|
بوغزنامە!
دەربارەی وتارەکەی مەریوان وریا قانع
سەرە گەورەکانی (بەحساب!) نێوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە وەهان، دوای مەرگییەکدیش، لەبری (پرسەنامە) و یاد و بەرزنرخاندنی ژیان و بەرهەمەکانی یەکتر و هاوخەمی، دێن (بوغزنامە) دژی مردوویەکیش دەنووسن کە شەیتانیش بە شەیتانی خۆیەوە وازی لێ هێناوە!
ئەگەرنا وەختی خۆی بە شەڕ و ناکۆکی و قسەدابڕینی کامۆ و سارتەرەوە لە یەکدی، بەڵام کە کامۆ مرد؛ سارتەر وتارێکی بەناوبانگی لەسەر نووسی و ستایشی کرد. ئایرۆن و سارتەر ناکۆکی قووڵی فەلسەفیی و ئایدۆلۆژیشیان هەبوو، کتێبیان لە دژی یەک نووسی. بەڵام کە سارتەر مرد؛ ئایرۆن ستایشی کرد. تۆڵستۆی و تۆرگینۆڤ نەک ناکۆکیان بوو، تەحەدای یەکتریان دەکرد بۆ شەڕە دەمانچەی بەرامبەر یەک. بەڵام کە تۆرگینۆڤ مرد؛ تۆڵستۆی بە گریانەوە وتی (ڕووسیا مامۆستایەکی گەورەی لە دەست دا.)
دوو ئەدیبی گەورەی دنیا مارکیز و ماریۆ ڤارگاس یۆسا، پەلاماری یەکیان دابوو، ٣٨ ساڵ پێکەوە قسەیان نەبوو. بەڵام کە مارکیز مرد؛ ماریۆ یۆسا نووسی (مارکیز گەورەترین نووسەری سەردەمە کە شکۆی دا بە زمانی ئیسپانی.) فرۆید و کارل یۆنگ لە مامۆستا و قوتابییەوە بوون بە دوژمنی سەرسەختی یەکتر. بەڵام کە فرۆید مرد؛ یۆنگ نووسی (من هەرچییەکم هەیە قەرزداری فرۆیدم، فرۆید مێژووی گۆڕی.)
بەڵام ئێستا ڕۆشنبیری ئێمە، نە ئەوەیە برایەتی و موحیبەتی شەرقیی و دینییان تێدابێت، نە لوتف و ماریفەتی کوردی دەفامن، نە ئەو مۆراڵەی ڕۆژئاواشییان وەرگرتووە کە لەسەرەوە نمونەیمان هێنایەوە.
ئێ بە کورتی، ئەمە ئەو بۆگەنییەیە کە ماسی ڕۆشنبیری کورد لەسەرەوە کردویەتی، ئەمە سقوتی تەواوی ئەخلاقییە، قابیلە فەزیڵەت بێت!
توانا ئەمین
بهروار: 04/05/2026
102 جار خوێندراوهتهوه
|