چیرۆکی یۆران و هاوژینە نەخۆشەکەی
ساتەکانی ژیان و
بیرکردنەوەی یۆران

ناوم یۆرانە، تەمەنم ٧٢ ساڵە. چەند مانگێک بەر لە  ئێستا، هاوسەرەم داوای لێکردم  بۆ خانەی بە ساڵاچووانی بەرم، دوا ساڵ، مانگ و ڕۆژەکانی ژیانی لەوێ بەسەربەرێت؛   ڕووی تێکردم و وتی: "یۆران،  حەوسەڵەم نەماوە، بۆ ئەو ناوەندەم  بەرە، نامەوێت چیتر باربم بەسەرتەوە."
لە تەنیشتی دانیشتبووم ، نەمتوانی وشەیەک بڵێم.
لەگەڵ بیرگیتای  ژنمدا ، ٤٨ ساڵە پێکەوە دەژین، پێکەوە منداڵەکانمان گەورە کردووە.  کاتێک کارم دەکرد،  تا دەهاتمەوە چاوەڕێی دەکردم ، لە قورسترین ساتەکانی ژیانمدا پشتیوانم بووە.
ئێستا داوام لێدەکات بەجێیبهێڵم.
دەستیم گرت و وتم: "بیرگیتا، تا لەژیانا ماوم ماڵەکەت لای منە. لای من."
دەستی بە گریان کرد.
وتی ئاخر ناتوانم ڕێبکەم. ناتوانم بۆ  تەوالێت بچم.   وەک منداڵ دەیکەمە باوەش.   ماندووم، پشتم زۆر دێشێت. ئەشێت ڕۆژێک لەگەڵیدا بەربمە خوارەوە و هەردووکمان بکەوینە سەرزەوی.
ئەو ڕاستی دەوت، من ماندوو بووم. پشتم زۆر دێشێت،
بەڵام نەمتوانی؛ نەمتوانی ژنەکەم بۆ نێوەندی بە ساڵاچووان بەرم. نەمتوانی بیبینم بە کورسییەکی چەرخدار بۆ لای   خەڵکی نامۆ بڕوات.

 گۆڕانکارییەکان لە پێنج ساڵ پێش ئێستاوە دەستی پێکرد.
بیرگیتا لە کارخانەیەکی تۆڕ لە بۆرۆس کاری دەکرد، هەموو ڕۆژێ تا کارەکەی تەواو دەبوو، بەپێوە دەوەستا، سروشتی کارەکەی وابوو،ڕۆژێک هاتە ماڵەوە، وتی:  پشتم دێشێت.
بیرم کردەوە کە ماندووە، تێدەپەڕێت.
تێنەپەڕی.
دوای مانگێک، ئازارەکە زیادی کردوو درێژ خایان بوو. بیرگیتا نەیدەتوانی بخەوێت،  شەوانە هەڵدەستا و بەدەنگی نزم دەگریا، بۆ ئەوەی من بەئاگا نەیەمەوە،
بەڵام من گوێم لێدەبوو. نەمدەزانی چۆن یارمەتی بدەم.
پزیشکی ماڵەوەمان ناردی بۆ لای پزیشکی دەمار، تیشک، مەگنەتیکی پزیشکی، کەمبوونەوەی پەتەی بڕبڕە، تادوایی.
مانگی چەند سەد کرۆن دەرمانی پێدەدرا.  دەیخوارد، سوودی نەبوو.
 چوینە لای پزیشکی تایبەت. سەردانەکە هەشت سەد کرۆنی دەویست. وتی کە پێویستی بە دەرزی هەیە. کورسێک دەرزی، چوار هەزار کرۆنی دەوێت.
دوای کورسەکە، بیرگیتا خراپتر بوو. پشتی بەتەواوی ڕەق بوو.
ئینجا چوینە لای پزیشکی جەستەیی. هەرجارە پێنج سەد کرۆنمان دەدا. سێ مانگ چوین. زیاتر لە حەوت هەزار کرۆنمان خەرج کرد.
ئەنجامی نەبوو، تا دەهات خراپتر دەبوو
پزیشکی نەشتەرگەری دەمار وتی: "پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە. تێچوونەکە سەد هەزار کرۆنە. بەڵام لە تەمەنی ئەودا مەترسی هەیە. ڕەنگە دوای نەشتەرگەری نەتوانێت بڕوات."
بیرگیتا ڕازی نەبوو  نەشتەرگەری بۆبکەن، ئەو ترسابوو. من تێگەیشتم.

دوای دوو ساڵ، قاچەکانی لاواز بوون.
سەرەتا خوارو لاسەنگ دەڕۆی. ئینجا دەڕۆیی و دەکەوت. جارێک لە چێشتخانە کەوت و مەچەکی شکا. جارێکی تر لە حەمام کەوت، گوێم لە هاواری بوو  بەخێرایی ڕامکرد.
لەسەر زەوی درێژبووەوە و دەگریا.
لەو ساتەوە، دەستم  بەهەڵگرتنی کرد.
بەیانیان، لە ژووری نووستنەوە بۆ حەمام. ئینجا بۆ چێشتخانە. ئێواران، دەگەڕاینەوە بۆ ژووری نووستن.  شەوان دوو سێ جار هەڵدەستام  و دەمبرد بۆ تەوالێت.
لەگەنجێتیمەوە لە پیشەی بیناسازیدا  کارم کردووە.  بۆ بیست ساڵ دەچێت، بەدەست پشتئێشەوە دەناڵێنم،
سەرباری دۆخی ناهەموارم، پیرگیتام هەڵدەگرت و بۆ ئەملاو ئەولا دەمگوێزایەوە . گەر من ئەو کارە نەکەم کێبیکات؟

منداڵەکان دوورن. کوڕەکەم لە ستۆکهۆڵم دەژی،کچەکەم  لە یۆتێبۆرییە. هەفتەی جارێک پەیوەندیمان  پێوە دەکەن. لەحاڵمان دەپرسن.
 دەڵێم باشین، ئەی  چییان پێبڵێم؟ بڵێم  دایکیان لەباوەشدەگرم و  دەیگەێنمە  تەوالێت؟ بڵێم  شەوان ناخەوم؟ هەندێک جار لە موبەق دانیشتوم و لە ماندوێتییا دەگریم، چییان پێبڵێم؟
ڕۆژێک کچەکەم سەردانی کردین. بینی کە من بیرگیتای دایکی بە باوەش دەبەم.  ڕوخسارمی بینی.

وتی: "بابە، ئێوە ئیتر ناتوانن وابژین، زۆر قورسە بۆتان. دایکم ڕەنگە پێویستی بە..." قسەکەم پێبڕی
. وتم: "هیچ مەڵێ. دایکت لە ماڵەوە دەمێنێتەوە."
ڕۆیشت. هیچی تری نەوت. بەڵام من چاویم بینی. ئەو پێیوابوو کە من کەسێکی ڕەقم. خۆم لەناو دەبەم.
ڕەنگە ئەو ڕاست بووبێت.
دوو مانگ پێش ئێستا، بیرگیتا  بۆ ژووری نووستن بانگی کردم. لەسەر جێگەکە دانیشتبوو و دەگریا.

"یۆران، تکایە. بمبە بۆ  خانەی بە ساڵاچووان. تۆ خۆت دەکوژیت، بەهۆی منەوە دەمریت."
باوەشم پێاکرد، پێکەوە گریاین.
 وتم: "کاتێکی ترم پێبدە. شتێک دەدۆزمەوە. بەڵێن دەدەم."
نەمدەزانی بۆ چی دەگەڕێم. بەڵام ئەوەم دەزانی، نەمدەویست بیبەم.

بەختیار مستەفا
لە سویدی وەریگێڕاوە
به‌روار:  22/07/2026
37   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   145
کۆی سه‌ردان:   31603372