بەختیار عەلی بۆ مەرگی حسەین عارف
ماڵاوا مامۆستای هەرە گەورەمان. مامۆستای هێمنی و بێدەنگی لە ڕۆژگاری دەنگەدەنگ و خۆنمایشکردندا.

لە خوارەوە نوسینێکی منە دەربارەی مامۆستا حسێن، کە چەند ساڵێک لە مەوبەر نوسراوە

ڕوانگەیەک یان دووان
چەند سەرنجێکی کورت دەربارەی ئەزموونی حسێن عارفی چیرۆکنوس

مرۆڤ لە سروشتەوە مەخلوقێکی حیکایەتخوانە، بەڵام مەخلوقێکی چیرۆکنوس نییە. مرۆڤ ئەوەتەی هەیە بوونەوەرێکی حیکایەتخوان بووە، بەڵام چیرۆکنوسین هونەرێکی نوێیە و دەبێت فێری ببین. گواستنەوە لە حیکایەتەوە بۆ چیرۆک بازێکی شارستانی گرنگە، میللەتانێک هەن چەندین سەدەیە ئەو بازە گەورەیەیان داوە و میللەتانێکیش هەن وەک ئێمە چیرۆک لایان ژانرێکی گەلێک نوێیە. چیرۆک زادەی سەردەمێکە تێیدا تاک، ژیانی ڕۆژانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ساتەوەختە دەروونییە ناوازەکان شوێنێکی گرنگ و تایبەت وەردەگرن. سەرهەڵدانی چیرۆک ئاماژەیە بۆ وەرچەرخانێک لە مێژوودا، بۆ گۆرانێکی قووڵ لە بونیادی تێڕوانینی مرۆڤدا بۆ خۆی و دەوروبەری. لێرەوە لەدایکبوونی چیرۆکنوسێکی ڕاستەقینە، وەک هێما و ئاماژە وایە بۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی مێژوویی قووڵ. حسێن عارف نوێنەری ئەو چرکەیەیە کە تێیدا جیهانێکی نوێ لەدایکدەبێت، جیهانێک تێیدا ڕووداوە بچوکەکان، هەستە ڕاگوزەرەکان، هەڵوێستە وردەکان، جێگا پەراوێزیی و بێبایەخەکان، شوێنێکی گرنگ وەردەگرن. 

نایشارمەوە هەر کاتێک بیر لە ڕوانگە دەکەمەوە، خەیاڵم تەنیا لای دوو کەسە، حسێن عارف و شێرکۆ بێکەس. بەڵام هەموو وردبوونەوەیەکی قووڵ پێماندەڵێت تاکە شتێک ڕوانگەی لەسەر بونیادنراوە، ئەوەیە هەر یەک لە شێرکۆ بێکەس و حسێن عارف تەنیا لە یەک خاڵدا هاوبەش بوون، ئەوەی خەونێکی نوێ بدەن بە ئەدەبیات، ئازادی پێببەخشن، لە کۆت و پێوەندەکان ڕزگاری بکەن. لەم خاڵە بگوزەرێین، شتێکی قووڵی هاوبەش لە نێوان ئەزموونی شێرکۆ و حسێندا نییە. 

شێرکۆ لە بواری شیعردا لە کایەیەکی دەوڵەمەند و زیندوو و فراواندا کاریدەکرد کە سەدان ساڵ بوو کورد وەک شێوازی گوزارشتکردن و دەربڕین بەکاریدەهێنا، شێرکۆ شتێکی تازەدەکردەوە پێش خۆی مێژوویەکی درێژ و ڕۆشنی هەبوو، ئەویش شیعری کوردییە، بوارێک شاعیرانی وەک خانی و جەزیری و نالی و مەحوی و گۆران کاری گەورەیان تێدا ئەنجامدابوو، بەڵام حسێن لە ڕوبەرێکدا کاریدەکرد کە پاشخانێکی ئەوتۆی نەبوو، مێژوویەکی بەر فراوان و درەوشاوەی نەبوو، زمان کەم خۆی تێدا تاقیکردبووەوە، ئەو تا ئەندازەیەک دامەزرێنەربوو، خۆی دروستکەری ژانر و بوارە ئەدەبییەکەی خۆی بوو. ئەو گەشەی بە بوارێک نەدەدا، پێشتر مێژوویەکی درێژی هەبووبێت، بەڵکو بناغەی بۆ هونەرێکی نوێ دادەڕشت، شێوازێکی تازەی گێڕانەوەی دادەمەزراند.

گەر ڕاستگۆبین دەبینین ڕوانگە هەر لە سەرەتاوە دوو ڕوانگەبووە، ڕوانگەی شێرکۆیی و ڕوانگەیەکی تایبەتتر، هێمنتر، لەسەرخۆتر کە ڕوانگەی حسێن عارفە. ڕوانگەی شێرکۆیی ڕوانگەیەکی ناسیونالیستی ئاگرین و داستانئامێز «ملحمی»یە، شێرکۆ لە گەردەلوولێکی ئاگرین دەچێت کە تەواوی سەر زەمینێک، کیشوەرێک دادەگیرسێنێت، هەموو شتەکانی دەهێنێتە قسە، زمان دەبێتە ئەو کەرەستەیەی تەنیا ئەداتی مرۆڤ نییە، بەڵکو کەرەستەی گوزارشتی هەموو بوونێک و هەموو بوونەوەرێکە. مێژوو و جوگرافیا بە مانا یۆنیڤێرسالە گەورەکەی لە شیعری شێرکۆدا دەردەکەون، لەوێدا تەنیا کاراکتەرە گەورەکان و ڕووداوە مێژووییە گەورەکان قسەناکەن، بەڵکو شتە بچوکەکانی وەک «کورسی» و «ملوانکە»ش لە مانا سادە و ڕۆژانەکانیان دەچنە دەرێ و دەبن بە کەرەستەی گوزارشت لەو ڕەهەندە داستانئاسا و مەلحەمییە. شێرکۆ بە شێوەیەکی زۆر ترسناک فشاری کوردبوونی لەسەرە، هەموو هەست و ترس و ناکۆکی و ڕاڕاییەکانی ناو مرۆڤ و ناو مێژووی کورد لەلای ئەو دەبینرێن، ئەو ئاوێنەیەکە تەواوی نەتەوەیەک دەتوانێت خۆی لە ناودا ببینێتەوە. حسێن عارف بە پێچەوانەی شێرکۆوە، ڕوخسارێکی جیاوازی ناو هەمان سەردەم و هەمان مێژووە. ئەو بە پێچەوانەی شێرکۆی ناسیونالیستەوە کە بە ڕۆحە ئاگرین و هێزە ئەفسانەییەکەی لە گوزارشتدا هاوتای فاگنەرە لە مۆسیقا و ئەدەبیاتی ئەڵمانیدا، هێڵێکی ئایدۆلۆژی جیاوازە. ئەو لە سەرەتاوە مارکسیستە، بەڵام لە قۆناغێکدا دەژی باڵباڵێنی ناو مارکسیستەکانی دونیا گەلێک توندە، ئەو دیدێکی ترۆتسکییانە هەڵدەگرێت، بەڵام ئەم دیدە وەک تێڕوانینێکی تایبەتی بە خۆی دەمێنێتەوە و کار لە فۆرم و جەوهەری چیرۆکەکانی ناکات. ئەوەی سەیرە، حسێن زۆر کەم ڕێگا دەدات ڕەهەندی ئایدۆلۆژیی بیرکردنەوەکانی لە ئەدەبیاتیدا ڕەنگبداتەوە، ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە ماوەیەکی درێژ ئەندامێکی کارای حیزبی کۆمۆنیست دەبێت، بەڵام ڕۆحە سیاسییەکەی، تۆخ و باڵادەست تێکەڵ بە نوسینی دەبێت... ئێمە دەتوانین بە شێرکۆ بڵێین شاعیری ناسیونالیستەکانی کوردە، لە هەندێک قۆناغیشدا ئولتراناسیونالیستە، بەڵام ناتوانین مۆرکێکی ئایدۆلۆژی وا زەق لە حسێن بدەین. لەمڕوەوە بە بڕوای من، حسێن دەنگێکە پتر لە شێرکۆ گوزارشت لە لایەنێکی گرنگی ڕۆحی ڕوانگە دەکات، ئەو دیوەی تێیدا نوسەری کورد بە ئاگادێتەوە و دەیەوێت خۆی لە هەموو زنجیرەکانی فۆرم و سنووربەندییەکان ئازادبکات.  شێرکۆ لە هەڵچوونە مەزنەکانیدا هەموو زنجیرەکانی کلاسیک دەشکێنێت، بەڵام لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە کوردبوون دەبێتە کۆتێکی سیاسی گەورە بۆ شێرکۆ، بەڵام لای حسێن عارف هەست بەو فشارە ناکەین، ئەو لە ژێر هیچ فشارێکدا، هێمنیی و دەنگی تایبەتیی خۆی و ستایلی ئارامی گێڕانەوە لە دەست نادات. شێرکۆ بە جۆرێکە هەتا ئەگەر باس لە ڕۆژێکی سایەقە و ساماڵ بکات، دەنگی ناو تێکستەکەی پڕ لە گڤەی گەردەلوول و زریانە، دەنگی حسێن عارف بە پێچەوانەوە، هەتا ئەگەر باسی گەردەلوول و ساتی ترسناک بکات وەک لە شاکارە گەورەکەیدا «گەلەگورگ» دەیبینین، هێشتا ئارامی و هەناسەی هێمنی خۆی دەپارێزێت. 
ئەدەبی حسێن عارف بە پێچەوانەی ڕۆحی سەردەمەکەوە کە پڕ بوو لە هەڵچوون و توڕەیی، پڕ بوو لە دروشم و عاتیفەی سەرپەڕ، دوورە لە هەر مەیلێکی توند و سەرپەڕانە. هەتا لە چیرۆکەکانی زۆر سەرەتاشدا کە بابەتی خەبات و ژیانی حیزبایەتی بابەتێکی سەرەکییە، نوسەر لەوێدا گەنجە و بڕوای تەواوی بە ڕۆڵی سیاسیانەی ئەدەب هەیە، باوەڕی بە حەماسەت و هەڵچوونی جەماوەر هەیە، لەو سەردەمەشدا زمانی ئەو نابێتە هەڵگری تۆنێکی حەماسی توند. پاڵەوانەکانی بە هێمنی بیر لە دۆخە سیاسییەکە دەکەنەوە و بە شێوەیەکی لۆژیکی بڕیار بۆ خەبات دەدەن. وەک لە تێکستی «زۆری بە دەمەوە ماوە» «ڕووی کردەوە شاخ» و چەندانی تردا بە ڕوونی بەرچاومان دەکەوێت.  حسێن گێڕەرەوەیەکی هێمنە، هیچ کات هێڵی درامی چیرۆکەکانی نە لە ناوەوەی پاڵەوانەکان و نە لە دەرەوەدا بە شێوەیەکی دراماتیکی و تراژیدی بەرزناکاتەوە. هەتا لە چیرۆکە زۆر تراژیدییەکانیدا وەک «چاڵی جەرگی پیرێژن» و  «نان و کەوەری خوێناوی»، دەنگی گێڕەرەوە فۆرمی وێنەگر و ڕیتمی دیکۆمێنتاری خۆی لە دەستنادات. حسێن بە پێچەوانەی شێرکۆوە، عاتیفە و هەڵچوونی دەرونی خوێنەر بە ئاگاناهێنێتەوە، بەڵکو ئارام بانگیدەکات بۆئەوەی ببینێت. چیرۆکەکانی بە دەگمەن ڕەگەزی داستانئامێزیان تێدایە، ئەوەش بواری بۆ دەرەخسێنێت، گێڕەوەیەکی تایبەت بێت کە نە بۆ ماوەی دوورودرێژ مرۆڤەکان دەخاتە ژێر پشکنین و چاودێرییەوە، نە قۆناغی مێژوویی زۆر دوورودرێژ دەخاتە ژێر پشکنینی وردەوە، فرە دەنگی و یاریکردن بە کات و ئاڵۆزکردنی دیمەنەکان بە جۆرێکی زۆر کاڵ لای ئەو بوونیان هەیە. ئەگەر شێرکۆ بە درێژایی ئەزموونی خۆی گوزارشتی لە شتێکی گەورەی وەک «ڕۆحی نەتەوە» کردبێت، جۆرە گوزارشت و دیدێکی وا پانورامایی لە دنیای حسێن عارفدا بوونی نییە، حسێن لە بەشی هەرە زۆری ئەزموونەکەیدا، نوسەری ساتەوەختە کورت و تێپەڕەکانە. نووسەری ئەو ساتانەیە تاک تێیدا دەبێت هێزی خۆی کۆبکاتەوە و بڕیاری قورس بدات. پاڵەوانەکانی مرۆڤی سادەن لە ساتەوەختی سادەدا، ئەو هەڵوێستانەی دەیانگێڕێتەوە، جا ئەگەر هەڵوێستەی سیاسی بن یاخود شتی دیکە، هەمیشە لە بەستێنێکی وەها ئاسایی نێو ژیانی ڕۆژانەدا باسیاندەکات، هەموو ڕەهەندێکی سوریالی یان نالۆژیکیان لێ وەردەگرێتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە حسێن عارف بە هێمنی زمانێکی ڕەمزی و فۆرمێکی ڕەمزی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵکو بەو مانایەیە هەتا لەو ساتانەدا کە نوسەر چیرۆکێکی ڕەمزی دەگێڕێتەوە، وەک «خاڵخاڵۆکە» بە نمونە، زمانی گێڕانەوەی هێشتا لەسەر زەمینی شتە واقعی و ڕۆژانەکان دەمێنێتەوە. 

جیهانی ئەدەبیاتی سەردەمی حسێن عارف و دوای حسێن عارف، جیهانێکی ئاڵۆز، بەرفراوان، سەمبولیکە، مەیلێکی زۆری بەلای خەیاڵ و سوریالییەتدا تێدایە، بەجۆرێک کاتێک زمانەکەی ئەو بە زمانی کەسانی تری وەک شێرکۆ یان لەتیف هەڵمەت یان شاعیرانی نەوەی دواتر بەراورد دەکەین، وەک زمانێک دەبینین کە هێشتا وەفادارە بۆ زمانە ناسک و شاعیری و سادەکەی سەردەمی گۆران. ئەوەی سیحراوییە لە حسێن عارفدا ئەوەیە لەو سەردەمە جەنجاڵەدا کە سیاسەت و ئەدەب تەواو ساتە سەرپەڕ و توندەکانی خۆیان دەژین، ئەو سوورە لەسەر گێڕانەوەی ساتە هەرە سادەکانی مرۆڤە هەرە سادەکان بە ڕیتمێکی هێمن، وەک بیەوێت زەمەن لە هەڵچوونە ترسناکەکەیدا ڕابگرێت و جوڵەی ژیان بگێڕێتەوە بۆ سەر ڕەوتێکی بەکاوەخۆ و سادە. 

هیچ نوسەرێکی ئێمە نییە وەک حسێن عارف بتوانین ناوی بنێین، چیرۆکنوسی هەستە مرۆڤانە سادەکان، چیرۆکنوسی مرۆڤە پەراوێزییەکان. پاڵەوانەکانی ئەو مێژوو دروست ناکەن، ئیدیعای شتی گەورەیان نییە، بەڵکو زۆر سادە کێشە سیاسیی و ڕۆژانەکانی خۆیان دەژین، کاتێکیش دەمرن یان لە ناودەچن، هەر لە ناو ئەو وێنە سادەیەدا دەمێننەوە. حسێن عارف لە زۆر شتیدا ئێجگار جیاواز لە لۆژیکی سەردەمەکەی خۆی نوسیوێتی... ئەگەر چی خۆی وەک مرۆڤ هەموو ساردی و گەرمی ژیانی سیاسی ئەو سەردەمە ژیاوە، بەڵام هیچ کات زمانی سادە و واقعی بەجێنەهێشتووە. حسێن هێڵێکی تایبەت و نەخوێندراوە و گرنگی ناو مێژووی ئەدەبیاتی ئێمەیە، شەپۆلێکی تایبەتی ناو ڕوانگەیە کە کاتی هاتووە بە جۆرێکی سەربەخۆ و جیاواز لە هەموو نەوەکەی خۆی لێی بڕوانین.

بەختیار عەلی
به‌روار:  13/08/2026
24   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   132
کۆی سه‌ردان:   31664052