|
ساڵیادی چوار ئەفسەرەکەی کۆماری کوردستان
19 حوزەیران 1947
ئەگەر ئێوە گیانی خۆتان نەبەخشیایە
ڕێیی (جەهالەت) پتر دەبو
ئەگەرئێوە ئەستێرەکانی سەر شانتان
بەمانگ و ڕۆژ نەکردایە ..!
کوردستان تاریك تر دەبوو...!
ئەگەرچوار مۆمی ڕۆحتان
وەك گڵۆپ هەڵنەکردایە
چوار پارچەکەش خامۆش دەبو
محەمەد ئەمین پێنجوێنی
وەسێتنامەکەیان کە لە ژووری سێدارەوە نوسیووە لەم لینکەدایه:
ئیمڕۆ 79 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی ئەو چوار ئەفسەرە کوردەدا تێپەڕ دەبێت کە لە باشووری کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد گەیشتنە رۆژهەڵاتی کوردستان و دوای رووخانی کۆمار، گەڕانەوە باشووری کوردستان و لەلایەن دادگەی سەربازی عێراقەوە لە سێدارە دران.
لە بەرەبەیانی 19ی حوزەیرانی 1947 دادگەی سەربازی عێراق بە فرمانی ساڵح جەبری سەرۆکی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بڕیاری لە سێدارەدانی بەسەر هەر چوار ئەفسەری کورد "محەمەد قودسی، خەیڕوڵا عەبدولکەریم، مستەفا خۆشناو و عیزەت عەبدولعەزیزدا سەپاند.
ئەو چوار ئەفسەرە کوردەی سوپای عێراق، چوار کەسایەتی نیشتمانپەروەر و نەتەوەخواز بوون، ئەوان هەر لە سەرەتاوە پێوەندییان بە بزاڤە سیاسییەکانەوە کرد و لەگەڵ دەرکەوتنی بزووتنەوە چەکدارییەکەی دەڤەری بارزان، پێوەندییان بەو بزووتنەوەیە کرد و کاتێکیش کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا، ئەوان بۆ بەشداریکردن لە کۆمار خۆیان گەیاندە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەهۆی چالاکی و لێهاتووییانەوە پلەی فەرماندەیان لە کۆماردا وەرگرت.
دادگەی سەربازی عێراق لە 18ی حوزەیراندا بڕیاری لەسێدارەدانی بە چوار ئەفسەرەکە کوردە راگەیاند، ئەوان نامەیەکیان وەک وەسیەتنامە نووسی و لەو نامەیەدا ئازایەتی و دڵسۆزی بۆ کورد و کوردستان دووپات دەکەنەوە.
دەقی نامەی چوار ئەفسەرە شەهیدەکە کە تەنیا 14 سەعات پێش لە سێدارەدانیان نووسراوە:
شوهەدای ڕێگای نیشتمانەوە
عیزەت عەبدولعزیز و مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولکەریم و محەمەد مەحمود – ەوە
بۆ
برایانی میللەتی کوردی خۆشەویست
لە دوای تەبلیغی حوکمی ئیعدام بە یەک سەعات نووسراوە
برایان:
لە ژیانی ژێر دەستی و ئیستعماردا لە نووسینی ئەم نامەیەوە تەنیا 14 سەعاتمان ماوە بە پەتی ئیستعمار دەگەینە دنیای ئازادی و گیانمان دەگاتە گیانی پاکی شوهەدای ڕێگای نیشتمان.
برایان:
خۆمان زۆر بە بەختیار دەزانین کە بەرامبەر واجبی میللی هیچ دوا نەکەوتین تەنیا نەسیحەتی ئێمە ئەوەیە کە لاوان و نیشتمانپەروەرانی کورد نیکرانی زات بکەنە نیشانە و یەکیەتی بکەنە پەیرەوی خۆیان بۆ شکاندنی تەوقی ئیستعمار و ڕزگارکردنی هەموو میللەتێکی مەزلووم بێ جیاوازی.
برایان:
دوژمنی جەهالەت بن بە هەموو تواناتان شەڕی جەهالەت بکەن وە دوای جەهالەت مەکەون. ئێمە نیشانەی تێکوشینی میللی میللەتی کوردین لە ساڵی 1947 دا. برایانی ئێمە کە ماون بۆ ڕێگای شەرەف تێدەکوشن و پشت بە خودای گەورە میللەت ڕزگار دەبێ.
برایان:
هاتنمانە بەر سێدارە لە بێ دەسەڵاتیەوە و سێ و دوو کردنەوە نەبوو بۆ تێکۆشین، بەڵکو هەر وەکو سەربازێکی ئازاد تا ئاخرین توانا هەوڵمان داو و گەیشتینە ئەم نەتیجەیە. ئیدی بۆ یەکیەتی وە بۆ ئازادی. بژی کورد و کوردستان.
ئیمزا
خیراللە عبدالکەریم مستەفا خۆشناو عیزەت عبدالعزیز محمد محمود
وەرگیراوە
بهروار: 19/06/2026
58 جار خوێندراوهتهوه
|