|
ئەو شەوەی مولازم موحسین لەماڵی ئێمە خەوت.
شەممە: 1981.3.7
ئەو شەوەی مەفرەزەیەکی مەکتەبی عەسکەری یەکێتی هاتنە ناو شاری سلێمانی و" شەهید ئازادی مەلا" لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشا شەهید بوو، پێشمەرگەیەکیشیان کە " کاک بەکری عەبلی عەبان " بوو ، هێنایانە ماڵی ئێمە.
من ئەو شەوە لە ماڵی باپیرەم" بابە ئەحمەدم" خەوتبووم.
" شەهید عوسمان کاژاوی" لەسەر دیوارەکەوە هاتبووە حەوشەکەمان و دەرگای دەرەوەی کردبووە و ، لە دەرگای هۆڵەکەمانی دابوو ،
وتبوی :
کاک حاجی خۆمانیان لێمان قەوماوە ، دەرگامان لێبکەنەوە.
" کاک بەکر" یان بە دەمانچەیەکەوە جێهشت بوو، کە دەستی زۆر بریندار ببوو، تاقم و تفەنگەکەیان بردبوو.
ماڵەوە بۆیان تەداوی کردبوو، جلە خوێناویەکانیان سووتاندبوو لە تونی حەمامەکە.
چاکەت و بیجامەیەکیان کردبوە بەری و شەربەتی نادریان دابویە.
پاشان باوکم و خوشکێکم بردبوویان بۆ ماڵی " سەرگوڵ خانی" خوشکی لە کارێزی وەستا شەریف.
دایکیشم خوێنی حەوشەکەی شت بوو، خۆڵی بەر دەرگاشمانی بە گسک تێک دابوو، خوێنەکەی شاردبووە.
بەداخەوە ئەو شەوە تەرمی " کاک ئازاد محەمەد محەمەد ناسراو بە ئازادی مەلا" دوو کۆڵان سەرو ماڵی ئێمەوە بە جێمابوو.
شەو بە برینداری زۆر هاواری گەڕەکەی کرد بوو کە ئاوی بدەنێ.
"شەهید ئازادی مەلا" لە کادیرە پێشکەوتوەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و پاش ئازاد بوونی لە زیندانی بەعس ، چوبووە شاخ.
دوو شەوێک دوای ئەو شەوە، خێزانێکی گوندی " زێڕینجۆ" کە دۆستمان بوون شەو هاتبوون لەماڵی ئێمە خەوتن، و بۆ ئێوارەکەی " مولازم موحسین" و چەند قوە خاسەیەک خۆیان کرد بە ماڵی ئێمە.
ماڵی ئێمە لەسەر سوچی کۆڵان " ڕوکن" بوو، هەم ژوور و هەورەبانێکیشمان لە سەرەوە هەبوو.
قوەخاسەکان ووتیان " هاتووین بۆ تەفتیش" و لە خوارەوە نەوەستان و بە قادرمەکە سەرکەوتنە سەرەوە.
ئێمە هەر زۆر ترساین و لە دڵی خۆمان ووتمان:
ئیخباری کراوین بۆ ئەو شەوەی کە پێشمەرگەکان هاتونەتە ماڵی ئێمە، و برایەکیشمان لە دەرەوە پێشمەرگە بوو.
شەو قوەخاسەیەکیان داوای بەرماڵی کرد و ووتی:
سەید موحسین نوێژ دەکات.
لەگەڵ باوکم چووینە سەرەوە، مولازم موحسین لە ژوورەکە دانیشتبوو، قوە خاسەکانیش لەبەردەم ستارەکەدا بڵاو بوبوونەوە.
باوکم ووتی:
سەیدی نانتان بۆ دەهێنین.
مولازم موحسین ووتی:
سوپاس نانمان خواردوە، حاجی دەبینە ئەرک وعەزیەت بۆتان، ئیمشەو دەمێنینەوە و کەمینین لێرە بۆ ئاسایش و سەلامەتی خۆتانە دژی موخەڕیب.
چاو و میوەمان بۆ بردن.
مولام موحسین لە باوکمی پرسی:
ئیشت چیە؟
باوکم ووتی: وەکالەتی تایەم هەیە.
ئەو ووتی: بەیانی وەرە بۆ دائیرە تەئیدێکت بۆ دەکەم هەموو هاوکاریەکت بکەن.
باوکم ووتی: سوپاس و لەوێ هەموو شتێ بە قانوونە و فەرقی هیچ وەکیلێک ناکەن.
لە منی پرسی تۆ چ کارەیت؟
ووتم: سەیدی من تەلەبەی دارموعەلیمینم.
ئەو ووتی: بەیانی وەرە بۆلام و چیت دەوێ لە دارموعەمین هاوکاریت بکەن.
ووتم: سوپاس مامۆستاکانمان هەموویان باشن و کێشەمان نیە.
شەوێکی دوور و درێژ بوو ،میوانەکان لە خۆمان زیاتر دەترسان.
لە کازیوەی بەیانیدا ڕۆشتبوون.
لەژوورەکەی سەرەوە کە " مولازم موحسین" تیا خەوتبوو، کتێبخانەیەکمان هەبوو، کتێبێکی دەرهێنا بوو، نەیخستبوەوە شوێنی خۆی، ئەو کتێبە عەرەبی بوو بە ناوی" أسس الفلسفة الماركسية".
شێرزاد عەزیز
مالمۆ
وێنەکەی پشتەوە:
شەهید "ئازاد محەمەد محەمەد عەبدوڵا" ناسراوە بە " شەهید ئازادی مەلا" کە لە شەوی
1981.3.7 لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشا تا بەرەبەیان بە برینداری مابووەوە شەهید ببوو.
پۆلیسێکی کورد کە زۆری بەسەردا گریا بوو، تەرمەکەی بەڕێزەوە بردبوو بۆ مەیتخانە.
وێنەکەی تر: مولازم موحسینە
کە جەلادێکی دڕ و پیاوکوژ و بە دەسەڵاتی ئەمنی سلێمانی بوو، کە بۆ تۆقاندن و چاوشکاندنی گەنجی سلێمانی هێنابوویان
بهروار: 27/04/2026
446 جار خوێندراوهتهوه
|