|
"عەزیز گەردی" پیاوێک لە زومڕەی گەوهەر
دەڵێن ڕاوچی باش وەختێ خۆی حازردەکات بۆ ئەوەی بچێتە ڕاوێ ، بەڵێنی ئەوەنادات چی لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە ، کێ دەزانێت لە رێگا تووشی چی دەبێت ، گورگ یان ورچ ، ماسی یان رێوی ، کەمتیار یان دەلەک ، سوچڕ یان دەستی بەتاڵ ، نووسینیش هەروایە هیچ نووسەرێکی باش بەلێنی شاکارێکی گەورە نادات ، کێ دەزانێت لە رێگادا توشی چی دەبێت
تەنها شتێک کە لێی ڕوونە ئامادەکاریەکانیەتی بۆ ئەو ڕاوە ، یان بۆ ئەو نووسینە، (چما جەنگاوەرێک لە شەڕدا دەزانێت ڕووبەڕووی چی دەبێتەوە؟).
ئەوەی لە عەزیز گەردیدا سەرنج ڕاکێش بوو بە تەنها نووسین و وەرگێڕانەکانی نەبوون ، بەڵکو ون بوون و دەرنەکەوتنەکانی بوو ، ئەو پیاوێک بوو بوغز و زویری هەبوو بەرامبەر بە دەرکەوتن ، لەسەردەمێکدا ژیا کە هەمووان ، هەوڵی دەرکەوتنیان دەدا کەچی ئەو خۆی پەنهان و شاراوەکردبوو.
لەسەر دەمێکدا کە (چاڵێنج و ئێکسپریەنس و سۆو وەت و نیزاع و قانون و مولکیە و .تەشەکورلەرەم و خەیل و خوب و ...هتد) دەیان زاراوەی بیانی تر بۆتە جۆرێک لە ڕۆشنبیری لە لای نوخبەی دەستە بژێر و خەڵکی سادەش ، ئەو ئەهات (ئەدگار و تاسولقە ) ( زنار و ڕەوسە)و (چەپالە و هەوگ) پێ ئەناساندین ، عەزیز گەردی جگە لەوەی زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی و فارسی و عەرەبی بە باشی دەزانی ، لە چەند زمانێکی تری گەورەی دونیاوە وەرگێڕانی دەکرد.
لە سەردەمێکدا کە قسەکردن بە زمانی کوردی و دەرکەوتن بە جلی کوردی ببووە عەیبە ، ئەو ئەهات بەجلە کوردیەکانیەوە بە زمانە سادەکەی لە ناوەڕاستی زانکۆدا وەک (عەولە سیس) پاڵەوانانە مشکی و جامەدانی ووشەکانی دەکرد بەلادا ، چای دەخواردەوە و بەتەنها گوێی لە مشکۆ دەگرت.
ئەو لە کەس نەچوو ، نە تێکەڵی قەرەباڵغی بوو ، نە بووە پاسەوانی بەردەرگای کۆشک و حەرەم سەرای سوڵتانەکان ، مەرگی ئەو پێی گوتین دەتوانین بژین و نەبینە پیاوی هیچ ناپیاوێک
دەتوانین گەورە بین و بەشداری هیچ گەڕەلاوژەیەکی ناو ڤیستیڤاڵ و کۆڕ و سیمینار و ڕیزی پێشەوەی کورسی و وێنەگرتنی ناو هۆڵەکان و خۆ نمایشی ناو تۆڕەکان نەبین
دەتوانین ناو و ناوبانگ دەربکەین و نەچینە بەردەمی ئەو هەموو تەلەفزیۆن و کەناڵە بێ مانایانە
ئەو هەموو ڕێزلێنان و خەلاتانە ڕەتکەینەوە کە بۆمان ساز دەدرێن و تەنها خەڵاتێک کە بەیەخەی نەمریەوە بیهێڵینەوە ، نەبینە دەرباری کەس.
ئااااای ژیان چ بوونێکی پڕحەسرەتی بۆ هەندێکمان ...
چەند زۆڵەک و ئەردە و حەرامزادەیت ،
ئەو هەموو گەوهەرەمان لێدەشاریتەوە و ئەو هەموو زبڵەمان دەخیتە پێش چاو ،
ئەو هەموو بێ دەنگیەمان نابینیت و ئەو هەموو زۆربڵێی و جەقە جەقەمان لێدەکەیت بەیار ،
ئەو هەموو وون بوون و پەنهانیەمان پەی ناکەیت و ئەو هەموو خۆ دەرخستنەمان لێدەکەیت بە خام و جاو ، ئەو هەموو گەورانە دەکەیت بە ئاردی ناو دڕک و ئەو هەموو بچووکانە دەخەیتە پێش چاو.
............
دەڵێن (گوللە و میدالیا هەردووکیان دەچنە سەر یەک سنگ
فرمێسک و خەندە لە یەک ڕوودا دەردەکەون
ژەهر و هەنگوین لە ناو یەک دەمدا دەتوێنەوە
باز و کۆتر هەردووکیان بە یەک ئاسماندا دەفڕن
بروسکە و باران لەناو یەک پەلە هەوردان
کۆمۆز و خەنجەر هەردوو کیان لە یەک شوێندا توند دەکرێن)
بەلام هەر یەکەیان کارێکی هەیە و هەر یەکەشیان لەلای خەڵکی مانایەکی هەیە.
(حاجی موراد) و (داغستان) و (پڵنگ لە ڕۆژی دەیەمدا) و (سواڵکەرانی پەرجۆ) هەموویان هەر کتێب بوون بەڵام کەمیان وەک (ئەو پیاوەی بەتەنیا سەفری کرد) بوونە کتێب ، کەمیان لە (نامەیەک بۆ ئەو کۆرپە نێرینەیەی کە هەرگیز لە دایک نەبوو) تێگەیشتن کە عەزیز گەردی بۆچی تەنهایی هەڵبژارد و تەنانەت هاوسەرگیریشی نەکرد ، تێگەیشتنێک ، کە ئەو هەموو تەنهایی و گۆشەگیری و تێکەڵ نەبوون و دەرنەکەوتنانە بۆ ؟
ئەڵێن دەرگایەک مەکەرەوە کە نەتوانیت دایبخەیت ، ئاوێک بەر مەدەرەوە کە نەتوانیت بیگریتەوە شەڕێک هەڵمەگیرسێنە کە نەتوانیت بیکوژێنیتەوە ، بەرێگایەکدا مەڕۆ کە نەتوانیت بگەرێیتەوە ، وا منیش نووسینێکم دەست داوەتێ کە نازانم چۆن و لە کوێدا کۆتایی پێبهێنم.
بۆیە کڵاوم لەسەر قەڵەمەکەم داناو لێرەدا بێدەنگ بووم ، تەنها ئەو دێڕەی حەمدی هاتەوە یاد
(دەخیلە داخڵی تەئریخی کەن ئەم وەزعە بۆ عیبرەت
هەرچی بێ ناوە ناودارە ، ئەوەی ناودارە بێ ناوە)
نوقتە سەری دیڕ ......
........................................................
*بە ناوبانگ بوون لە رێگەی ونبوون و بێدەنگیەوە ، نەمری لە ڕێگەی مردنەوە ، ئەو وانانە بوون کە (عەزیز گەردی) فێری کردین
هێمن عەبدولقادر
بهروار: 08/06/2026
87 جار خوێندراوهتهوه
|