دوێنێ دژایەتیکردنی یاشار کەمال و ئەمڕۆ هی بەختیار عەلی


پاش ئەوەی ئەمڕۆ بەخشینی خەڵاتی هێلدێ-دۆمن 2023 بە نووسەری کورد و جیهانی بەختیار عەلی ڕاگەیەندرا، ژمارویەکی زۆر خوێنەر و ئەدەبدۆست خۆشحاڵی و شادمانیی خۆیان دەربڕیوە و دەردەبڕن، چونکە لەو باوەڕەدام ئەوانیش وەک من پێیان وایە کە هەر خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بۆ نووسەرێکی سەر بە نەتەوەی کوردی بێ دەوڵەت و دەرەوەی مێژوو هەلگری واتایەکی گەورە و قوڵە و جۆرێکە لە داننان بە بوونی خۆمان و زمان و ئەدەبیات و کەلتوورماندا.
هاوکات کەمینەیەکی کەم بوون بە مەحموود باکسیی سەردەم و لە هەوڵی کەمکردنەوەی ئەو خەڵاتە گرنگەدان. ئەمانە بە شوێن پێی ئەو کورد و تورکانەی دانیشتووی سوێددا دەڕۆن کە بە پێی جەند گەواهییەک ڕۆڵیان هەبووە لەسەر لابردنی سەرنجی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبێل لەسەر نووسەری گەورە یاشار کەمال.
چەند نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی کورد و تورك لە وتار و بیرەوەرییەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە ھەندێك لە کورد و تورکەکانی دانیشتووی سوێد ڕۆڵیان ھەبووە لە گۆڕینی ڕای کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ لەسەر یاشار کەمال. بەپێی وتارێك بە زمانی تورکی کە بەستەرەکەی لە کۆمێنتە، ھونەرمەندی شێوەکاری کوردی خەڵكی باتمان ئەحمەد گوینەش تەکین دەڵێت: "دوای ئەوەی یاشار کەمال بۆ خەڵاتی نۆبڵ پاڵێورا، ھەندێك  بەناو نووسەری کورد و تورکی دانیشتووی سوێد دەچنە لای ئەندامێکی دەستڕۆیشتووی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ و پێی دەڵێن «خەڵاتی نۆبڵ مەدەن بە یاشار کەمال. ئەو نووسەرێکی پلە پێنجە. پیاوی دەوڵەتی تورکە و لەگەڵ دەوڵەت ڕێککەوتنی ھەیە...» لە سۆنگەی ئەو قسانەوە خەڵاتی نۆبڵ بە یاشار کەمال نەدرا. ئۆلۆف تاندبێرگی سکرتێری ئەو سەردەمەی کۆمیتەی نۆبڵ ئەم قسانەی بۆ من گێڕایەوە."
بە قسەی ھەردوو نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد موحسین کزلکایا و ئەیوب بورج بێت، سەرکێشی ئەو کەسانەی کە لای کۆمیتەی نۆبڵ زمانیان لە یاشار کەمال داوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کوردی کۆچکردوو مەحموود باکسی (1944-2000) بووە. باکسی ساڵانی دواتر لە ھەموو شوێنێك بە شانازییەوە دەیگوت کە ئەو ڕێگر بووە لە بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە یاشار کەمال. باکسی بەر لە مردنی، نووسەری کۆچکردوو  محەمەد ئوزوون (1953-2007)ی کرد بە تکاکار و زۆر ھەوڵی دا یاشار کەمال لێی خۆش بێت، بەڵام ئەو ھەرگیز لێی خۆش نەبوو.
گوینەشتەکین پایزی ساڵی 2015 لە سلێمانی ئەو قسانەی بۆ نووسەری ئەم دێرانەش گیڕایەوە. خۆمیش یەک دوو جار باسەکەم لەگەڵ یاشار کەمالدا کردەوە، بەڵام هەستم کرد حەز ناکات باس بکرێت.
ئاشکرایە بارودۆخی ئەم سەردەمە جیاوازە و ئەستێرەی بەختیار عەلی تا دێت درەوشاوەتر بە ئاسمانی ئەدەبیاتی جیهانییەوە دەدرەوشێتەوە.

بەکر شوانی
ئەڵمانیا

کلیکی ئێرە بکە

به‌روار:  23/11/2023
352   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   232
کۆی سه‌ردان:   30502749