|
مامۆستای زستان و پێشمەرگەی هاوین.
ساڵی 1994
کەشەڕی خۆکوژی نەوەد و چوار بەرپا بوو، له گوندی کانی مازوو مامۆستا بووم.
بۆ هاوینەکەی گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
ئەو کاتە ئەندام کەرتی کۆمیتەی 5 " و بەرپرسی پۆلی" شەهید ئاسۆ خراجیانی" بووم.
ئێوارەیەک لەمەکتەب عەسکەری پارتی" ئەنفالەکەی بەختیاری " کۆیان کردینەوە ، کە " کاک حەمەی تەیب" ئامر قاتع بوو.
مەفرەزەیەکیان دا بە من کە لە " ئاسایش و پۆلیس و ڕێکخستن" پێکهاتبوو.
ئیتر شەوانە یەکێک لە مەفرەزە ئەمنیەکانی شەقامی ڕزگاری و گەڕەکی بەختیاری ئێمە بووین.
هەموو شەوێک 25 دیناری سویسریان بە من و هەر ڕێکخستنێک 10 دیناری سویسریان دەدایە.
من بەحوکمی دوکانی باوکم حاڵم لەوان باشتر بوو، 25 دینارەکەی خۆم بۆ دەدانەوە بە جگەرە بۆ مەفرەزەکە، کە گەنجی دڵسۆز و خۆبەخش بوون.
قومبەلەی پاراستنی پارتی
شەوێک لای مەعهەدەکەی بەختیاری بووین، جوابیان هێنا لەکۆڵانی پشتی مەعهەدەکە شەڕە.
کەچووین گەنجێکی سەرخۆش هات و ووتی: دراوسێکەمان پاراستنە و قومبەلەی لە ماڵەوە هەیە.
کاک ڕەزای هاوڕێمان کە لەو گەڕەکە بوو بانگی کردم و پێی ووتم:
ڕاسته ئەم کوڕە یەکێتیە و شەڕی لەگەڵ کوڕی شەهیدێکی پارتی دراوسێیانە، بەڵام شەڕەکەیان پەیوەندی بە حیزبایەتیەوە نیە ، ئەم کوڕە گێچەڵ بە کوڕی دراوسێکەیان دەکات.
منیش کەمێ هەڕەشەم لە سەرخۆشەکە کرد کە پیاو بێت." گەرچی دواتر کوڕی شەهیدەکەی پارتیان لە تەلەفیزیۆن پیشان دا کە ووتی کە بە نیاز بووم قومبەلەکە بگرمە " م.ش.ح" ی یەکێتی"، بەڵام خەتای سەرخۆشەکە بوو کە دەیویست گێچەڵیان پێ بکات و پارتی بوونیان بکات بە بیانوو.
لە ڕۆشتندا بووین سەرخۆشەکە پەلاماری کڵاشینکۆفەکەی منی دا و میلی هێنایەوە.
بە دوو سێ کەس خۆماندا بە سەریدا و هەر چۆنێک بێت ، کڵاشینکۆفەکەمان لێسەند، گەر فریا نەکەوتینایە خەڵکێکی زۆر پێوە دەبوو کە کۆببوونەوە.
دواتر لە ڕقدا کەوتە ژێر چەپۆک و شەقی دوو سێ کەسمان. کە هەڵسایەوە خوێن نەک لە لووت لە چاو و گوێچکە و دەمیشیەوە دەهات.
مەفرەزەیەکی پۆلیسی ئیسکان هاتن و سەرخۆشەکەیان برد.
زلەکەی بەردەم چێشتخانەی سارا
شەوێکی تر کە هەینی بوو ، ڕێکخستەکان بانگیان کردم و ووتیان:
ئەو شوفێرە سەرخۆشە و جوێن دەدات.
کەچووم کەوتە گاڵتەپێکردنم، منیش بە توندی لەسەر سوکانەکەوە هێنامە خوارەوە و گرتمان.
دوایی ئوتومبێلێک لەنزیک چێشتخانەی سارا وەستاو بانگی کردین.
کەچووم " مەلا.ن" بوو خۆشی سەرخۆش و ،هاوڕێی سەرخۆشەکە بوو ، بێ قسە یەک زلەی لە مندا و ووتی بۆچی ئەو پیاوەتان گرتووە؟
بەهەمو هێزی خۆم یەک بۆکسم لێدا ، خراپ پەڕی. دوایی دەهاتە پێشەوە چەکم بکات، دوو سێ فیشەکم نا بە بەرپێیەوە نەدەگەڕایەوە.
دوو خزمی خۆی پاسەوانی بوو، ویستیان بە چەکەوە لە ناو لاندکرۆزەرەکە دابەزن ، نەمهێشت.
جادەکە قەپات بوو، کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرین کە هاوڕێی " مەلا.ن" بوو هاتن و بە هەموویان دەیان وویست چەکم بکەن و لێم بدە، نەمهێشت.
" مەلا.ن" پێشمەرگەی دانەبڕاو بوو، بۆیە هەموویان کە زانیبوویان بۆکسی لێدراوە پێیان ناخۆش بوو.
" کاک ڕەفیق قەڵادزێیی و کاک نەبەز ئەمین" لە کۆمیتەوە گەیشتن و هەموومانیان برد بۆ پۆلیسی بەختیاری.
لە ڕێگا سەیر دەکەم مەخزەنی کڵاشینکۆفەکەم لە پشتەوە لێکراوەتەوە، مەخزەنێکی ترم خستە سەری.
پۆلیس دەسەڵاتی پێشمەرگەی نەبوو، لە ناو پۆلیسخانەی بەختیاری بە چەند پێشمەرگەیەکی ئەوان دەیانویست غافڵم بکەن و چەکەکەم لێبسەن و لێم بدەن.
کەزانیم واز ناهێنن ئینجا ووتم:
"من خراجیانیم و پێشمەرگەی کۆنم و برای شەهیدم"
ئینجا سڵەمینەوە و ووتیان :
درۆ دەکەیت خراجیانی نیت.
ووتم: بەیانی بۆتان دەردەکەوێت خراجیانیم یان نا.
" کاک نەبەز ئەمین" کە بەرپرسی کەرتی خۆمان بوو، بە دزەییەوە هێنامیە دەرەوە و ئوتومبێلێکی ڕاگرت و ڕزگارم بوو لە دەستیان.
بۆ بەیانی لە مەڵبەند " مامۆستا موحسین ئەکبەر" ی ڕەحمەتی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ هەردوکمان کرد و بەوی ووت:
دەزانم پێشمەرگەیەکی دێرین و ئازایت بەڵام دەبێت داوای لێبوردن لەم بکەیت، خەتای تۆ بووە لەسەر سەرخۆشێک پەلامارت داوە.
" مەلا .ن" هات و داوای لێبوردنی لێکردین و تەوقەمان پێکەوە کرد.
دواتر دەرکەوت پیاوێکی بەڕێزە ، بەڵام مەستی وای لێکردبوو.
من کە مامۆستا بووم و چەکەکەش هی خۆم بوو بێ بەرامبەر دەیان شەو تا بەرەبەیان فەرماندەی مەفرەزە ئەمنیەکانی گەڕەکی ڕزگاری و بەختیاری بووم.
بەرپرسی کۆمیتەی 5 " مامۆستا جەمال تاڵەبانی بوو".
ئەم کۆمیتە تڕەیە ئەوەندە مەغرور بوو لەسەر کۆنە سەدامیەک ئێمەی ئەندام کەرت کە پۆلەکەمان زیاد لەسەد کەس دەبوو و هەروەها پێشمەرگەی دێرین و مامۆستای زەمانی گرانیەکە بووین دڵی شکاندین و بوختانێکی گەورەیان بۆ کردین.
وێنەکە گوندی کانی مازووە
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
بهروار: 05/06/2026
115 جار خوێندراوهتهوه
|