|
ئەوە کاکە بۆ معامەلەی ناکەیت ؟
سێ هەفتە پێش ئێستا لە بازاڕ بە ڕێکەوت چاوم کەوتە سەر مناڵێکی بچووک ، پارچە قوماشێکی ڕاخستبوو ، کەمێک کنگری لەسەربوو.
جوان پاککرابوو هەر بەدەوریا ئەهات و ڕێکوپێکی ئەکرد .
ووتم کوڕی قۆز چۆنی .
ووتی مامە گیان بەخێربێیت .
ووتم بەچەنە کیلۆی ؟
ووتی سێ هەزار .
ووتم دوو کیلۆم بەرێ هەناسەکەم .
دەستی برد عەلاگەیەکی هێنا ، بڕوا بکەن وەک گوڵ گەشایەوە ، هەموو دەمووچاوی پڕبووبوو لە شکور و سوپاس، پڕبوو لە هیوا ، ئەمبینی بەچاوی خۆم ، خەندەیەکی جوان لەسەر لێوەکانی بوو بەڵام ئەیشاردەوە ، ئەیویست واخۆی دەرخا کە پیاوە و "موسەیتەرە" و خۆشحاڵ نییە بە معامەلەکە .
داماوە دەستوپلی ئەهات بەیەکدا نەیەزانی چۆن عەلاگەکە پڕکات ، منیش دەستێکم دایە عەلەگەکەو لاکەی دیکەیم گرت و یارمەتیم دا .
لەوکاتەیا دوو پیاو هاتن ووتیا ئەوە بەچەنە
مناڵەکە دیاربوو تازەکار بوو هێندە سەرقاڵبوو بە عەلاگەکەوە ، نەیەتوانی تەرکیزی خۆی بخاتە سەر موشتەرییە تازەکان ، بۆیە من جوابم دانەوە
ووتم ، برام ئەڵێ بە سێ هەزارە .
ووتییی بۆچی چییە بۆچی سێ هەزار ؟؟؟
بەدوو هەزار باشە .
دانەیەکیان ووتی " دوان وە پێنج عەیبی نییە .
مناڵەکە لەوکاتەیا عەلاگەکەی پڕکردوو یەک کەلیمەش جوابی نەبوو.
ووتی خاڵۆ گیان ئەچم لەو دووکانە ئەیکێشم بۆت. ووتم بڕۆ گوڵەکەم .
لەوکاتەیا بەهەلم زانی ،
بە دووپیاوەکەم ووت :-
وەڵا برا من یەک مەعامەلەیشم نەکرد ؟؟؟
ووتی دەی بۆ مەعامەلە ناکەیت ؟ خۆ مەعامەلە سونەتە.
ووتم خاڵۆ گیان مەعامەلەی دوو سێ هەزار بۆچی بکەم ؟
حەزەکەم ئەو مناڵە زیاتری دەسکەوێت ؟ دڵی خۆشتربێ ، من ئەمە بەخێر ئەزانم .
دڵنیام ئەو مناڵە پێی ووتراوە بە ۳ هەزرا بیفرۆشە، هەرکەس هات یەکەم قسە پێی بڵێ ۳ هەزار ، ئەشتوانی بە دوو نیو بیفرۆشیت .
ئێستا ئەم سێ هەزارە بە دەسکەوت ئەزانێ.
......... ......... ........ ....... ........
ئەزانن سونەتەکان شوێنی خۆیان هەیە ، فەرزیش کاتی خۆی هەیە ، هەندێ کات فەرزەکان ئەبن بەحەرام . بۆ نموونە :-
ڕۆژووگرتن لەیەکەم ڕۆژی جەژن حەرامە، نوێژ بەبێ دەستبوێژ ناکرێت ....زۆرشتی تریش.
زۆرجار ئەچیتە هەفتەبازاڕێک یان مۆڵێک ،سوور ئەزانی خەڵەتاویت لە نرخا ، بەڵام چوونکە هی کابرایەکی دەوڵەمەندە نقەمان لێنایە ، تەنانەت دووسەدوپەنجای تەبعیش مەعامەلە ناکەیت .
چەندجار دەهەزارییمان بۆ دووسەدووپەنجا ووردکردۆتەوە ، لەهەفتەبازاڕ و مۆڵەکان ؟؟؟
بەڵام کە هەژارێک ئەبینی هەموو سەر عەرەبانەکەی بایی ۲٥ هەزار نابێت ، هیچ مانای نییە بکەوینە ڕیکەڕیکی دووهەزار .
هەستەکەم معامەلە لەوکاتەیا حەرامبێت ،ئەگەر خۆت گیرفانت هەڵیبگرێت.
بڕوام وایە ئەگەر نییەتت خوابێت ، نیەتت کارئاسانی و دڵخۆشی بێت بۆ بەرامبەرەکەت ، ئەوپارە کەمە ئەبێتە بەرەکەتی ماڵت .
دکتۆر هێمن مەجید
بهروار: 18/04/2026
44 جار خوێندراوهتهوه
|