وتاره‌كان
بزووتنەوەی گۆڕان و جەبهەی میللی
 عەدنان عوسمان
جەبهەی میللی، یەکێک بو لە هێزە گەورەو کاریگەرەکانی ئێران، هەر لە سەردەمانی دکتۆر موسەدیقەوە، لە سەرەتای پەنجاکان تا دەورانی شۆڕشی ئێران لە ١٩٧٩. جەبهەی میللی کارەکتەرێکی گرنگ بوو، لە ململانێ توندەکانی نوخبەی لیبرال و رۆشنفکری ئێرانی، دژ بە سیاسەتەکانی رەزا شای پەهلەوی.


 لەسەرەتاکانی دەرکەوتنی نارەزایەتییە جەماوەریەکانی میللەتانی ئێران دژ بە رژێمی شا، جەبهە رۆڵی کاریگەر و بگرە سەرەکیشی هەبوو لە جۆشدانی جەماوەر و سەرپەرشتی کردنی نارەزایەتیەکانیان. لە نێو جەبهەدا باڵێکی رادیکال هەبوو، کە دژ بە ساتوسەودا بوو لەگەڵ رژێمی شادا و، دەیویست هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکانی تری چەشنی خومەینی و تاڵەقانی و گروپەکانی تری نارازیدا بکات. لەهەمان کاتدا، لە ساتە هەستیارەکاندا کە مەفروز وابوو جەبهە رۆڵی گرنگتر و یەکلاکەرەوە بگێڕێت، باڵێکی تری میانڕەو و سازشکار هەبوو، کە لە ژێر کۆمەڵێک بیانوی وەک:
 بەرژەوەندی باڵای میللەت، ریگەگرتن لە خوێنڕشتن و فەوزا..هتد، دەستیان کرد بە پەیوەندی گرتن بە شا  ودەیانویست پەتی رزگارکردنی بۆ شۆڕ بکەنەوە(حبل النجاە). 


ئەوەبوو شاپور بەختیار، کە سەرکردەیەکی باڵای ئەو جەبهەیە بوو کرا بە سەرۆک وەزیران و کۆمەڵێک هەنگاوی چاکسازی نا ، ویستی لەدەسەڵاتە رەهاکانی شا کەمبکاتەوەو فەزایەکی ئازادتر بەسەر ئێراندا دروست بکات. بەرامبەر بەوە، دەستەی سەرکردایەتی جەبهە، بە تایبەت رابەرە بەهێزەکانیان لەوانە دکتۆر کەریمی سنجابی و داریوشی فروهەر،  دژ بەو هەنگاوەی شاپور وەستانەوە. بەڵام ئەوانیش جگە لە تەسلیم بون بە ویست و پلانی ئیمام خومەینی هیچ بەرنامەیەکی رۆشن و هەنگاوی کارایان پێ نەبوو.

 

راستە لە بەرەی گەل مانەوە، بەڵام بێ هیچ ستراتیجێکی رون و هەنگاوی کرداری و کاریگەری بەسەر رەوتی روداوەکانەوە. پێشتر دەیانتوانی بە سەدان هەزار کەس کۆبکەنەوە تا ئاستی یەک ملیۆن هاوڵاتی، کەچی دواتر توانای کۆکردنەوەی هەزاران کەسیشیان نەما. 
ئەم دوو هەڵوێستە سلبیەی جەبهە لەو ساتەوەختە هەستیار و چارەنوسسازەدا، کە پێویستی بە هەنگاوی خێرا و بوێرانەی یەکلاکەرەوانە بوو، هەڵوێستی بێ بەرنامەیی و بێ روئیایی و کەوتنە دوای شەپۆل و ئامادەنەبون بۆ رابەرایەتی کردنی میللەت، کە خۆیان پیشتر رۆڵی سەرەکیان لە ئامادەکردن و برەودان بە نارەزایەتیەکانیاندا هەبوو، وە هەڵوێستی تەسلیم بون بە بەڵێنەکانی شا و وەرگرتنی پۆست و دانانی پلانی بەناو چاکسازی،  ئەم دوو هەڵوێستە، جەبهەی وردە وردە بێتواناو لاواز کرد بەشێوەیەک لە ساڵانی دواتردا بە تایبەت دوای روخانی شا، رۆڵێکی ئەوتۆی نەمێنت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا. پێ دەچێت کەسیش ئاورێکی لەو کوژانەوەی ئەستێرەی ئەو هێزەی نەدابێتەوە، کە بەدەستی خۆی ، لە پێشەنگییەوە خۆی گواستەوە بۆ کورسیەکانی دواوە، لە هێزی رابەرەوە بوو بە هێزێکی لاوەکی پەراوێزخراو.


بۆ حزبێک کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی بە رەخنە گرتنی ریشەیی لە سیستەمی حوکمڕانی و داواکردنی چاکسازی و گۆڕانکاری بە هەڵخراندنی جەماوەر و هاندانیان بۆ دەربڕینی نارەزایەتی و بەرەنگاری و هەڵوێست وەرگرتن بردبێتە سەرو، نەوە دوای نەوەی لەسەر ئەو بیروبۆچوونە شۆڕشگێرانەیە گۆشکردبێت، وەستان لە ساتەوەختێکدا کە بواری وەستانی تیا نییە، وەک وەستانە لە نێو قوڵایی دەریاداو دڵەراوکێی هەنگاونانە بەرەو پێشەوە. وەستان لە کاتی وادا، نە بوار بۆ گەڕانەوەی هەیە و نە توانای بەردەوام بونیشی دەبێت. 
هێزی شۆڕشگێڕی رەسەن، سڵ لە هەنگاونان ناکاتەوە، دڵەراوکێ لە پشتی خۆی دائەنێت، زاڵ ئەبێت بەسەر ترس و ئەگەرەکاندا، هەنگاوی پتەو و خێرا دەنێت، بەرچاوی روون و پلانی حازر بەدەستی دەبێت.


 وەستان لەو ساتانەدا: خۆ مەشغوڵ کردن بە پرۆژەی لاوەکی و کۆبونەوە، خۆ خەڵەفاندن بە وەهمی چاکسازی و گۆڕانکاری، فریو خواردن بە بەڵێنەکانی دانیشتنە تایبەتەکان، ترس لە ئەگەرەکان، تۆقین لە ئایندە، گەورەکردنەوەی مەترسیەکان، دوورکەوتنەوە لە جەماوەر و رووکردنە دەسەڵات، مانەوەی هیوا بە دەسەڵات و کزبوونی هیوا بە جەماوەر، پەنابردن بۆ دیبلۆماسیەتی پرۆژەو کۆبونەوەو هەنگاوی دوا چارەسەر و دوا هیوا و وەلانانی ستراتیجیەتی تێکەڵ بون و رابەرایەتی کردنی میللەت، لەو ساتانەدا کە بواری وەستان و گەڕانەوە نییە، ئەمانە ئیتر سەرەتای لاواز بون و تەریک مانەوەو پەراوێز بونی هەر جوڵانەوەیەکی گەورەو کاریگەرە. جەبهەی میللی نمونەیەکی بەرچاوی ئەو حاڵەتەیە. حاڵەتێک، کە جەماوەری گەل و لایەنگرانی حزب، چەند فەرسەخێک لە پێشەوەی رابەرەکانەوەن.

شارپرێس
به‌روار:  09/02/2016
607   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

سلێمان هەڵشۆیی خەریکی گوون فرۆشتنە

کوژرانی ئوم فەهد ژنە ناسراوی سۆسیال میدیا لە بەغداد

یەکەم کوردی ڕواندا گۆرانی بۆ کچان دەڵێ 🇰🇿

کەمپی پەنابەران لە ڕواندا 🇰🇿

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1253
کۆی سه‌ردان:   29265808