هەلەبجە لە رەمەزاندا .....
ئازاد حەمدی
وە هەر پێش هاتنی مانگی رەمەزان ، خٶئامەدەکردن دەکرا ، بەتایبەتی لەلا یەن دانیشتووانەوە ، وەکودابینکردنی زەخیرە و پێداویستیەکانی مانگی رەمەزان .. ناو بازاریش دەکەوتنە ئامادەکردن بەتایبەتی لە خواردنی هەمە چەشنە (چەشنەکانی شەربەت ،شیرینی ، میوەهات ...هتد) سەرلە ئێواران لە چەند شوێنێک بەفردەفرۆشرا کە لە چاڵە بەفرەکانی عەبابەیلێوە دەهێنرا ، وەکو بەردووکانەکەی بەرێز رەشە خڕە کە ساردی فرٶش بوو ، بەر چایخانەکەی کاک عارف وە چەند شوێنێکی تر لە کانی قووڵکە......
هەر لە چێشتەنگاووە هەندێک دەچوونە سابات و شوێنە فێنکەکانی مزگەوتەکان بۆ ئیسراحەت و ڕٶژ بەسەربردن و قورئان خوێندن .....
کاتی نزیکبوونەوەی بەربانگ لە کەلاوە کۆنەکەی ناسراو بەسەراسوتاوەکە بەرێز ( نوری وەستاقادری ئاسنگەر ) تۆپێکی لە لوولە ئاسنێکی گەورە درووستکردبوو ، کە جەند پیاڵە بارووتی تێدەکرد و بە پەڕۆ کۆنە دیپەستا ، هەر کە گوێی لە بانگ دەبوو لە مەنارەکەی مزگەوتی (جامیعەوە ) بە شاپڵیتەیەک لەکوونی سەر تۆپەکەوە گڕی ئەدا و ناڵەی لێهەڵدەستا ، دەبووە هەرای سەیرکەرانی لە کروکاڵ و منداڵان .. بەوچەشنە دەنگۆی کاتی رۆژوو شکاندن ئاشکرا دەکرا ...
لەپاش رۆژوو شکان و پشوو یەک بەپێی پێوست دەچوونە سەردانی ماڵان بۆ دەمەتەقی و شەو بەسەسەر بردن بە قسەی خۆش ، لەزۆر ماڵاندا چیرۆک دەخوێنرایەوە .. لە چایخانەکەی بەرێز (حەمەکەریمی چایچی ) کەسانێکی زۆر کۆدەبوونەوە بۆ گوێگرتن لە چیرۆکی شەوانەی دوورو درێژ لە چەشنی ( رۆستەمی زاڵ ،شیرین و فەرهاد .....هتد).
هەر لەدووای نوێژی عیشاوە .. بە دەهۆڵ لێدان خاوەن حەمامی گەورە بەرێز(ئەحمەد حەمە موراد و حاجی زۆراب پاشا ) بانگێشتی ئەوەیان دەکرد کە (ئەم شەو حەمامی ژنانە یان پیاوانە ).
بهروار: 04/07/2015
859 جار خوێندراوهتهوه