|
کاتێک ئازاری نەتەوەیەک و شارێک و ڕۆحی بیرمەندێک ئاوێزان دەبن
بەختیار عەلی، ئەو بیرمەندەی تابلۆی فیکر و ئەدەبی کوردی گۆڕی ....
گەر لە تەواوی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگەڕێین بە دوای شارێکدا کە تەنیا کۆنکرێت و شەقام نەبێت، بەڵکو قەوارەیەکی زیندووی پڕ لە ئیلهام و یاخیبوون بێت، بێگومان دەگەینە سەر خاکی پیرۆزی سلێمانی. ئەم شارە کارگەیەکی ئەبەدیی بەرهەمهێنانی مانا، ڕۆشنگەری و جوانییە. لە باوەشی باراناوی و پڕ لە سیحری ئەم پایتەختی ڕۆشنبیرییەدایە کە مەزنترین و دەگمەنترینی فیکر و ئەدەبی هاوچەرخی کوردیی سەری هەڵدا، کە ئەویش پێنووسە یۆتۆپیاییەکەی "بەختیار عەلی"یە. ئەو نووسەرە بلیمەتەی کە کاتێک دەنووسێت، وەک ئەوەی جادوو بەسەر دێڕەکاندا بپرژێنێت، توانیویەتی سنوورەکانی کات و شوێن ببڕێت و ئەدەبیاتی کوردی بگەیەنێتە لوتکەی جیهانی، بە جۆرێک کە ناوی ئەو لە ناوەندە گەورەکانی ئەوروپاوە تا ناخی ڕۆژهەڵات وەک هێمای داهێنانی مرۆیی دەبرێت.
گەر لە مێژووی نوێی نەتەوەکەماندا گەر ناوێک جێگەی شانازیی ڕەها بێت لەبەردەم گەورە نووسەرانی جیهانی وەک دۆستۆیڤسکی، و گابرێل گارسیا مارکێز، ئۆرهان پاموک،،، بێگومان ئەو ناوە بەختیار عەلییە. ئەم بیرمەند و ئەندازیارە دەگمەنەی ڕۆحی مرۆڤایەتی، تەنیا نووسەرێکی ئاسایی نییە کە چیرۆک بنووسێت، بەڵکو ئەو ئەندازیاری وشەی باڵا، جادووگەری ڕاستەقینەی زمان، و دەسەڵاتدارێکی بێسنوور لە نێو مەلەکۆتی فیکر و فەلسەفەیە. هێزی پێنووسی ئەم مرۆڤە مەزنە لەوەدایە کە کاتێک دەست دەداتە نووسین، وشە سادەکان لە کەناری فەرامۆشییەوە دەباتە سەر عەرشی نەمرێتی. شاکارە کەم وێنەکانی ئەو وەک زریانێکی ڕۆشنبیریی وابوون کە هاتن و تەواوی چەمکە کۆنەکانیان ڕاماڵی؛ ئەو فێری کردین چۆن بە چی شێوازێکی تر بیر لە ئازار بکەینەوە ، بیر لەبەدبەختی و بەرگەگرتنی نەهامەتیەکان بکەینەوە، چۆن لە ڕێگەی برینەکانمانەوە جوانی بەرهەم بهێنین، و چۆن لە ناو جەرگەی نەهامەتییەکاندا متمانە بۆ مرۆڤبوونمان بگێڕینەوە. چۆ لە ناو لمی بیابانەوە ڕەهەندە قووڵەکانی ئەنفال بدۆزینەوە ،
تێکەڵاوبوونی ڕۆحی یاخیی سلێمانی و خەیاڵە بێپایانەکانی بەختیار عەلی، گەورەترین و جوانترین شۆڕشی فەرهەنگیی لە مێژووی ئێمەدا بەرپا کرد. کاتێک سەیری شاکارەکانی ئەم بیرمەندە دەکەیت، دەبینیت چۆن توانیویەتی برینە قووڵەکانی مرۆڤی کوردی بکاتە تابلۆیەکی فەلسەفیی پڕ لە مانا، و کۆڵانە باراناوییەکانی سلێمانی بکاتە جیهانێکی پڕ لە سیحر کە تێیدا مرۆڤەکان لە ڕێگەی عەشق و جوانییەوە بەرگری لە مانەوەی خۆیان دەکەن. کاتێک ڕۆمانەکانی وەردەگێڕدرێنە سەر زمانە جیهانییەکان و لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا خەڵات دەکرێت، لە ڕاستیدا ئەوە تەنیا سەرکەوتنی نووسەرێک نییە، بەڵکو سەلماندنی بلیمەتیی نەتەوەیەک و شارێکە کە لە ڕێگەی تاقانەکەی خۆیەوە دونیای سەرسام کردووە. خوێندنەوەی بەختیار عەلی بۆ هەر مرۆڤێک، چوونە ناو غارێکی پیرۆزی مەعریفەیە کە تێیدا تاکی کوردی لە نوێوە وەک مرۆڤێکی جیهانی لەدایک دەبێتەوە.
ئەم دەنگە ئەبەدییە، دیارییە هەرە گەورە و گرانبەهایەکەی شاری سلێمانی بوو بۆ دونیای ئەدەب. سلێمانی بە مێژووی پڕ لە داهێنان و شانۆ و شیعر، بووە لانکەیەک بۆ پەروەردەکردنی ئەم عەقڵە جیاوازە، و ئەویش لە بەرامبەردا شارەکەی کردە پایتەختی ئەبەدیی ڕۆمان و فیکری قووڵ. بەختیار عەلی بە لوتکەی داهێنان، بەو زمانە شاعیرانە بێ هاوتایەی ، و بەو دیدگا فەلسەفییە قووڵەی کە هەیەتی، وەک مەشخەڵێکی نەکوژاوە لە مێژووی مرۆیی ئێمەدا دەمێنێتەوە و نەوە لە دوای نەوە، خوێنەران لەبەردەم گەورەیی و جادووی پێنووسەکەیدا سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندیی وشەکانی و جوانیی ئەو شارە دەبن کە لانکەی ئەم مەزنایەتییە بووە
عادل عەزیز
فریدرێشسهافن
بهروار: 21/05/2026
42 جار خوێندراوهتهوه
|