وتاره‌كان
کێشەی کوردو مەسەلەکەی مەلای مەزبورە
 کامیل ژیر


***
دەمەتەقێیەکی نێوان سەلاحەدینی موهتەدی و کامیل ژیر
موهتەدی: بیراز- من عیراقم.. من عیراقم!
 یادی بەخێر گۆرانی مەزن هێندەی لەبواری شێعرو ئەدەب و هونەردا داهێنەرو بەهرەمەندبو، هێندەش لە شێعرە سیاسییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی ژیانیدا لاڕێ و ناسەرکەوتوبو. بێ هێزو بێ پێز. دور لەو جوانی و ئەوینەی کەهەمیشە ئاوێتەی شێعرە نەمرەکانیبو! گۆران، گۆرانی رچەشکێن بەرلەوەی لەسەر تەختی خەستەخانەو بەنەخۆشیی شێرپەنجە بمرێ، لەناو تابوتی شێعرە حیزبییەکانی ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا نێژرابو.
ئەگەر ئەوڕۆ سەیری عیراقی سەردەمی کردبایە، گۆران دەبو بڵێ: من عیراقم، من عیراقم، شیعە ئەو لاقم، سونە ئەم لاقم، کوردیش ناوگەڵۆزم لەپشتەوە تەپوتۆزئەکا!
دوکتۆر رەفیق سابیری فەلسەفەو کۆمەڵناس چاکیبۆچوە کەدەڵێ: لەعیراقدا یەک گەلی عەرەب نییە. دو گەل هەیە، گەلی عەرەبی شیعەو گەلی عەرەبی سوننە.
تابلۆ کۆنەکەی عیراق فەوتاوەو رەشبۆتەوە. تەرازوی هێز گۆڕاوەو ئەو حوکمانەی کەپێشو دەدران و پێشبینی دەکران بایەخ و برەویان نەماوە.
یەکێ لەو حوکمانە کەزیاتر لەهەشتا ساڵ وەکو گوناهێک دەرهەق بەگەلی کورد دەدراو دەوترا تەقسیمی عیراقبو.
گوایە تێکۆشانی گەلێکی مافخوراوی داگیرکراوی دابەشکراو، بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆی، بۆوەرگرتنی ئازادی و سەربەخۆیی، بۆیەکگرتنەوەی نیشتمان و گەلەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی تاوانێكەو سزاکەشی لەمێژە سەپاوە، کوشتن و بڕین و دەربەدەری و کاولکاری.
دابەشکردنی عیراق و جیاوازخوازی، کرابوە پەڵەیەکی رەش بەسەر تەوێڵی هەر کوردێک کە چوکەترین پەلەقاژەی کردبایە بۆ پساندنی زنجیرەکانی دەست و پێی. تەنانەت بەبێ ئەم پەلەقاژەش کوردبون ببوە بەڵگەی جیاوازیخوازی. چونکە راگوێستن و ئەنفال ژن و منداڵی جاشەکانیشی گرتەوە!
دوای روخانی رژێمی سەدام و دوایئەوەی کەسەری ئەو مەنجەڵە هەڵدرایەوە کەکۆمەڵگەی عیراقی تیادا نرابوە سەر ئاگر، دەرکەوت کە لایەنگرانی تەقسیمی عیراق ئەوەندە زۆرن و ئەوەندە سورن کەکەس کوردی هەر لەبیر نەماوە!
ئێستا شیمالی وەتەنی حەبیب بۆتە روگەی پیرۆزی تووریستان یاحەشارگەی هەڵاتو لەدەس تیرۆرستان، هەردولاش عەرەبە ناسیۆلیستە سەرکوتکەرەکەی جارانن کە بەتاوانی تەقسیمی عیراق ئەنفالیانکردین و ئێستا خۆیان خوازیاری تەقسیمن!!
نەمانی سەدام حەقیقەتێکی بۆجیهانی ئیسلام و عەرەب و ئەوروپاو ئەمریکاو دنیای دورو نزیک دەرخست کەکورد لەمێژبو دەیزانی کەچی گوتنەکەی کفربو، ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگەی عیراق چێشتی مجێورێکە ناڕێک و ناتەبا، نائاسایی و نایاسایی کە یا بەزەبری شمشێرەکەی حەجاج یا بەکیمیاکەی سەدام قابیلی راگرتنە.
کورد قازانجی کردوە کە ئەمجارەیان کەواسوری بەرلەشکرنییە. کوشتارە فراوان و  بێڕەحمەکەی شارەکانی عیراق تازە خەریکە چاوە قونجاوەکەی سیاسەتمەدارانی جیهان هەڵدێنێ و تازە تێدەگەن و لەخۆیان دەپرسن ئەگەر عەرەبی عیراق لەگەڵ یەکتر وادەکەن دەبێ لەگەڵ کورد چییانکردبێ؟
سەربڕینی رۆژانەو زکدڕینی بێ دەسپاراستن و بێ خۆفی خواو خەڵک لەکوچەو کۆڵانەکانی شاری بەغدا تازە خەریکە مەعنای ئەنفال و گۆڕی بەکۆمەڵ و دەشتی عەرعەر دەردەخاو تەفسیرێک و تەسویرێکی واقیعیانە دەداتە دەست لەوەحشیگەری بێ سنور. لەدڕندەیی و خوێنخۆری ئەم جانەوەرە دو پێیە!
ئەمجارە دنیا دەزانێ ئەنفال درۆی هەڵبەسراوی کوردەکان نەبو. نە لەژمارەی قوربانیان و نە لەچونیەتی تاوانەکەدا زێدەڕۆیی نەکراوە.
بیابانی عەرەبستان هیچ، لەخاکی کوردستانیش لەدهۆک و چوارقوڕنەو خوا دەزانێ لەکوێیدیکەش بەکۆمەڵ کوژراوبن و نێژراوبن!
گەلی کورد بەدرێژایی شۆڕشە درێژخایەنەکەی دەستی درێژنەکرد بۆ جینایەتی ژن و منداڵ و مەدەنی بێ تاوان کوشتن. هەربۆیەش ئەوڕۆ سەرەڕای ئەو رابوردوە خوێناوییەیان عەرەب پەنا دێنن بۆکوردستان. بۆکارو ژیان. بۆحەسانەوەو حەوانەوە. بۆئەمن و ئاسایش بەڵام هیچیان ناوێرن رو بکەنە لای برا عەرەبەکەی دیکەیان تەنانەت ئەگەر لەیەک عەشیرەتبن و نیوەیان شیعەو نیوەیان سوننەبێ!
بەڵێ کورد قازانجی کردوە کە ئەمجارەیان کەواسوری بەرلەشکرنییە.     
ئەمجارەیان ئاڵای تەقسیم خەڵکیدیکە هەڵیگرتوەو شەڕی ناوخۆ لەناو دو لایەنە عەرەبەکەدایەو لەسەر گۆڕەپانی عیراق یەکتر دێنن و دەبەن. کوردیش وەک مەلای مەزبورە لەوناوە وێستاوەو بۆ هەر ڕوداوێک ئامادەیە- رۆژنامەی ئاسۆ ژمارە271 رۆژی 3/9/2006 ل2.
ژیر: بیراز-من عیراقم و ئاشەکەی مەلای مەزبورە
ئەشێ برای خۆشەویستمان کاک سەلاحەدینی موهتەدی ئاگاداری بیرکردنەوەی هەندێ لەسیاسەتکارانی ئەو سەردەمەی ئەم دەڤەرە نەبێ کەگۆران هۆنراوەی (من عیراقم)ی تێاوت کە ئەوسا وتووێژی هاوڕییان و هەڤاڵان بەمجۆرەبو:
-ئەمانە چین راستبونەتەوەو داوای چوار پارچەکە ئەکەن؟
+بەچواریش داناکەون، داوای پێنج ئەکەن!
-کێن؟
+کۆمەڵێکن، کۆنەپەرست، شۆڤێنی، جیاخواز!
-چۆن؟
+کۆنەپەرستن، چونکە بیر لەسەربەخۆیی کوردستان ئەکەنەوە وەک بیرکردنەوە کۆنەکانی سەردەمی مادو خەیاڵی هۆنیارانی وەکو خانی و کۆیی تائەگاتە رەنجە بێوەرەکانی شێخ مەحمود. ئاخر ئەمڕۆ سەردەمی پێکەوەژیانی گەلان نیە!؟ ئایا هیچ نیشتمانێک ئازادو هیچ گەلێک بەختیارە وەک یەکێتیی شورەوی مەزن کە لەچەندین نەتەوە پێکهاتوە؟
شۆڤێنین، چونکە باوەڕیان بەبرایەتیی رەگەزە جۆراوجۆرەکان نیە!
جیاخوازن، چونکە ئەیانەوێ کۆمارە کۆرپەکەی چواردەی تەموز دولەتبکەن!
جگەلەوانە، کوا کێئەڵێ ئێمە مەرجی بونەنەتەوەمان تیایە؟ ئێمە بەپێی مەرجەکانی هاوڕێ ستالین، لە کەمینەیەک بەولاوە چیتر نین. کەمینەکەش ئەبێ لەخزمەت زۆرینەدابێ و ئەگەر پێویستیکرد، بکرێتە قوربانی ئەو زۆرینەیە. ئەی هەرێتیی مێژو (حتمیە التاریخ) تواندنەوەی نەتەوەکان نیە؟ ئەی نەتەوایەتی خۆی لەخۆیدا قۆناغێکنیە لەمێژودا!؟
-ئەم کۆمەڵە ناویان چیە؟
+کورد کوژە.
هەڵبەت ئێستە جێی شانازی و دڵخۆشییە بۆ هاوبیرانی کوردایەتی کە دوای پەنجا ساڵێک و لەم سەردەمەدا، ژمارەیەکی بەرچاو، لەهاوڕێ و هەڤاڵانی (بیرە زانستییە پێشکەوتنخوازەکان!) وەک بیرکردنەوەی (کورد کوژەکان) ئەنوسن و رێگە بە برامان سەلاحەدینی موهتەدی ئەدەن، هۆنراوەکەی گۆران (من عیراقم) بیرازبکات و باس لەئازادی و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی نیشتمان و گەلەکەی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بکات وەک لەلاپەڕە 2ی ژمارە 371ی رۆژنامەی بەڕێزی ئاسۆدا هاتوە. هەرچەندە مامۆستای موهتەدی، لەکۆتایی وتارەکەیدا، باش نەیپێکاوە کاتێ ئەڵێ: (دەرکەوت لایەنگرانی تەقسیمی عیراق ئەوەندە زۆرن، ئەوەندەش سورن، کەس کوردی هەر بیرنەماوە) کە لەڕاستیدا هۆکە ئەوەنیە، بەڵکو بۆیە کەس کوردی بیرنەماوە، چونکە سەرانی پارتییە دەسەڵاتدارەکان، بەپێچەوانەی خواستی نەتەوەی کوردو جەماوەری پارتییەکانی خۆشیانەوە، نەک هەر بەلای بانگەشەی تەقسیمی عیراقدا ناچن، بەڵکو بونەتە مامە خەمەی عیراقی یەکگرتو! بەجۆرێ کە لەعیراقی عیراقیترن و لەهەوێنی نۆ قازان شیر، زیاتر خۆ ئەکەنە هەوێنی ئاشتکردنەوەی ئەو لایەنانەی بەدرێژایی مێژو کوردیان قڕکردوە.
هەروەها برای موهتەدیمان، لەوەشدا نەیپێکاوە کەئەڵێ: (کورد قازانجی کردوە کە ئەمجارەیان کەواسوری بەرلەشکر نیەو وەک مەلای مەزبورە لەو ناوە وەستاوەو بۆ هەر روداوێک ئامادەیە) کە بۆ کورد، پێچەوانەی (وەستان) راستە. کورد ئەبێ بۆ رزگاری و سەربەخۆیی، خۆی ببزوێ و چاوەڕوانی قەدەری غەیب و بەزەیی ئەموئەو نەکا. ئەگینا ئەگەر لەم گەرمەی شپرزەیی و شەکەتییەی ئەوانەدا، گورزی کاریگەری شێخ رەزایانەی خۆی نەوەشێنێ، ئەوا کە (گەمەکە) کۆتایی هات ، بە ڕێکەوتن، یا سەرکەوتنی لایەکیان، ئەوسا ئاشەکەی مەلای مەزبورەی کورد، وەرئەگەڕێ و سەری شکاوو بنی دڕاو بۆئێمە ئەمێنێتەوە!- رۆژنامەی ئاسۆ ژمارە 281 رۆژی 26/9/2006 ل2. 
موهتەدی: بیراز- دەمەتەقە نەک دەمەقاڵە!
لەنێوان هاوین و پایزی ساڵی 1962لەسەر بریاری یەکێتیی خوێندکارانی کورد، کۆلێجی حقوقی زانکۆی تارانم بەجێهێشت و هاتمە ناو شۆڕشی کوردستانی عیراقەوە کە تازە ساڵێکبو سەری هەڵدابو .
سەرتان نایەشێنم 2 ساڵ پێشمەرگەیەتیمکرد بەڵام بەقەت سەد ساڵ شانازی و ئەزمونم پێبەخشراو هەژار گوتەنی ئەمە چەرخی بە هەمو ژینمدا! من بەرلەهاتن بەنهێنی ئەندامی کۆمیتەی تارانی حیزبی دیموکراتی کوردستانبوم، بەڵام لەراستیدا خۆم بە دەروێشی تەریقەتی کوردایەتی پێش پارتە خودموختاری خوازەکان دەزانی و شەوو رۆژ خەریکی خوێندنەوەو لێکدانەوەی بەسەرهات و مێژوی خۆیبون و هیواو ژ.ک بوم.
باوکم لەبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەی ژ.ک و لەڕیزی وەزیرانی کابینەی پێشەوابو، جگە لەعەرەبی و فارسی مامۆستای زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردیشبو.
من لەمنداڵییەوە بەو بیرە گۆچمگرتبو، هەر کەهاتیشم بۆ کوردستانی عیراق، لەناو ریزەکانی حیزبی دیمکراتدا خەڵکی وام زو پەیداکرد کە هاوباوەڕو هەم مەسلەکبوین، زۆری پێنەچو لەم کوردستانە ئازادە لەسەرەتای ساڵی 1962 بەنهێنی رێکخراوێکمان بنیاتناو ناوماننا کۆمەڵەی رزگاری کوردستان. لەمەرامنامەکەیدا نوسیمان کورد یەک نەتەوەیەو کوردستان یەک نیشتمانەو کێشەی کورد چارەسەری یەکجاری ناکرێ بەبێ پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆو یەکگرتو.
بڕێک لەهاوڕێکانم دو سێ ساڵ بەرلەمن هاتبون و دانیشتوی سلێمانیبون و دۆستوئاشنای زۆریان هەبو. یەکەمجار ناوی کاژیکم لەوان بیستبو، زۆرم ێخۆشبو بیانبینم و بیانناسم. بۆم هەڵنەکەوت تا رژێمی عەبدولکەریم قاسم روخاو ئێمەی پێشمەرگەش رێگەمان پێدرا بۆ چەند رۆژێک بچینە سلێمانی. بۆمن خەونێکی خۆشبو کە دەهاتەدی!
من خۆشەویستیی سلێمانیم وەک زۆر شتیدی لەباوکم بۆ بەجێمابو. لەبیرمە هەمیشە ئاخی هەڵدەکێشاو ئارەزوی دەکرد زانکۆیەک لەسلێمانی دامەزرێ و ئەویش دەرسی زمان و ئەدەبی کوردیی تێدا بڵێتەوە!
لەو سەفەرەی سلێمانیم بۆیەکەمجار چەند گەنجێکی هاوتەمەنی خۆمیان پێناساندم کە سەر وەقتابخانەی کاژیکبون. نەمدەزانی پلەو پایەی حیزبیان چیەو چەندە، بەڵام زۆر وێچون و هاوسانیم بەدیکرد لەبیرکردنەوەو ئامانجەکانماندا.
ئەو گەنجانە باسی (کامیل ژیر)یان بۆکردم کە ناویم زۆر بیستبو بەڵام هیچم لێنەخوێندبوەوە، دواتر نامیلکەیەکی ئاوێتەی شێعرو پەخشانم دەسکەوت و توانیم چیایەکی سەرکەشی ئاگرپژێن بخەمە ناو جانتای هەمیشە بەکۆڵی پێشمەرگەییمەوە. نامیلکەیەک کە دەیگوت کوردایتی هەم ئامانجەو هەم قۆناغ! (ببورە، وتبوم قۆناغ نییە- ژیر) دواتر لەوبارەوە شتێکم لە حەمەی مەلا کەریم خوێندەوە کە خۆشەویستی و بایەخی ئەم چیا ئاگرینەی لەبەرچاوم بەرزترو مەزنترکرد.
بەمجۆرە کامیل ژیری (کورد کوژە) لەلای من بوبە بیرمەندێکی ئەو رێبازەی کە خۆشم رێبواریبوم .
ساڵ هات و ساڵ رۆیی و سەرەڕای ئارەزوی زۆرم، چەرخی چەپگەردو سنوری دەسکردو زیندان و پێشمەرگایەتی و ئاوارەیی بەردەوام، دەرفەتیان پێنەدام بۆ دانیشتنێک و دیدارێک و دوانێکی تەسەل و تاسەشکێن .
دوای چل ساڵ لەناکاو لەرۆژنامەی ئاسۆدا کەهەمو هەفتەیەک من ستونێکم هەیە بەناوی (بیراز) نوسراوێکم دیت لەسەر خۆم و نوسراوەکەم بەئیمزای مامۆستا کامیل ژیر، هەمو بیرەوەرییە کۆنەکانم لەلا زیندو بوەوە.
ئەمجارە کامیل ژیر تێکۆشەری دێرین، زانای سیاسەت و مامۆستای کوردایەتی، گەردالێک بەفری تەمەن، لوتکەی چیا ئاگرینەکەی پێ کردوە بەڵام ساردی نەکردۆتەوە. قەڵەمی هەروا بەبڕشتە، قسەی هەر وا رەق و کینەی بەرامبەر نەیارانی کۆن هەر وا ئەستور!.
زۆرم پێخۆشبو کە نوسراوەکەیم خوێندەوەو زۆریشم پێخۆشبو کە زانیم ئەو، نوسراوەکەی منی خوێندۆتەوە چونکە هەر لەلای گەوهەرییە قیمەتی گەوهەر!!،
دەمەوێ چەند شت عەرزی مامۆستای خۆم بکەم:                                                               1- منیش کەمتاکورتێک ئاگاداری چەندوچونی ئەم رۆژگارە هەم کە گۆران شێعری من عیراقمی تێدا گوت و منیش هەمیشە لەڕیزی تانەبێژان و تەوسهاوێژانیدابوم، ئەمەیان گۆرانی سیاسەت و حیزبایەتی دەگرێتەوە، بەڵام پێمخۆشە ئەمەش بڵێم کە من یەکێک لە هەرە ستایشکەران و لایەنگرانی گۆرانی شاعیرم. پێموایە دوای نالی کەس بەقەت گۆران نەیتوانیوە کاریگەری هەبێ لەسەر شێوازو رێبازی شێعری کوردی. یەکێک لەوکەسانەم کەوەک رەخنەگرێکی سەوداسەری ئەدەب، لەدامەزران و گەشەپێدانی شێعری نوێی کوردی لەکوردستانی رۆژهەڵات و لەسەر ئەو رچەی کە گۆران شکاندبوی، دەستی باڵاو دەوری بەرچاوم هەبوەو شانازیشی پێوەدەکەم.
2-منیش لەگەڵ مامۆستا کامیل ژیر هاودەنگ و هاوڕام کەبەشێك لەچەپی کوردی لەڕابوردودا لەبواری خزمەت بەنەتەوەکەی و بڵاوکردنەوەی بیری رزگاریخوازی و بەشداری لەم خەباتە پیرۆزەدا، توشی زۆر هەڵەو هەڵدێربوەو گەلێکیش عەیبوعاری هاتۆتەوە سەر، بەڵام دو راستیش دەبێ لەبەرچاو بگیرێ، یەکەم ئەوەیە کە ئەم رەخنەو لۆمەیە هەمو چەپێک ناگرێتەوە، بەپێچەوانە، هەزاران و هەزاران کوڕو کچی گەنجی کورد – لەئۆردوگای چەپ – لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان و بە هاواری بژی کوردو کوردستان ( بەعەشقەوە چون بەرەوپیری مەرگەوە).
دوهەم ئەوەیە لەزۆر جێگای ئەم کورەی زەوییە، بزوتنەوەو بەرەی چەپ ئاڵای رزگاریی نیشتمان و دەرکردنی داگیرکەری بەرزکردۆتەوەو بە ئامانجیشی گەیاندوە.
ئەمە بەشێک لەچەپی خۆماڵی دەستەمۆو دەسخەڕۆی دەسەڵات و سیاسەت و بەرژەوەندو فەرهەنگ و سامانی بێگانەی دورو نزیکبون کەباوەڕی چەپ و پێشکەوتنخوازیان لەناو میلەتی کوردا وا دزێو و رزێوکرد کە ئەوڕۆ کەس ناوێرێ خۆی لێبکا بە ساحێب!
مامۆستای ئازیزم! دەمەوێ ئەم نوسراوەیەم دیالۆگێکی دۆستانەو دەمەتەقەیەکی خۆمانەو خۆشەویستانەبێ و دوربێ لە دەمەقڕەو دەمەقاڵە!!
هەر بەو نیازو خۆزگەشەوە ئەم چەند دێڕە دەنوسم بەڵکو تامەزرۆشکێنی عومری رابوردوم و رێگا خۆشکەری دۆستایەتی دیداری ئەم سەردەمەمانبێت – رژنامەی ئاسۆ ژمارە 283 رۆژی1/10/2006 ل2. 
ژیر: هەر دەمەتەقەیە نەک دەمەقاڵە
ئەمڕۆ نۆ ساڵێک بەسەر ئەم دەمەتەقەیەدا تێئەپەڕێ. لەم ماوەیەدا، بەخۆشییەوە،چەند جارێک بەدیداری یەکدی شادبوین. جێی خۆیەتی لەدەمەتەقەی ئەمڕۆماندا، ئاوڕێک لە رابوردویەکی نزیکمان بدەینەوەو بپرسین ئاخۆ کوردە خەوتوەکانی هاوشێوەی (اصحاب الکهف) بەخەبەر هاتون!؟ یا ئەمانیش بەتەمای 300ساڵ خەوی غەفڵەتن!؟
ئاخر ئەوەتا ئێستەش پارتە خودموختاریخوازەکانی رژهەڵات بە بادەی یەکێتیی خاکی ئێران مەست و حەیرانن! هەروەک ئەوانەی باکورو رۆژئاوا کە شوێن کڵاوی بابردوی دیموکراتیک کەوتون و سەربەخۆیی رەتئەکەنەوە! یا وەک ئەوانەی باشور کە خۆیان بە گەمەی فیدراڵی ئەخەڵەتێنن!! تۆ سەیرکە، ئێستە قەوانێکی تازە کەوتۆتەکار! ئەڵێن: ئێمە گەندەڵی و تەنگژەی ئابوری و کێشەی کارەباو نەدانی موچەو چی و چیمان بۆ چارە ناکرێ، ئیتر سەربەخۆیی چێ!؟ ئەمانە قسەی راستن، بەڵام عەرەب واتەنی: وشەیەکی راستە بۆمەبەستێکی پوچ (کلمە حق یراد بها الباطل) راستتر ئەوەیە ئەو دیاردە ناپەسندانە، نەبونیان باشترە، بەڵام بونیان، رێگە لەسەربەخۆیی ناگرێ، بەڵکو لەقەوارەیەکی سەربەخۆدا، ئەو دیاردانە ئاسانتر چارەسەر ئەکرێن. وەڵامێکیش بۆئەوانەی چاوەڕێی گۆدۆی ئەمریکا ئەکەن گوایە سەربەخۆییمان بۆ دەستەبەر بکا!! ئەڵێین: ئەمریکا تائێستا سەربەخۆیی بۆ چ نەتەوەیەک دەستەبەرکردوە!؟ ئەو ئەمریکا ئەفسانەیە، وەک مەلای مەزبورە، وەستاوەو هەرچی سەرکەوت، ئەو ئەبێتە لایەنگری! هەرچیش ژێرکەوت، ئەو سواریئەبێ!. بۆئەوانەش کە لەئابڵوقەی ئابوری تۆقیون ئەگەر جاڕی سەربەخۆییماندا، ئەڵێین: ئێوە ئەتانەوێ ماسی بگرن و قاچیشتان تەڕنەبێ!؟ مەترسن! ئابڵوقەی ئابوری لەهیچ کات و جێیەکدا سەرکەوتنی بەدەسنەهێناوە.. بەکورتی و بەکوردی، وەڵامێکی گشتی بۆ هەمو ئەو بڕوبیانوانە ئەوەیە: لەنەبونی سەربەخۆییدا، ئەمەی هەیە، ئەوەش نامێنێ و مەرگەساتی چەندین ئەنفالیتر چاوەڕوانمان ئەکات! با شەڕە سەگەکەی نێوان خۆیان بەلایەکدا بکەوێ، ئەوسا ئەبینین چۆن دێنە وێزەی ئێمەو ئەمریکاو ئەوروپاو روسیای دۆستانی دێرینی ئەتاتورکەکان، ئەبنە لایەنگری ئەوان!. لەبەرئەوە، کاکە موهتەدی: دوبارەی ئەکەمەوەو ئەڵێم: نابێ وەک مەلای مەزبورە رابوەستین و چاوەڕێی کەوتنی لایەکیان بکەین. ئێستە لەم کاتی پێکهەڵپژاندنەی ئەواندا، گورزی رۆستەمانەی خۆمان نەوەشێنین، دوایی هەلەکە لەدەسئەچێ و هەزار کاڵەک بەئەژنۆ بشکێنین، پولێک ناهێنێ!!.
ئەمڕۆ 1/10/2015 من مردو و ئێوە زیندو! – کامیل ژیر

          
ژیر                                                 موهتەدی
 


 
 
به‌روار:  03/07/2015
834   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  وتاری زیاتر ...
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
عەبدولڕەحمان مهابادی
پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح
ئازاد حەمدی
ژماره‌ی بابه‌ت

یەکەم کوردی ڕواندا گۆرانی بۆ کچان دەڵێ 🇰🇿

کەمپی پەنابەران لە ڕواندا 🇰🇿

ئەڵمانیا 27 پەنابەری کورد و ئێراقی دیپۆرت کردەوە

دایکایەتی و هەژاری 😡

سمۆرەیەک تەرمی هاوڕێکەی بەجێناهێڵێ 😪

مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   527
کۆی سه‌ردان:   29261632