یادی 128 ساڵەی یەکەمین ڕۆژنامەی " کوردستان "
یادی 128 ساڵەی یەکەمین ڕۆژنامەی  
" کوردستان "
قاهیرە 1898.4.22
 لە سەردەستی جووتە برا ، میقداد بەدرخان و عەبدولرەحمان بەدرخان ...لەچاپخانەی دار الهلال لە میسر ...بەهاوکاری دۆستی کوردان ، جۆرجی زێدان، کریستیانێک لەخەمی هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیەکی بێ شوناس ...
ئاخۆ کەی دەتوانین ژمارە نۆزدەی رۆژنامەی کوردستان بدۆزینەوە، کە تا ئەو چەند دێرە دەنووسین بزرە ...
با بەهەموو لایەک  لەسەردەمی سوسیال میدیادا، گەڕان و پشکنێکی وورد ئەنجامبدەین بۆ دۆزینەوەی ژماژە 19...
پیرۆزبێ لەهەموو رۆژنامەنووسانی هەقبێژ و ئەو کەسانەی دۆستایەتیی گەلی کوردستانیان قبوڵکردوە و یارمەتیانداوە ...

نووسەر و لێکۆڵیار شاسوار هەرشەمی ، سەبارەت بە 123 ساڵەی  دەرچواندنی رۆژنامەی کوردستان دەڵێ :
ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیی پیرۆز بێت

ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ز، واتا ١٢٣ ساڵ بەر لەمڕۆ، یەکەمین ڕۆژنامە، بە زمانی کوردیی بڵاوبووەوە. مەبەستم لە ڕۆژنامەی (کردستان)ە، کە لالەیەن هەردوو برا بەدرخانیەکان، واتا عەبدولڕەحمان و میقدادەوە، لە ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ز، لە شاری (قاهیرە)، کەوتە بەر دیدەی ژمارەیەکی زۆر کەم لەوانەی چاوەڕوانی دەرچوونیان دەکرد. ڕۆژنامەکە، لەبارودۆخێکی زۆر سەخت و ئاڵۆز بڵاوبووەوە.
ئەمە سەرەتایەکی زۆر تایبەتی ڕۆژنامەگەریی کوردیی بوو. یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیی، ڕۆژنامەیەکی بەرهەڵستکاریی و لە ئاوارەیی و لەژێر هەڕەشەوە بڵاوبکرێتەوە. ئەم شێوازەی دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردیی، دواتر بوو بە یەکێک لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی کاری ڕۆژنامەگەریی، لەو ١٢٣ ساڵەدا. تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، بە دەیان ڕۆژنامەی دی بەرهەڵستکاریی کوردیی، بەدزی و لە ئاوارەیی دەرچوون، یان دەردەچن.
زمانی کوردیی، زمانی گەلێکی بێ دەوڵەتە. بۆیەشە ئەم مێژووە ١٢٣ ساڵییەی تەمەنی ڕۆژنامەگەریی کوردیی، بۆخۆی واتایەکی گەورە دەگەیەنێت. ئەگەر بزانین کە بوونی (ڕۆژنامە) بۆخۆی، یەکێکە لە نیشانە دیارەکانی چوونە ناو دنیای شارستانیەتی هاوچەرخ. بێگومان بۆ ئێمە، واتا بەبێ بوونی دەوڵەت، لە دەرگای شارستانیەت دان بوو. ئەمەش بۆخۆی کارێکی پڕ لە کێشە بووە، بۆیە دەرکردنی ڕۆژنامە، لەو بارودۆخەی پێش ١٢٣ ساڵ، جەربەزەییەکی گەورە بوو.
پیرۆز بێت، ئەو یادە ناوازەیە. سەری ڕێزمان دادەنەوێنین بۆ بنەماڵەی بەدرخانیان، کە لە زۆر بواری دیشدا پێشەنگ بوون و ئەسپی خۆیان زوو تاودا.

بەراوردکردنێکی ساڵی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامە، بە چەند زمانێکی ناوچەکەمان:
یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی ئەرمەنیی، "ئەزدارار"، ١٧٩٤ز.
یەکەم ڕۆژنامەی میسری، بە زمانی عارەبی، "الوقائع المصریة"، ١٨٢٨ز.
یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی تورکیی، "تقویم وقایع"، ١٨٣١ز.
یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی فارسیی، "کاغذ اخبار"، ١٨٣٧ز.
یەکەم ڕۆژنامەی بەغدایی، بە زمانی عارەبیی، "الزوراء" ١٨٦٩ز.
یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی کوردیی، "کردستان"، ساڵی ١٨٩٨ز.
حەمید بەدرخان
به‌روار:  21/04/2026
21   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   64
کۆی سه‌ردان:   31314268