|
مامۆستا جەلال ، یەکێک لە جوانترین و فەرامۆشکراوترین سیمبولەکانی ڕاپەڕینی سلێمانی.
مامۆستا جەلال ،
یەکێک لە جوانترین و فەرامۆشکراوترین سیمبولەکانی ڕاپەڕینی سلێمانی.
هەر لە سەرەتای ڕۆژەکانی ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ەوە و لەبەردەرکی سەرای سلێمانی و ڕوونتریش بڵێم لەسەر ئەو چەترە بچکۆلەیەی بۆ پۆلیسی هاتوچۆ دروست کرابوو پیاوێک دەبینرا و هەر لە بەیانییەوە هەتا ئەو کاتەی ئیتر ماندووبوون بڕستی لێ دەبڕی هاواری دەکرد و شیعری دەخوێندەوە و ورەی زیاتری بە شار دەبەخشی، ئەم پیاوە مامۆستایەکی خۆشەویستی شار بوو، چەندین نەوەی پێگەیاندبوو، بەڵام ئیتر جۆشو خرۆشی ئەو ڕۆژانەی ڕاپەڕین وای لێ کردبوو کە تەنانەت بۆ پشوودان و نانخوارنی نیوەڕوانیش ڕێی نەدەکەوتەوە ماڵی خۆی و خەڵکی شاریش لە دەوری جەم دەبوون و گوێیان لە شیعرو وتارو قسە حەماسییەکانی ئەم مامۆستایە دەگرت و پاشان دەکەوتنە چەپڵەڕێزان بۆی ..
کەم کەس هەیە لە ڕؤژانی ڕاپەڕیندا ژیابێت و ڕێی کەوتبێتە بەردەرکی سەرا و ئەم مامۆستایەی نەبینیبێت.
"مامۆستا جەلال " ، مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو دواناوەندی کاوەی کوڕان، سەد مخابن دوای ڕاپەڕین کەسێک لایەکی ئەمەکدارانەی لێ نەکردەوە و تا دواجار دوای ئەو هەموو ساڵە لە پۆستێکی فەیسبووکی هاوڕێی دێرینم کاک " ئازادی بەکری بارام "دا وێنەکەیم بینییەوە کە لە نێو یەکێک لە بازاڕەکانی سلێمانیدا ڕێکەوتی مامۆستای کردبوو.کە وێنەو پۆستەکەم بینی زۆر خۆشحاڵ بووم کە خۆشبەختانە کە مامۆستا هێشتا لە ژیاندا ماوە و بەڵام ئیتر لەوە دەچێت تەمەن زەفەری لێ هێنابێت.
جێی خۆیەتی لە دڵەوە سوپاسی کاک ئازاد بکەم و وێنەی مامۆستاشم هەر لە واڵەکەی کاک ئازاد وەرگرتووە.
من ئەپرسم دەبێ ئەم مامۆستایە چەند جار بە سەرماو سۆڵی زستان بە پێ کوتابێتیی و ئۆتۆمبێلی تیژڕەوی چەند مەسوولیش بە تەنیشتیدا فڕکەیان کردبێت و بێباکانە قوڕو لیتەی شەقامەکەیان بە جلوبەرگە شڕۆڵە و ڕووخسارە غەمگینەکەیدا هەڵپرژاندبێت، یاخود لە قرچەی هاویندا لە پاشکۆی ئوتۆمبیلەکانیانەوە تەپو تۆزی چەند کۆڵان و شەقامیان کردبێت بەسەرو ڕیشی سپییدا.
فریا بکەون، ئەگەر هێشتا دەتانەوێت کەمێک لەقەرزی ئەو پیاوە بدەنەوە، بیکەنە پێشبڕکێی میدیاکان و بزانن کێ دەتوانێ زووتر بگاتە بەر پێ و پێڵاوی ئەو مامۆستایە ولە جێی هەمووان داوای لێبوردنی لێ بکات کە هەتا ئێستا بەو جۆرە فەرامۆش کراوە.
دەی ئەگەر کەسێکی زیندوو هەبێت و شایەنی ئەوە بێت لە بەردەرکی سەرا و لەو شوێنەدا کە ڕۆژانی ڕاپەڕین وتار و شیعری تیا دەخوێندەوە پەیکەری بۆ بکرێت تەنها "مامۆستا جەلال "ە.
ئەوەی ئەو کردی بۆ هیچ ڕەنگێک نەبوو، ئەوەی ئەو کردی بۆ هەر هەموومان بوو، حەسرەتێک بوو لە دڵیا کە دەیزانی یەکە بە یەکەمان چ مەرگەساتێکمان بە دەست بەعسەوە بینیوە ، هەر بۆیە هەموو ئەو مەینەتییانە لای ئەم پیاوە بوون بە جوانترین و بەرزترین هاوار..فریای بکەون و هیچ نەبێت با بەم تەمەنەوە هەست بکات پاش سی و پێنج ساڵ فەرامۆشکردن دواجار گوێی لە دەنگدانەوەی حەسرەتەکانی ئێمە و خۆی بووە.
ئەو، فرمێسکی هەموومان و پێکەنینی هەموومان و هاواری تاک بە تاکمان بوو، کەچی پاش ئەو هەموو ساڵەش نەماندی و نەمانبیست لە یادی ڕاپەڕیندا کەسێک بچێتە لای و جارێکی تر ئەو هەموو ئازارو هاوار و ناڵەیەمان بۆ بگێڕێتەوە، بە ڕاستی ناکرێت و تاوانە خۆی و دەنگ و سەدای ئەو ڕۆژانەی فڕێ بدرێنە کونجی بیرچوونەوەوە.
ئاخر شۆڕش و ڕاپەڕین تەنها بە چەک و گوللە نەکرا ئازیزان، بۆیە دەڵێم گەر بویسترێت ، "وەک ئەوەی شار پڕ کراوە لە پەیکەر "، هێشتا دەرفەت ماوە ئارەقی ئەو شەرمەزارییەمان بسڕین و کەسێکی خەمخۆر یان سەرمایەدارێک یان کاربەدەستێکی حکومیی سەردانێکی بکەن و پێی بڵێن بمانبەخشە ئێمە زۆر دواکەوتین لەوەی دەست لەسەر سنگ لەبەر دەمتا بوەستین و شایستەترین پەیکەرت لە ناوەڕاستی شاردا بۆ دروست بکەین و لێی بنووسین (ئەمە پەیکەری ئەو "مامۆستا"جەلال"ەیە کە یەکێکە لە جوانترین و فەرامۆشکراوترین سیمبولەکانی ڕاپەڕینەکەی " 07.03.1991 " ی سلێمانی) .
بەرزان هەستیار
کۆڵن
تێبینی:
هەر بەڕێزێک وێنە یان ڤیدیۆی "مامۆستا جەلال" ی لایە لە کۆمێنت دایبنێت
بهروار: 26/07/2026
42 جار خوێندراوهتهوه
|