێکۆشاون و ھۆکاری بەفیرۆدانی خوێنی پیرۆزی شەھیدەقارەمانەکانیشمان تەنھا ئێوەی بەرپرسان بون .
دەبینین بەدەیان جار دانیشتون و کۆبونەوەتان ساز کردوە تا بگەنە ئەنجامێک بۆ چارەسەری گرفتەکانتان ، بەڵام بێ سودو بێ ئەنجام بووە . ھۆکارەکەشی ئەوەیە کەستان ھێزوتوانای ئەوەتان نیە دەستبەرداری پلەو پایەو کورسی دەسەڵاتان بن ، ناحاقیشتان ناگرین زۆرێک لە ئێوەی بەڕێز بە ھەمو تەمەنی خۆیەوە بەم جۆرەی ئێستای نە خاوەنی داھات و سەروەت و سامان و نە ژیانێکی شاھانەی وەک لەم جۆرەی ئەمڕۆشی بەخۆیەوە بینیوە .
ئێمەی خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگەو کادران و دڵسۆزانی غەدر لێکراوی ئەو حیزبە داواکارین لێتان بۆ ئەوەی دانیشتنەکانتان سەرکەوت و بێت و ئەنجامێکی باشی ھەبێت ، ڕەچاوی ئەم داواکاریەمان بکەن و دڵنیا بن یەکێتیش ڕزگاری دەبێت لەدەست ئەو نەھامەتیەی ڕوی تێکردوە و ھەم ئێمەی یەکێتیەکانیش تائەو کاتەی ئەمرین و سەرمان لەبەردی ئەلحەد ئەدات . یادگاریە جوانەکانی ئێوەو بۆنی خۆشتان لە لوتماندا ئەمێنێتەوەو بەڕۆح و بەدڵ لەگەڵماندا ئەبن لێمان جیانابنەوە .
یەک پیاوەتیمان لەگەڵدا بکەن .
داواکارین زەحمەت نەکێشن و کۆنگرە نەبەستن ، ھەرکەسەتان بە پێی مەزاجی خۆی کوڕی یان کچی یاخود زاوای یان ئەوەڵزاوەی لە جێگاکەی خۆی دا بنێت و ئەو کەنجە لێھات و خوێن گەرم و دڵسۆزانەی خۆتان بخەنە گەڕ بۆ نوێ بونەوەی یەکێتی . بەو کارە پیرۆزەتان ھەم ئێوەی بەڕێزیش و ھەم یەکێتیەکانیش ئیسراحەت ئەکەن .
ئێوە بن یان کەسە نزیکەکانتان جێگاکانتان بگرنەوە ، بۆ یەکێتیەکان و بۆ خەڵکی کوردستانیش ھیچ فەرق و جیاوازییەکی نیە . لەبەر ئەوەی مناڵەکانی خۆتان بێت یان کەسە نزیکەکانتان گرنک ئەوەیە ئەوانیش ھەر بۆنی ئێوەی بەڕێزیان لێ دێت و تەواکەری کارە ھەڵپەسێراوە نەکراوەکانی جەنابتان دەبن .
دڵنیا بن ئەم پێشنیارە جێ بەجێ بکەن ئاو بە ئاگردا ئەکرێت لە ناو یەکێتیدا و دوای ئەوەش بۆ ئەوەی ناوی یەکێتی بە گەورەی و پیڕۆزیەکەی بمێنێتەوە ناوێکی تر لەم یەکێتیەی ئێستا بنێن و ناوی بنێن یەکێتی بنەماڵەیی بەرپرسان و خواپیاداوەکان.
ئارام قزلەری
شارۆچکەی سوید
گوندی ستۆکھۆڵم
٢٠١٨⁄٠١⁄٢٨
ئەم ووتارە گوزارشت لە بۆچونی نووسەرەکەی دەكات
بهروار: 29/01/2018
467 جار خوێندراوهتهوه