جەرگە گیان لێم گەڕێ
وتی، لە ئێوارەی نەگلیسیوە من تەپڵەکێکی ڕزیو، شەق و شڕم لەبەر دەرکی ژوورەکەیان داناوە و دانیشتوم، وەنەوزی چاوەڕوانی دەرکەوتنیان دەدەم. سوێ و ئاگری جەرگم هەنگاوی پێ هەڵگرتم و چوومە ژوورەکەیان. ئەوەتا لەسەر قەراغی قەرەوێڵە ژەنگاویەکەیان دانیشتوم. چاوەڕێم بێنەوە و بۆم بگێڕنەوە. باسی سەرقاڵی، ڕاکەڕاك، ترس، توڕەیی، خۆشی ناخۆشیەکانیانم بۆ بکەن. منیش قسەیەکیان پێ ببڕم و بڵێم فیدای ئەم لاژەلاژەتان. زۆر مەراقم بوون و بیرم کردن….
بڵێم؛ بۆ خاتری جوانیمان دە بۆ ئەمجارە بەسەر لەگەڵم مەدوێ. 

لێمگەرێ لێتکەوم، بەرتکەوم، تا تۆزی بێدەنگی چەند ساڵەت بتەکێت. ترسی تۆ لە شکانەوە، ژێربڕ و لەسەرخۆ دەمکوژێت. دامدەپڵۆخێنێت، دەمکاتە قەرەبرووت و لەجێی خۆم سارد دەبمەوە. مەگەر تۆ هێشتا نەتزانیوە کە شکانەوە لەم زەمەنەدا، بەرپێی خۆتت پیشان دەدات. لە ئێستایەك کە هەمووی بە سەر و بەژێر و خۆزگە تەنها ڕوو، بەڵکو چاو و لمۆزیان لە ئاسمانە!. بهێڵە لەم پۆخڵەواتەدا، دڵنەواییەکی دەگمەن بین. ئێستا خراپ بوون ترووکەی چاوێکە. بەڵام باشی بەرانگاربوونەوەیەکی بە گوڕ و بڕیارێکی پۆڵائاسای دەوێت. من بە ئەم تاکڕەویەی تۆ، دەبمە یەکپارجە گومان، هەڵدەکفێم و بۆگەن دەکەم. 
سەیرم لێ دێت کە نە تۆ دەتوانی لەگەل تەنیایی من بدوێیت و نە منیش لە بێباکی مردەلۆخی تۆ تێدەگەم!

من دەتوانم زیاتر، … نا لەوانەیە جیاوازتر لە هەمووان خۆشمبوێیت. لەگەل کورتیەکانت درێژبم. دەیان پاساویان بۆ بهێنمەوە هەتا دەگەمە ئەوپەری بەزەیی،  بەڵام تۆ نازانی ئەمە چەند شەکەتم دەکات؟ خەوم دەزڕێنێت و بیناییم سپی دەکات! خۆشەویستی بێمەرج تەنها گورزێکە کە گیانە زیندوو و بەئاگاکانی پێ فریو، سنووربەند و دەمکوت دەکرێت. گلەییش تەنها بۆ تێگەیشتن و دۆزینەوەی بەهای مرۆڤ خۆیەتی لە بەرانبەر. 

ئەوە منم لەبری هۆگری، خووگرت بووم. توانیم بە خۆڕاگری ئارەزووەکانم لە درزی سینەما حەشار بدەم. بەڵام لەکۆتادا ئەوانیش سوێراو ڕزاندینی. 

لێگەرێ ویست و ئارەزووی من بۆ تۆ، بەردەوام وەك خێراوی ماڵەکەم بێت.. دەستی پێوە نەگرم، بیبەخشم تا زیاتر و زیاتر و زیاتر بکات. من نامهەوێت دەست، بەڵکو دەمهەوێت لەگەڵت پێهەڵگرم بەرەو ئەوپەڕی بێشەرمی و ئازادی ژەنین. 
دەی هەر هیچ نەبێت تۆ ببە بەو بەرەی دەزانم کە هێشتا تاڵە، بەڵام دەستی حەزم بەردەوام بە ڕوویدا دەخشێت. 
ڕێگەچارەت چیە؟ من دەزانم گەر سەریشم ببڕیت، خوێنم هەموو ئەو دەڤەرە شین دەکات. لەوانەیە من خوێن، کوردبوون، کەوا و كۆڵوانە بۆماوەکەت بم. یان دوور نیە ئەو نەفرەتیەبم کە لەگەل پێچی بۆینباخەکەتدا مل و گەردنتی گرتووە. نە دەتوانی شلم بکەیتەوە و نە پیاوەتیشت ڕێگە دەدات زایەم بکەیت. 

جەرگەگیان.

هیبە فەیسەڵ
کۆپنهاگن
به‌روار:  13/08/2026
68   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   129
کۆی سه‌ردان:   31664048