ئەو ڕۆژەی بوومە بەڕێوبەری عەلی بۆسکانی

بۆ مامۆستا ئەکرەمی حەمەلاو پێشکەشە.

ساڵی 1992 بۆ تەتبیقی مامۆستایی چووینە" قوتابخانەی" عەلی بۆسکانی " لە گەڕەکی بەختیاری.
ڕۆژێکیان بۆ هەڵبژاردنی " یەکێتی مامۆستایان" ، مامۆستا ئەکرەمی حەمەلاوی بەڕێوبەر" کە دەچوو بۆ هەڵبژاردن ، بانگی کردم و ووتی:
مامۆستا شێرزاد لەسەر مێزەکەم دابنیشە و تۆ ئیمڕۆ بەڕێوبەریت.
هەڵبژاردنی ئێمه لەناو ژمارەیەک مامۆستای تەتبیق، شانازیەکی زۆر و متمانە بە خۆکردنێکی گەورە بوو بۆمان" با بۆ ڕۆژێکیش بووبێت".
لە کۆتایی ماوەی تەتبیقەکەشدا ، فایلەکەی خستە بەردەستمان و ووتی:
خۆت نمرەی هەڵسەنگاندن بۆ خۆت بنووسە.
ووتمان:
مامۆستا گیان ئەوە ئەرکی جەنابتانە و لەگەڵ سوپاسی زۆردا خۆتان بینووسن.
ووتی:
ئەوە 94 م لە سەد بۆ دانایت بە دڵتە؟
زۆر زۆر سوپاسمان کرد.
گەرچی لەو کاتەدا هەردووکمان سەر بە دوو حیزبی جیای  نەیاریش بووین.
لە ڕۆژی 1992.4.10  سەیرانێکیان بۆ کردین بۆ سەرای سوپحانائاغا.
ئەو ڕۆژه هەندێکمان مەست بووین، مامۆستا ئەنوەر سەرسپی ڕەحمەتی دڵسۆزانە  ووریایی زۆربەمانی دەکرد وهەر بەدوامانەوه بوو.
لە سەیرانەکە مامۆستا ئەکرەم کە ناوی باوکی پرسین و کە وەڵاممان دایەوه ، فەرمووی:
حاجی عەزیز خراجیانی مامی منە. هەڵبەت باوکمان لەگەڵ کاک حەمەلاوی ڕەحمەتی دۆست بوون.
مامەڵەی مامۆستایان و بەتایبەت" مامۆستا ئەکرەمی حەمەلاو و مامۆستا ئەنوەر سەرسپی و مامۆستا ئەنوەری حەمەلاوی ڕەحمەتی و مامۆستا کوێستانی جێگر " مامەڵەی باوکو خێزان بوو لەگەڵمان.
بێ ئەندازە دڵسۆز و خەمخۆر بوون و بەڕاستی مامۆستای پەروەردە و ڕەوشت بوون .
بەویژدانەوە" مامۆستا ئەکرەمی حەمەلاو " لەو مامۆستا جوانانەی ئێمەیە کە بەهەق مامۆستای جوان و بەڕێز و دڵسۆز و خۆشەویستن و خزمەتی گەورەیان بە پەروەردەی نەوەیەکی گەورەی سلێمانی و خوێندن   کردووە  و جێگەی شانازییمانن و دڵسۆزییان بوە هەوێنی ئەوەی لە مامۆستایماندا هەوڵی دووبارە بوونەوەیان بدەینەوە.

شێرزاد عەزیز
مالمۆ

 

وێنەکان لەم لینکەدایە:

وێنەکان لەم لینکەدایە

به‌روار:  18/02/2025
169   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   186
کۆی سه‌ردان:   30537900