|
شاکر فەتاح چی لە سەرۆکوەزیران داوا کرد؟
سێدارە 1988.6.27
ئەو کاتەی کە بەڕێوەبەری شارۆچکەی ئاکرێ بووم؛ نووری سەعید هات بۆ ئەو دەڤەرە، دوو شەو لەماڵی خۆمان میواندارییەکی شاهانەمان کردن، چونکە لە ئاکرێ هۆتێل نەبوو،.
کاتێك ویستی بگەڕێتەوە، وتی شاکر چیت دەوێ بۆت بکەم؟ دەی بڵێ..
ئەو وایزانی من دەڵێم؛ بمکە بەجێنشین " قائمقام" یان پاداشتێکم بدەرێ.
پێموت؛ بەگم دەمەوێت لەم دەڤەرە وەکو ناوچەکانی سلێمانی خۆێندنی سەرەتایی بکەین بەکوردیو جادەی موسڵ-ئاکرێ قیرتاو بکرێت. هەندێ ڕاماو وتی ئافەرین شاکر تۆ شایانی هەموو شتێکیت، دەبڕۆ خێرا دوو داواکارییم بەناوی خەڵکی ناوچەکەوە بۆ بنووسەو بیهێنە!
داواکارییەکانم خستە بەردەستیو لەسەر داواکارییەکەی خوێندنی کوردی؛ بۆ بەڕێوەبەری پەروەردە " مدیر مەعاریف" ی موسڵی نووسی " بۆ جێبەجێ کردن!" ، بەڵام بۆ قیرتاوکردنی جادەکە وتی ئەبێ ئەمە لەپەرلەمان باسبکەم هەتا لەمیزانیەی ساڵی نوێدا پارەی بۆ تەرخان بکەین.
ماوەیەک دواتر چوومە لای " مدیری مەعاریف" ی موسڵ کە کابرایەکی عەرەبی چارەگران بوو، کە داواکەم خستە بەردەمیو واژۆی نوری پاشای بینی، لەجێگەکەی خۆی هەستاو لەتەنیشت خۆیەوە داینام. وتی:
" تۆ چی پێشنیار دەکەی پێکەوە جێبەجیێ دەکەینو پێویستە هەردووکمان هاوکاری بکەین بۆ ئەوەی پرۆگرامی خۆێندنەکان بکەین بەکوردی" .
هەروایش بوو ساڵی خوێندنی نوێ بەکوردی دەستیپێکرد، بۆ ماوەی شەش مانگیش بەردەوام بوو.
لەپشووی نیوەی ساڵدا هەموو سەرۆك هۆزو ئاغاکانی ناوچەکە هاتنە لامو هەڕەشەیان لێکردمو وتیان؛ دەبێ بڕیاری خوێندن بەزمانی کوردی هەڵوەشێتەوە، چونکە منداڵەکانمان لەزمانی نۆێژو عیبادەت دووردەکەونەوەو لەقیامەتیش نازانن وەڵامی فریشتەکان بدەنەوە!
ئەگەر ببن بەفەرمانبەر ناتوانن لەفەرمانگەکانی حکومەت کاربکەن، من گوێم بەقسەکانیان نەداو وتم ئەوە بڕیاری سەرۆك وەزیرانە.
ئەوان چوون بۆ بەغدا لەلای وەزیری ناوخۆو وەزیری مەعاریف شکاتیان لێکردم، پاش مانگێك منیان لەوێ گواستەوەو خوێندنیشیان بەزمانی کوردی هەڵوەشاندەوە.
شاکر فەتاح؛ لەساڵی ١٩١٤ لە سلێمانی لەدایکبووە، ماستەری لە ماف بەدەستهێناوە، لەناو حکومەتی عێراقیدا دەیان پۆستی پێبەخشراوەو چەند جارێک بۆتە مدیر ناحیەو قائمقامو سەرۆک شارەوانی.
لەبەهاری ساڵی 1988 لەشاری هەولێر لەمیانەی بەشداریکردن لەکۆڕێکدا وتارێک ئەداتو داوا لەحزبی بەعس ئەکات کە کۆتایی بهێنیت بەشاڵاوی ڕاگواستنو لەگەڵ پێشمەرگەدا ڕێکبکەوێت.
دوای چەند ڕۆژێک لەوتارەکەی، حزبی بەعس هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەیو دواتر لەسێدارەی ئەدەنو گۆڕەکەی دەشارنەوەو تائێستاش نازانرێت گۆڕی شاکر فەتاحی نووسەرو وەرگێڕی کورد لەکوێیە؟
وەرگیراوە
بهروار: 28/06/2026
78 جار خوێندراوهتهوه
|