|
حوسییەکان و کورد لەچیدا جودان…؟
حوسییەکان سێ شتیان هەیە کە کورد نییەتی وە دوو شتیشیان نییە کە کورد هەیەتی…
ئەو سێ شتانەی حوسی هەیانە و کورد نییەتی:
١) دەریا… حوسییەکان دەریایان هەیە و کورد نییەتی.
هەر قەوم و نەتەوەیەک دەریای هەبێت، بەسرووشت نەتەوەی ئازادە.
خێڵە بیدائی و بێبەهرەکانی بەحرەین و ئیمارات و قەتەر و کوەیت و عومان ئەگەر دەریایان نەبوایە و لەوشکانی بونایە، بەکەڵکی ئەوە نەداتن وەک خێڵە ئەعڕابییەکانی جبور و شەمەریش حیسابیان بۆ بکرێت، چ جای ئەوەی ببنە دەوڵەت و ئەندام لەنەتەوە یەکگرتووەکان.
کورد لەتە دەریایەیکی هەبوایە دەوڵەتی دەبوو و ئەو دەوڵەتەشی لەهی هەر ٢٢ دەوڵەتە ئەعڕابیەکان سەرکەوتووتر دەبوو.
٢) یەکێتی عەقیدە و ناسنامە…
ناسنامەی حوسییەکان شیعەی زەیدییە و عەقیدە و ئایدیۆلۆژیشیان هەر شیعەی زەیدیە.
ئەوان لەپێناو ناسنامەیەکدا خۆیان فیدا دەکەن کە عەقیدە و باوەڕیانە و لەپێناو عەقیدە و ئایدیۆلۆژییەکیشدا خۆیان بەخت دەکەن کە ناسنامەیانە.
کورد ناسنامەی کوردی خۆماڵی هەیە، بەڵام عەقیدە و بیروباوەڕی کوردانەی نییە.
هەموو عەقیدە و ئایدیۆلۆژیاکانی کورد دەستی دوون و هاوردەکراو و ئێکسپایەرن. بەدبەختیەکە لەوەدایە، عەقیدە و ئایدیۆلۆژیەکانی هی دەستی دووی داگیرکەرن.
کورد هێندە بێ عەقیدە و ئایدیۆلۆژیایە، تاکە نەتەوەیە کە مونەزیر و تیۆریسیانی ناسیونالیستی نەبێت.
گرفتی ئەم هاوتانەبوونەی ناسنامە و ئایدیۆلۆژیایە لەوەدایە تاکی کوردی ئەگەر ناسنامەی کوردی یان کوردستانی هەبێت عەقیدە و ئایدیۆلۆژیای نییە و ئەگەر عەقیدە و ئایدیۆلۆژیاشی هەبێت ناسنامەی نەتەوەیی نییە.
٣) حوسییەکان وەک پڕۆکسی یان داردەست پاتڕۆن یان پشتیوانێکی متمانەپێکراوی درێژماوەیان هەیە.
من لە تێزێکدا ئەو جۆرە پاترۆنەم ناوناوە پاترۆنی پۆزەتیڤ یان ئەرێنی.
هاودینی یان هاونەتەوەیی مەرجێکی بنەڕەتی پاتڕۆنی ئەرێنییە و مەرجەکەی دیکەش ئەوەیە کە بەهێزبوون و تەنانەت بەدیهێنانی سەربەخۆیی نەتەوە پڕۆکسسیەکە خزمەتی دەوڵەتە پاتڕۆنەکە بکات و ئەمەش رێک ئێران بۆ حوسییەکانی دەوێت.
بەڵام کورد هەرگیز و هیچ کاتێک ئەم جۆرە پاتڕۆنە ئەرێنیەی نەبووە و هەموو پاتڕۆنەکانی لە سەردەمی کۆماری مەهابادەوە تا ئەمڕۆی رۆژاڤا پاتڕۆنی نەرێنی و کورتماوە بوون.
لەبەرامبەردا، حوسییەکان دوو شتیان نییە کە کورد هەیەتی.
١) حوسیەکان پێپەتین و پێڵاوێکیان نییە بۆڕاکردن و هەڵاتن، کورد خاوەنی شازترین پێلاوی لەم جۆرەن.
٢) حوسییەکان سەرکردە و سەرۆکێکیان نییە بۆ سازش و ئاشبەتاڵی و تەسلیمبوون ، ماشەڵلا کورد یەکەمی بێڕکابەرە لەم بوارەدا.
لەم بێئومێدیەی ئەمڕۆی کوردا، شکستی میحوەری شەیتان، سەعودیە و دۆستەکانی جۆرێک سوکنایی دەدات بەدڵ.
د. ئارام ڕەفعەت
ئوستڕاڵیا
بهروار: 12/09/2026
65 جار خوێندراوهتهوه
|