دوای مردنت چی ڕوودەدات ؟

هـەر  منداڵ پێی زانیت ڕۆحت دەرچوو ئیدی بۆ یەک سەعات لە ماڵەکەی خۆتدا  ناتهێڵنەوە چونکە ئەڵێن بۆگەن دەکا ، 
لە کاتێکا هەر ئەو مرۆڤەی دوێنێ شەویت کە خەوتبوویت و دڵت لێی دەدا ئەمما ئێستا خەوتوویت و دڵت لێ نادا،
ئیدی بە پـەلە ئەتخەنە سەر شان و بەو نیوەشەوە ئەتفڕێنن بەرەو مزگەوت، بۆت نیە لە ماڵەوە بمێنیتەوە تا ڕۆژ 
دەبێتەوە چونکە تۆ ترسناکیت و منداڵ لێت دەترسێت،

ئیتر بێ ناز لە سوچێکی مزگەوتا  جەنازەکەت دادەنێن بەناو دۆستان و ئازیزانت هەر یەکەی لە جێگەیەک پاڵکەوتووە و خەریکی یاری کردنە بە موبایل و بە درۆشەوە پرسەیەک پۆست دەکا و قەیتانێکی ڕەش لە وێنەیەکت دەدا لەبەر عەیبە ئیتر ئەمە هەموو وەفاکەیەتی بۆت

جا تۆیەک کە چەند منداڵت گەورە کردووە و سەدان جار لە حەمام  شۆردونت کەچی بەهەموویان غیرەت ناکەن و بێزیان نایە بوشۆرن، دەچن مردوو شۆرێک دەهێنن بە پارە بتشوا، جا دۆشەک و بەتانی و خاولیەکەی پێتەوەیە فڕێ ئەدرێ تەنانەت هاوسەرەکەت بێزی لێ دەکاتەوە بیهێنەوە بۆ ماڵ

دوای ناشتنت منداڵەکانت ئیدی دێنەوە بەرەو ماڵ و چەند ساعاتێکی کەم ئاخت بۆ هەڵدەکێشن ، ئیتر  لە باتی بڵێن پشتمان شکا کەچی گوێت لێیانە دەڵێن نەجاتی بوو، دوای سێ سەعات پرسە لە خێمەیەکدا خوا خوایانە زوو پرسەکە هەڵگیرێت بڵاوەی لێبکرێت بە بیانووی ئەوەی هیلاکن

ئای چ کارەساتە ئەو خانووەی لە بەردی بناغەوه ساڵانێک بە چنەکڕێ و عارەق ڕشتن دروستکرد لافیتەیەکی_ڕەشی پیا هەڵدەواسرێت  ناوی سیانی خۆتی لەسەرە نوسراوە وەفاتی کرد لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە چەند مانگێک تێ ناپەڕێ لە شوێن ئەو لافیتە ڕەشە لافیتەیەکی_سپی هەڵدەواسرێت و لێی نوسراوە ئەم خانووە بۆ فرۆشتن و ژمارەی تەلەفونی کوڕێکتی لەسەرە لە کاتێکا هی تۆیە کەچی کەسێکی تر  مامەڵەی پێوە دەکا !

ئیتر ئاوایە دونیا تەواو حاڵیبە خانووەکەت ئەفرۆشرێ و منداڵێکت بە پارەکەی ئۆتۆمبێل دەکڕێ و گۆرانی تەپڵ و زوڕنای تێدا لێ دەدات  و یەکێکی تریان ئەیدا بەباخێک بۆ گەعدە و مەشروب و فیعل، یەکێکی تریان تەجمیلی لوت و گوپ و سمتی پێ دەکا،
کەچی تا خۆت لە ژیانابووی ئەشییعەیەکیان بۆ ئەگرتی لەسەد مەجلیسا باسیان دەکرد کە مەسرەفی عیلاج و خەستەخانەت چەند گرانە

ئیدی دوای مردن گومانت نەبێ  چوار هەینی بە گەرم و گوڕی دێن و  دوو بوغورد و چەپکێ ڕێحانەی  هەزاری لەسەر گۆڕەکەت دائەنێن و بە مۆبایلەکەیان قورئانێکت بۆ دەخەنە سەری و چارەکێک خۆیان ناگرن دەڵێن گەرمە و ئیتر عەسرانی پێنج شەممان دێین ،

ئیدی کاتێک دەزانی بیریان دەچیتەوە و نیو مەتر پووش لەقەبرەکەت بەرز بۆتەوە و کێلی سەرت شکاوە و ناوەکەت کاڵبۆتەوە کاتێ یەکەم ڕۆژی جەژن دێن بۆ سەردانت بۆیان نادۆزرێتەوە ،

ژیان ئەمەیە و لەمەش بێ نرخترە زۆر شتی لەمەش زیاتر هەبوو بینوسم بەڵام نامەوێ زیاتر دڵتان عەزێت بدەم ،ئەمەی نوسیوومە ناڵێم هەموو کەسێ وایە بەڵام  زۆربەی وان ، بۆیە تا لە ژیاندای بە کەیفی خۆت بینۆشە و بیبەخشە و خۆشی ببینە چونکە لە پاشی خۆت تەنها قوربانیەکت بۆ ناکەن لەوەی جێت هێشتووە تا جارێک ڕەحمەتت بۆ دەنێرن دەیان جار ڕەخنەت  لێدەگرن دەڵێن شەقی ئەوە بە قنمانەوە هیچمان نەبووە بەهیچ ...

 سابونچی
به‌روار:  05/05/2026
58   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   92
کۆی سه‌ردان:   31353625