|
بۆ مێژوو
بۆ مێژوو
لە سەرەتای پایزی ساڵی 1980 لەگەڵ هونەرمەند "ناسری رەزازی" سەردانی بەغدامان کرد ، هەرچۆنێک بوو توانیمان ماڵی هونەرمەندی گەورەی کورد "مامۆستا عەلی مەردان " بدۆزینەوە کە لە گەڕەکی ئیسکانی رۆژئاوای بەغداد لە گەڵ ھاوژینەکەیدا ئەژیا.
خانویەکی زۆر بچکۆلانە بوو بردینیە هۆڵە بچکۆلانەکەیان گفتوگۆیەکی دوو سەعاتیمان لە گەڵدا کرد بەڵام داخەکەم گوێی گران بوو بوو ،
دووجار گریا یەکەمیان فەرمووی:
من دەعوەت کرام بۆ میهرەجانی مەقاماتی عەرەبی لە جامیعەی دەوڵەتانی عەرەبی لە قاهیرە. بەڵام من گووتم تەنها بە کوردی گۆرانی دەڵێم ئیتر یەکسەر رەفزیان کردم .
هەروەها فەرمووی : "محەمەد قوبانچی" کە یەکەمی میهرەجانەکە بوو بە منی دەگوت تۆ ئوستازی منیت، بەڵام چونکە من کوردم ئا ئەمە حاڵەکەمە و دایە پڕمەی گریان ئێمەیشی زۆر دڵتەنگ کرد !
باسی" حەسەن زیرەک"مان کرد فەرمووی:
خوا ئەوانە بگرێت کە وایان لە حەسەن زیرەک کرد ھەناسەیەکی ساردی ھەڵکێشا !
هەرچەند ویستم بۆمان ڕوونبکاتەوە بەڵام لەلایەن شۆفێرەکەمان قسەی بەسەردا هێناو، مامۆستایش زاکیرەی لاواز بوو بوو.
بەدڵێکی تەنگ و نامورادیەوە لە تارمە بچکۆلەکەیان چەند وێنەیەکمان لە گەڵ گرتوو بە گەرمیەوە باوەشمان پیا کردوو ماچمان کردو ماڵئاوایمان لێکرد !
سالار عومەر قەرەداغی
ئەمستردام
بهروار: 26/07/2026
46 جار خوێندراوهتهوه
|