|
ئەوانەی دروستکراوەکانی خوایان خۆش بووێ ، خوا خۆیان خۆش دەوێ
عەتتاری نەیشاپور، لەیەکێک لە چیرۆکەکانیدا دەڵێت :-
ڕۆژێک (یوسوف) بە بازاڕی میسردا ڕێیدەکرد ، بەشوێنێکدا تێپەڕی (زوڵەیخا)ی بینی ، نابینا ، بێنەوا ، پەککەوتە ، لەسەر زەوی دانیشتبوو ، بە ئومێدی ئەوەی گەردێک لە قاچی ئەسپەکەی یوسفی بەرکەوێت .
یوسف بەم بارودۆخە بێتاقەت بوو ، ڕویکردە ئاسمان و فەرمووی (خودایە ، بۆچی ئەم بێچارە پەککەوتەیە لەم جیهانە نابەیتەوە ، کە بەم ڕەفتارانەی پێغمبەرەکەت لەلای خەڵکی بەدناو دەکات ؟)
سروشێک لە دەروونی یوسفدا هاتە گۆو وتی:-
(لە نێوی نابەین ، چونکە ئەو دۆستی ئێمەی خۆشدەوێت)
............................................
لە ڕواڵەتدا ئەگەر ئینسان چەند مەتر قوماشێک ببەستێت بەسەریەوە وا گومان دەبرێت کە ئەمە سەر بە (سیغ)ەکانی هیندستان بێت ، خۆ ئەگەر ئەم قوماشە بدرێت بە خوار ناوکدا ئەبێت بە (بودیزم) ، ئەگەر لەکەمەری ببەستیت ئەبێت بە (زاهید) ، ئەگەر بیدەیت بەسەر شانتدا دەبێت بە (موسوڵمان) یان (مەسیحی) ، لە ڕاستیدا خودا کاری بەمانەوە نییە ، ئەو تەماشا دەکات بزانێت کێ دۆستەکانی ئەو ، دروستکراوەکانی ئەوی خۆش دەوێت. ئەوانەی دروستکراوەکانی خودایان خۆش دەوێت ، خودی ئەویان خۆشدەوێت
..........................................
(لیس الاعتبار بالخرقة إنما الاعتبار بالحرقة)
باوەڕ متمانە ، ئیمان ، بە پۆشاک و عەبا نییە ، بەڵکو بەسوتانە ، بە درک کردنە ، بە بینینە ، بە بیستنی دەنگی ئەوانەیە کە نابیسترێن، ئەوانەی پێویستیان پێیە و ناتوانن داوای بکەن ، ئەوانەی نازانن و نایانخەڵەتێنن ،
(گر مرید راه عشقی فکر بدنامی مکن
شیخ صنعان خرقه رهن خانه خمار داشت)
ئەگەر موریدی ڕێگەی خودای ، لەسەر ڕێگاکەتدا هەزاران درەخت و ئاژەڵ هەن ، هەزاران منداڵ و پیرو بێ کەس هەن ، دراوسێ و دۆست و هاوپیشەت هەن پێویستیان هەیە و پێیان بدە ، ئەگەرنا شێخی سەنعانیش خۆ (خەرقەکەی لە ڕەهن و کرێی مەی دانا) عەبای دەیان ساڵ پەرستش و گەورەیی لە عیشقی بەدناوینا، هیچ جلوبەرگ و ستایل و ناونیشان و شێواز و ڕیزێک ناتوانێت گرەنتی پەڕینەوەی هیچ مرۆڤێک بکات لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر ، مەگەر ئەوەی کەدڵمان ، ڕوانینمان ، هەستەکانمان ، پێزانین و درککردنمان بۆ ئەوانیتر و سەرجەم دروستکراوەکانی بکەینەوە
......................................
ئەڵێن هەندێکجار شیبلی (خوێ)ی ئەکردە چاوی بۆ ئەوەی نەخەوێت ، وتیان قوربان ناترسی چاوت کوێر بێت ؟ فەرمووی (ئەوەی توشی دڵمان بووە، لە چاو نادیارە)
نابینایی ڕاستەقینە ئەوانە نین کە بە هۆکارێک چاوەکانیان داخراوە و نابینن، بەڵکو ئەوانەن کە دڵیان درک ناکات.
ئەوانەی کە تەنها بەچاو دەبینن ، لە خەرقە و جل و بەرگ و کەواو بێ ئاگاهیدا،گیردەخۆن و ئەنیشن.
ئەوەی لە جل و بەرگ و بێ ئاگاهیدا بنیشێت ، ئەشێ ڕۆژێک جلەکەی باوەڕەکەی لە گرەوی شتێکدا بدۆڕێنێت یان کەمێک بەرزتر یان نزمتری بکاتەوە و ببێت بە شتێک یان باوەرێکی تر.
بەڵام ئەوانەی بەدڵ دەبینن و درک بەخەڵک و دروستکراوەکانی خواد دەکەن ، بۆ هەمیشە لە نزیک ئەو دەمێنن .
مەولانا وتەنی :-
تۆ کە لە پەرستش سەر دەبەیتە سجوود
سەر بجوڵێ و دڵ نەجوڵێت، چ سوود
نوقتە سەری دیڕ ...
....................................
لە زانستی دەرووننسایدا بەمە دەوترێت (empathy - هاوسۆزی) هاوسۆزی لەگەڵ لەگەڵ هەموواندا ، لە ئاینیشدا پێی دەوترێ (مودة) هاودڵ بوون ،
جل و سەر و ئەژنۆ با هەر بجوڵێن ئەمانە خەرقەن ، هاوسۆزی و هاودڵی سوتان، ڕەزامەندی و درککردنن ئەمانە لە پێشترن چون حەرقەن.
هێمن عەبدولقادر
بهروار: 15/06/2026
35 جار خوێندراوهتهوه
|