|
ئیدی شۆڕش ئاوەهایە، ئەزیزی من!
لە ڕیزی زنجیرەی سەرەگرتوواندا، لە هۆڵی نۆڕینگەی پشکنین و بڕیارداندا، یەکەم ئەڵقەی بێ ڕکابەر بووم! ئاخر من نیوسەعاتێک، پێش کردنەوەی دەرگاکە، لەوێ وەستابووم.
چەند خولەکێک بۆ دەستپێکردن و خوێندنەوەی ناوەکان مابوو، پاسەوانێک دەستی لەنێو دەستی کەسێکدا، کە پێ دەچوو کەمئەندامی سەنگەر بێت، هات و ئەوی لە بەردەمی مندا جێگیر کرد!
_ بۆچی پێش منی دەخەیت؟
_ نامەی تایبەتی پێیە!
پاسەوان ڕۆیشت و منیش دەستێکم لەسەرشانی دانا و سڵاوێکم لێ کرد...
_ تۆ لەکوێ بریندار بوویت، برای من؟
_ لە شارەزوور.
_ چ ساڵێک؟
_ ساڵی1979
_ من لە ساڵی 1978 و هەتا دە ساڵ پاشتر، لە شارەزوور پێشمەرگە بووم و تۆ ناناسم! تۆ کوڕی کێیت؟
_ کوڕی حەمەی پیزەدرێژ!
چ زستانێکی سەخت بوو. لەگەڵ شەهید مەحموود گەرمیانی و مەفرەزەیەکدا، دەمانویست بەرەو زەڕایەن بڕۆین. لە گوندی (...)ی نزیک جادەی دەربەندیخان، لە باڵاخانەیەکەوە، ڕێک لە ماڵی ئەم کەمئەندامی سەنگەرەوە، ئاگربارانیان کردین. فیشەکێک بەر ئەستووراییی لاقم کەوت و بۆ ئەبەد، سەقەتی کردم! مەحموود گەرمیانی، بە "ئاڕ بی جی"یەک ئاگری تێ بەردان و بێ دەنگی کردن. سبەی، هەواڵمان بیست کە کوڕەکەی حەمەی پیزەدرێژ، بە پارچەیەکی گوللەئاڕبیجییەکە، باڵێکی قرتاوە!
گوتم: من باشت دەناسم، لەسەنگەری جاشاندا کەمئەنداممان کردیت!
گوتی: چ جیاوازیی هەیە؟ کەمئەندام هەر کەمئەندامە! پشتەکەم ئاسە، ئاس!
گوتم: پیرۆزت بێت...
ئیدی شۆڕش ئاوەهایە، ئەزیزی من!
پشکۆ نەجمەدین
ستۆکهۆڵم
وێنەکە جاشێکی ئەودیوە و پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە پیرانشار سنوورداشی ئەو دنیایان کردۆتەوە.
مالمۆکورد
بهروار: 30/04/2026
29 جار خوێندراوهتهوه
|