|
کۆمەڵکوژی دەرسیم 🖤
ئەم ڕۆژانە 89 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی کۆمەڵکوژی دەرسیمدا تێدەپەڕێت.
ئەم کوشتارە دوای کوشتاری ئەرمەنەکان لە سەردەمی عوسمانیدا، بە گەورەترین کۆمەڵکوژیی مێژووی مۆدێرنی تورکیا لەقەڵەمدەدرێت. پڕۆسەی قڕانکردنی کوردە عەلەوییەکان لە 4 ی مایسی ساڵی 1937 دا دەستی پێکرد. 72 هەزار کەسی تێدا بوونە قوربانی و سەروو 50 هەزاری دیکەش بە شێوەی زۆرەملێ بەرەو ناوچەکانی دیکەی تورکیا ڕاپێچکران .
وێنەکان: 1. وێنەی هەندێ لە منداڵانی کورد بەدیلی لە دەست سەربازانی ئەتاتورکدا.
2. وێنەی ژەنراڵ عەبدوڵا ئاڵپ دۆگان بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکان.
«... باوکم ترسابوو، کوشتاری دەرسیم هێندە دڕندانە بوو باوکم هیچ کات تا سەرەمەرگ نەیدەتوانی باسیبکات، تەنیا لە سەرەمەرگدا باسی کوشتاری دەرسیمی بۆکردین. هەموو برا و خوشکەکانییان لە دەرسیم کوشتبوو، هەر ئێمەی بۆ مابوو. بۆئەوەی تورکەکان نەمانکوژن و سووکایەتیمان پێ نەکەن، وەک تورک پەروەردەیکردین. هەموو بەیانییەک کاتێک لەسەر سفرەی بەرچایی دادەنیشتین، دەبوو هەموومان دەست بەرزبکەینەوە و بڵێین: چ بەختەوەرین ئێمە تورکین. ئێواران کاتێک لەسەر سفرەکە دادەنیشتین هەموو دەستمان بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە و دەمانگووت: خوایە چ نیعمەتێکی گەورەیە ئێمە تورکین. من هیچ وشەیەکی کوردی نازانم... هیچ. دەزانی باوکم لە هەموو ژوورەکاندا چی هەڵواسیبوو؟».
«بڵێم چی؟ ... وێنەی ئەتاتورک؟».
«نا... لە هەموو ژوورەکاندا لەسەر کارتۆنی سپی وتەیەکی محمود اسعد بوزکورت، وەزیری دادی تورکیای لە ساڵی 1930 دا هەڵواسیبوو. تیا نوسرابوو "با هەمووان بزانن، دۆستان و دوژمنان و چیاکان: ئاغا و سەروەری ئەم عەردە تورکە. ئەوانەی تورکی ئەسڵ نین، تەنیا یەک مافیان هەیە: مافی ئەوەی کۆیلەبن". باوکم ئەوەی لە هەموو ژوورەکاندا هەڵواسیبوو، تا هەموومان، من و خوشک و براکانم هەوڵبدەین ببین بە تورک، بۆئەوەی نەبین بە کۆیلە. ئەگەرچی زۆر شەو گوێم لێ بوو تا بەیانی دەگریا، باوکم شەو تا بەیانی لە ژێر بەتانییەکەوە وەک ژانێک بیسووتێنێت لە گریاندا قوڵپی دەدا. بەڵام هەموو هەوڵێکی دەدا ئێمە لە ناو تورکەکاندا وەک تورکی ڕەسەن دەربکەوین».
زەکی ڕەزا باکلان بۆ عەلی ئیحسان ئاکانسو
لە ڕۆمانی «داگیرکردنی تاریکی»ەوە
بەختیار عەلی
بهروار: 06/05/2026
33 جار خوێندراوهتهوه
|