یەکەمجار کە باوکی خۆم بینی 😪

هێشتا بیرمە کە یەکەم جار بینیم!

ڕەنگە سەیربێت بەلاتانەوە کەسێک بڵێت بیرمە یەکەم جار باوکمم بینی، بەڵام من بیرمە. باوکم پێشمەرگە بوو، بێگومان چەندین جار منی بینی بوو بەڵام من  بیرم نییە. ئەوەندەم بیرە دایکم لە ترسی جاسوسەکانی حکومەتی بەعس لە کەرکوکەوە هەڵاتبوو بۆ  سلێمانی و لەوێ لە ماڵی خزمێکمان نیشتەجێبوو. تەمەنم زۆر منداڵ بوو بەڵام دەمزانی نابێت بەکەس بڵێم باوکم پێشمەرگەیە. لای منداڵانی گەڕەک دەمانگوت باوکمان نییە، بەڵام ئەو کاتە نەمدەزانی ئازاری باوک نەبوون چۆنە. 

لە پاش شاڵاوی ئەنفال لە مانگی پێنجی ساڵی 1988  ( تەمەنم 6 ساڵ بوو) ڕوومان کردە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە گوندی ناشکۆڵان بووین لە ماڵی یەکێک لە هاوسەنگەرەکانی باوکم لەگەڵ منداڵەکان یاریمان دەکرد ئێستاش بیرمە ماڵەکە لە بەرزاییەک بوو  پیاوێکی تا بڵێی سەرنج ڕاکێش و ڕووخۆش بە هەورازێکدا سەردەکەوت و بەرەو ڕوومان هات، یەکێک لە منداڵەکان هاواری کرد " هێرۆ ئەوە باوکتە هات" منیش هەستێکی زۆر سەیرم لا دروست بوو بڕاوم نەکرد ڕامکردە ژوورەوە و بە دایکم گوت پیاوێک وا دێت بۆ ئێرە و ئەو مناڵانە دەڵێن باوکتە. 

هێشتا لەگەڵ دایکم قسەم دەکرد باوکم هاتە ژوورەوەو باوەشی پیا کردم. ئیتر لەو ڕۆژەوە من بووم بە کچی باوکم. بە منداڵی بۆ هەموو شتێک چاوم لە باوکم دەکرد تەنانەت ئەو خواردنانەی کە باوکم حەزی لێ بوو منیش ئەوانەم دەخوارد، باوکم حەزی بە چ ڕەنگێک بوو منیش حەزم بەو ڕەنگە بوو تەنانەت هەمیشە پێم دەگوترا لە باوکت دەچیت، زۆرم پێ خۆشبوو. 

کە گەورەش بووم هەموو ڕووداوە گرنگە سیاسییەکانم لا خۆش بوو چونکە لەگەڵ باوکم مناقەشەم دەکرد. زۆر جار لەگەڵ گۆرانی برام دەبوینە بەرەیەک و مشتومڕمان لەسەر بۆچوونە سیاسییەکانی لەگەڵدا دەکرد، هەندێک جار وەڵامی ناداینەوە تا ئێمە هەست بکەین بردوومانەتەوە، جاری واش هەبوو سەری بادەدا و  بە بزیەکەوە دەیگوت " قسەکانی خۆم بە خۆم دەفرۆشنەوە." 

 هەر کاتێک خوشک و براکانم بیانویستایە شتێک بە باوکم بڵێن هەمیشە من ئەو کەسە دەبووم پێی بڵێم.
  باوکم قسەی منی نەدەشکاند بۆیە دواجاریش کاتێک لە هەشتی مانگی 10 ی ڕابردووش  باری تەندروستی تێک چوو ئامادە نەبوو بڕوات بۆ نەخۆشخانە ئەو کاتەش زۆرم لێکرد وتم باوکە هەستە خۆم لەگەڵت دێم، نەمزانی ئیتر ناگەڕێتەوە ماڵەوە.
باوکم ڕۆشت دوا کۆچی خۆی کرد بەڵام بەشێکی منیشی لەگەڵ خۆیدا برد.

 ئیتر هیچ شتێک بۆ من مانای نەما، نە ڕووداوە گرنگە سیاسییەکان، نە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، نە سەرکەوتنەکانم و تەنانەت خودی ژیانیش. 
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێ و خزمانە بکەم کە هاوبەشی خەمەکانمان بوون چ ئەوانەی بەشداربوون  لە پرسەکەی لێرە لە واشنتن یان لە کەرکوک و چ ئەوانەش کە بە تەلەفۆن و نامە ئێمەیان بەسەرکردەوە. هیوادارم هەرگیز ناخۆشیتان نەبینین.
هێرۆ نوری  زەنگەنە
بێژەری دەنگی کوردی ئەمریکا
به‌روار:  15/04/2026
41   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   20
کۆی سه‌ردان:   31302520