|
قومبەلەکەی عەلی قەڵەو و ئاربیجیەکەی من

پاییزی 1983
جۆن بێری دەڵێ :"یادەوەری شتێکی سەیرە؛ هەم دەتوانیت پێی بژیت، هەم دەتوانیت پێی بمریت."
ساڵی 1984 " کاک عەلی قەڵەوی حسک"کە هاتبوەوە ناو یەکێتی ، لە سلێمانی "نەورۆز" قومبەلەیەکی تێگرتبوو.
هات لە بارەگای ئێمە لە چنگیان گێڕایەوە و وتی:
قومبەلە دەگیرێتە زیلی عەسکەری، کەچی نەورۆز گرتیە من.
گومرگی بەوزان/1983
من و کاک بەکر چاوشینی پێنجوێنی لە گوندی بەوزان گومرگ بووین.
ئێران شاخی لەرێی گرت و بەرەو شاخی تالێری ناڵپارێز دەچوو.
ئێراقیش بۆ وەستانی ئێران پەلاماری مەڵبەندی 1 دا له حاجی مامەند.
تیپی 31 پێجوێن کشانەوە بۆ شەڕی مەڵبەند، تەنیا یەک مەفرەزەی " مەلا عەتاری ڕەحمەتی" مابوونەوە و ئێمەش دوو پێشمەرگەی گومرگ بووین.
شەوانە بۆ پاراستنی خۆمان لە گوندەکانی " مامە خەلان و موبڕە و گۆڕەدێم و بەوزان" دەخەوتین.
بەیانیەکیان بە گردەکەی بەوزانەوە وەستابووم بۆ گومرگ کردن.
ئار.بی جی.یەکیان پێوەنام و خل بوومەوە.
خەڵکی ناو دێکە وایانزانی کوژراوم.
" کاک حەبیبوڵای ساوان" فەرماندەی دیموکرات کە ماڵی لە بەوزان بوو بەکڵاشینکۆفێکەوە گەیشتە سەرم و ، کاک عوسمانی ئەنجومەنی
" گوێزێ" ش بە چەکەوە هات.
لە بەرزاییەکانی لای بەنگەنەکەی گۆڕەدێمەوە تەقەیان لێدەکردین.
بە سێ قۆڵی تەقەمان لێکردنەوە و هەڵاتن.
کاک بەکر ئەو کاتە لای موبڕەوە بوو.
کەچوینە بەنگەنەکەی گۆڕەدێم ، قەوانی فیشەکەکان و یەک دوو سندووقی خاڵی لێ بوو.
دوایی پێیان ووتین کە ناقیلەیەک و دوو پیکاب جاشی چوارتا کە زانیویانە پێشمەرگە لە سنوورەکە نەماون، هاتوون بمانکوژن و پارەکەش بەرن.
تەنانەت کە کەرتەکەی" کاک عەلی چەلەبی" هاتنەوە چنگیان ، کاک ئەکرەمی برای کەزانی من گومرگ بووم ، ووتی:
مەفرەزەیەکی گەورەی پێشمەرگەکانی "جود" بەتەما بوون بێن بۆتان بۆ پارەکە و لێتان بسەنن.
کە پارەی وەجبەی دوەممان بردەوە بۆ مەڵبەندی یەک لە حاجی مامەند و پارەکە بە من بوو، تەسلیمی " مامۆستا ساڵح ژاژڵەیی" بەرپرسی دارایی مەڵبەندم کرد، ماچی کردم و دەستی کرد بە گیرفانیا و ووتی:
بە گۆڕی شەهید ئارام هەموو مەڵبەند ساحێبی ئەم پێنج دینارەیە.
پێشمەرگایەتی جاران دەروێشایەتی بوو بۆ کوردستان و کوردایەتی.
سەدان گەنجی شاری سلێمانی کە هاوڕێ و خزممان بوون بۆ شەهید بوون چووبنە شاخ و زۆریشیان بە مەرگی خۆیان سەلماندیان پێشمەرگەی خەبات و شۆڕشن.
نەفرەت لە حیزبایەتی ئەم دەسەڵاتی کوردیەی کە نەتەوە و خاکیان کرد بە سامان و موڵک و قومار و سۆزانی خانە و "تەعریبیان" کردووه ، وا بەرەو نسکۆ و هەرەسێکی تری دەبەنەوە.
وێنەکە / فەرماندەی دێرین " کاک حەبیبوڵای ساوانی" و لە لۆفەکەی بەوزانە ،ئەو شوێنەی ئاربیجیەکەیان تێگرتم.
وێنەکە ڕۆژی 2024.9.28 گیراوە.
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
وێنەکان لەم لینکەدایە:
سەیری وێنەکان بکەن
بهروار: 11/07/2026
70 جار خوێندراوهتهوه
|